ئیتر ئاوارەكان ناچارنین 300 هەزار دینار بدەن

نەینەوا/ 28ی حوزەیرانی 2020/ كردنەوەی رێگای سحێلا كە دهۆك بە قەزای شنگال دەگەیەنێت. دوای چوار مانگ لە داخستنی فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

دوای زیاتر لە چوار مانگ لە داخستنی، رێگای سحێلا كە دهۆك بە شنگال دەگەیەنێت كرایەوە، بەوەش ئاوارەكان ناچارنین 300 هەزار دینار بدەن لە پێناو گەیشتنەوە بە زێدی خۆیان.

ئەو رێگایە لە شوباتی ئەمساڵ بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داخرا، بەهۆیەوە ئاوارەكان دەبوو نزیكەی پێنج كاتژمێر رێگه‌ ببڕن تا ماڵەكانیان لە كەمپەكانی دهۆكەوە بۆ شنگالی زێدی خۆیان دەگواستەوە. بەوەش لانیكەم 300 هەزار دیناری تێدەچوو.

خودێدا چۆکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان و دوای زیاتر لە چوار مانگ، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی حوزەیران، رێگای سحێلا كرایەوە".

هەموو رۆژێك لە كاتژمێر هەشتی بەیانی بۆ چواری ئێوارە رێگاكە كراوە دەبێت، ئەوەش هەر بەپێی بڕیارەكە.

"هەنگاوی یەکەم لە کردنەوەی رێگاكە تایبەت دەبێت بە هاتوچۆی ئەو خێزانانەی ئاوارەی هەرێمی كوردستانن و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان"، چۆكی وایوت.

awara (1)
شنگال، حوزه‌یرانی 2020، گه‌یشتنی خێزانێك به‌ ناحیه‌ی گرعوزێر خۆیان دوای شه‌ش ساڵ له‌ ئاواره‌یی فۆتۆ: تایبه‌ت بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه‌

 

جەختیشیكردەوە "چونکە ئاوارەکان پێش کردنەوەی ئەم رێگایە بە رێگای موسڵ - تەلەعفەردا هاتوچۆیان دەكرد، كە نزیكەی پینج كاتژمێر بوو، خەرجی هەر خێزانێکی ئاوارە کە دەگەڕایەوە لانیكەم 300 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بەڕێگای سحێلا تەنیا 100 هەزار دیناری تێدەچێت".

كردنەوەی رێگاكە هاوكات بوو لەگەڵ خواستی زۆری ئاوارەكانی شنگال بۆ جێهێشتنی كەمپەكان بەشێوەی یەكجاریی.

خودێدا چۆكی وتی "تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا زیاتر لە 700 خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەدڵنیاییەوە لەم رۆژانەدا ژمارەکە بۆ دوو ئەوەندە زیاتر دەبێت".

له‌ هه‌رێمی كوردستان، هێشتا زیاتر له‌ 787 هه‌زار ئاواره‌ هه‌ن كه‌ زۆرینه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌یه‌ و سه‌دا 30یان له‌ ئێزیدی پێكهاتون، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ شوباتی 2020.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT