ئه‌حلام هه‌وڵی زۆر ده‌دات دایكی پهشیمانبكاتهوه، به‌ڵام بڕیارێكه و له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئه‌ویشدایه؛ بۆیه هاوسه‌رگیری ده‌كات و خوێندنگە بەجێدەهێڵێت.
پاساوی خێزانه‌كه‌ی ئه‌حلام بۆ به‌شودانی له ته‌مه‌نێكی كه‌مدا؛ خراپی بژێوییه و ده‌یانه‌وێت كه‌سێك له ماڵه‌كه كه‌مبێته‌وه، چونكه باوكی نه‌خۆشی كوشنده‌ی هه‌یه؛ ساڵانێكه له‌سه‌ر جێ كه‌وتووه و چاره‌سه‌ره‌كانی پارەی زۆری ده‌وێت.
"پارەی زۆرمان ده‌ویست بۆ هاوسه‌ره‌كه‌م، منیش هیچ كارێكم نه‌بوو، بۆیه كاتێك ناسیاوێكمان هاته داوای كچه گه‌وره‌کەم بە ناچاری قایل بوم" فاتمه مه‌حمود (52 ساڵ)، دایكی ئه‌حلام له‌سه‌ر هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ی كچه‌كه‌ی وای وت.
كچه گه‌وره‌كه‌ی فاتمه ئه‌وكاته‌ی هاوسه‌رگیری ده‌كات، ته‌مه‌نی ته‌نیا 14 ساڵه، هێشتا له خوێندنگه‌یه و هه‌ندێكجاریش له‌گه‌ڵ مێرمنداڵهكانی تری هاوڕێیدا له كۆڵان یاری ده‌كات.
زۆر نا‌ئومێد بوو، ده‌یوت هاوڕێکانم هێشتا ده‌خوێنن به‌ڵام من هاوسه‌رگیری ده‌كه‌م
"زۆر نا‌ئومێد بوو، ده‌یوت هاوڕێکانم هێشتا ده‌خوێنن به‌ڵام من هاوسه‌رگیری ده‌كه‌م، ئیتر چۆن بچمه‌وه خوێندنگه" فاتمه به گریانه‌وه بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌ی ده‌كرد، چونكه پێیوایه به‌شێك له‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌سه‌ر كچه‌كه‌یدا هاتووه لە ئەستۆی ئەوە.
له‌و خێزانه‌ی نیشته‌جێی خانه‌قین؛ كچ و كوڕێكی دیكه‌ش هه‌بون كه له ئه‌حلام بچوكتر بون و به‌رده‌وامبون له خوێندن، دوای ئه‌وه‌ی خوشكه گه‌وره‌كه‌یان "له پێناوی بژێوی خانه‌واده‌كه‌ی قوربانیدا"دا و له‌وێیه‌وه ژیانی سه‌ختتر بوو.
ئامارێكی ورد و فه‌رمی له‌سه‌ر رێژه‌ی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته له عیراق نییه، به‌ڵام به‌وته‌ی چالاكوان و رێكخراوه ناحكومییه‌كان له هه‌ڵكشاندایه، به‌هۆی بارودۆخی ناله‌باری وڵاته‌كه له چه‌ند ساڵی رابردودا له نێویاندا لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی.
ئاری ئه‌حمه‌د، پارێزه‌ری راوێژكار له دادگای كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته له ناوەندی شار، ناحیه و گونده‌كانیشدا به‌رده‌وامه، به‌شێكیشیان به‌هۆی خۆشه‌ویستی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری، خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه‌می ئاستی هۆشیاری و زاڵبونی ئایینه‌وه‌یه".
ئه‌و پارێزه‌ره چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ی له بەر ده‌ستدا بووه، له ته‌مه‌نی 14 و 15 ساڵان، كه دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له یه‌كتری جیابونه‌ته‌وه.
"ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه، ناتوانن هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن.. دوای جیابونه‌وه منداڵه‌كانیان سه‌رگه‌ردان ده‌بن، دوو خێزان له یهكدهترازێن" ئاری ده‌ڵێت به‌شێكیان له ده‌ره‌وه‌ی دادگا ماره ده‌كرێن، له‌رێی مامۆستای ئایینییه‌وه، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی تری به‌رده‌م دادگایە.
به‌پێی حوكمه‌كانی یاسای باری شارستانیی عیراق، هه‌ركه‌سێك گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری لە ده‌ره‌وه‌ی دادگادا بکات به ماوه‌یه‌ك سزاده‌درێت له شه‌ش مانگ كه‌متر و له ساڵێك زیاتر نه‌بێت، یان به غه‌رامه‌یه‌ك له (450 هه‌زار دیناری ئێستای عیراقی) كه‌متر و له (مليۆنێك و 500 هه‌زار دیناری ئێستای عیراقی) زیاتر نه‌بێت، هه‌ر كه‌سێكیش هه‌مان كار بكات بۆ هاوسه‌رگیری دووه‌م، ئه‌وا به زیندانی سزاده‌درێت کە له سێ ساڵ كه‌متر و له پێنج ساڵ زیاتر نه‌بێت.
فاتمه مه‌حمود؛ به ده‌ستی خۆی كچه‌كه‌ی خسته نێو ئاگری نه‌هامه‌تییه‌وه، كاتێك به زۆری هاوسه‌رگیری پێكرد، چونكه به‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌وه نه‌یده‌توانی له‌گه‌ڵ خێزانێكی تردا هه‌ڵبكات.
"ئه‌حلام-ی كچم له‌ماڵی خه‌زوری ده‌ژیا، ماڵه‌كه ببووە دۆزه‌خ، هاوسه‌ره‌كه‌ی دڵی پیس بوو، خه‌رجی پێنه‌ده‌دا، خۆمان خه‌رجیمان پێده‌دا تا پێداویستییه‌كانی دابینبكات، ده‌مانوت با ئابڕومان له‌ناو خه‌ڵكدا نه‌چێت".
فاتمه له ئاست مه‌ینه‌تیه‌كانی ژیانی كچه‌كه‌یدا دهستهوهستانە، "وایلێهات هاوسه‌ره‌كه‌ی له ماڵه‌وه زیندانی كرد، ده‌رگای له‌سه‌ر داخست، بۆ ده‌ره‌وه عه‌بای پێده‌كرد، جگه له ره‌فتاری توندوتیژانه و لێدان و قسه‌ی نه‌شیاو، بۆیه سوێندم خواردووه كچه‌كه‌ی ترم تا نه‌گاته ته‌مه‌نی گونجاو رێگه‌ناده‌م هاوسه‌رگیری بكات" فاتمه وای وت.
هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه
به‌پێی یاسای باری شارستانی ژماره 188ی ساڵی 1959ی هه‌مواركراو لە عیراق، له بڕگه‌ی 1ی مادده‌ی 7دا مه‌رجه كچ 18 ساڵی ته‌واو كردبێت بۆ هاوسه‌رگیری، به‌ڵام له بڕگه‌ی 1 و 2ی مادده‌ی 8ی هه‌مان یاسادا هاتووه؛ له‌كاتی هاوسه‌رگیرییدا 15 ساڵی ته‌مه‌نی پڕكردبێته‌وه ئه‌وا دادوه‌ر ده‌توانێت رێگه‌ی پێبدات ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت له‌روی جه‌سته‌ییه‌وه شیاوه، ئه‌وه‌ش دوای ره‌زامه‌ندی به‌خێوكه‌ر، لهبارێكدا به‌خێوكه‌ر ره‌زامه‌ندی نیشان نه‌دات، دادوه‌ر واده‌یه‌كی بۆ داده‌نێت و گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا هۆكارێكی بڕاوپێهێنهری نه‌بوو بۆ رێگری، ئه‌وا ره‌زامه‌ندییه‌كه‌ی دادوه‌ر بۆ هاوسه‌رگیرییه‌كه كاری پێده‌كرێت.
له بڕگه‌ی دوه‌می مادده‌ی 8ی یاساكه‌دا، باس له‌وه‌كراوه هه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نی 15 ساڵی ته‌واو كردبێت، ئه‌گه‌ر پێویستی زۆر هه‌بێت بۆ هاوسهرگیریییهكهی، ئه‌وا ره‌زامه‌ندی پێده‌درێت له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه به مه‌رجی ئه‌وه‌ی باڵغ بێت و له‌رووی جه‌سته‌ییه‌وه شیاو بێت.
ناسر شه‌مۆ (16 ساڵ)، دانیشتوی قه‌زای شنگال، له‌گه‌ڵ كچێكی بچوكتر له‌خۆی ژیانی هاوسه‌رێتی پێكهێناوه، كه ته‌مه‌نی 15 ساڵه.
"پێش هاوسه‌رگیری خۆشه‌ویستی له نێوانماندا هه‌بوو، بۆیه بڕیارماندا تا كۆتایی پێكهوهبین، له كاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا و رێكاره‌كانی كۆرۆنادا، له‌مساڵدا ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریمان گێڕا".
ناسر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێموایه ئاساییه كچ و كوڕ له‌و ته‌مه‌نه‌دا هاوسه‌گیری بكه‌ن، چونكه سه‌ركه‌وتن و خۆشبه‌ختی په‌یوه‌ندی به ته‌مه‌نه‌وه نییه، به‌ڵكو لێكتێگه‌یشتن و خوشه‌ویستییه".
به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری فیدراڵی له عیراق، رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته له 2014وه به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه ده‌ڕوات، زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كانی جیابونه‌وه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی دادگادا دەکرێن.
موراد نه‌مر، چالاكوانی مه‌ده‌نی له شنگال ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده‌ی زانیاری‌یان كۆكردۆته‌وه هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته له هه‌ڵكشاندایه، به‌شێكیان ته‌مه‌نی راسته‌قینه‌یان ده‌شارنه‌وه یان هاوسه‌رگیرییه‌كه به نهێنی ده‌هێڵنه‌وه.
به‌وته‌ی موراد بۆ (كه‌ركوك ناو)؛ هۆكاره‌كانی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته زۆرن، له نێویاندا "خۆشه‌ویستی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری، چاولێكه‌ری، خۆده‌رخستن و ئه‌وانه‌ی باوكیان به شویان ناده‌ن و ره‌دو ده‌كه‌ون".
ساڵانه له جیهاندا، ده‌وروبه‌ری 12 ملیۆن كچ له خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه هاوسه‌رگیری دەکەن، به‌پێی ئاماره‌كانی یونیسێف.
"سێ كچم هه‌یه، له گوزه‌رانێكی خراپداین، له خانوی كرێدا نیشته‌جێین و هاوسه‌ره‌كه‌م نه‌خۆشی سه‌ر جێگه‌یه، بۆیه ناچاربوم كچه‌كه‌م بده‌م به شوو تا كه‌مێک له بارگرانیمان كه‌مبكه‌مه‌وه" سوعاد عه‌بدوڵا وای وت.
كچه‌كه‌ی سوعاد، له ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا، له ده‌ره‌وه‌ی دادگا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خزمێكی خۆیدا پێكراوه.
"كاتێك ته‌مه‌نی گه‌یشته 15 ساڵ چوینه مه‌حكه‌مه و مارهكردنهكهمان سه‌لماند".
هاوسه‌رگیری كچه‌كه‌م ژانێكه و له دڵم ده‌رناچێت، وه‌ك ئاگر به غه‌می كچه‌كه‌مه‌وه ده‌سوتێم
سوعاد له كه‌ركوك نیشته‌جێیه و له جاران زیاتر غه‌مباره، "هاوسه‌رگیریی كچه‌كه‌م چه‌ند هێنده‌ی نه‌هامه‌تی، هه‌ژاری و خراپی ئابوریمان سەختتر بوو، ژانێكه و له دڵم ده‌رناچێت، وه‌ك ئاگر به غه‌می كچه‌كه‌مه‌وه ده‌سوتێم".
ئه‌و ئێستا په‌شیمانه، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت دوای چی، كاتێك كچه‌كه‌ی وازی له خوێندن هێناوه و له ماڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی "رۆژ نییه روبه‌ڕوی لێدان و قسه‌ی نه‌شیاو نه‌بێته‌وه".
جگه له هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته؛ به زۆر به‌شودان، گه‌وره به بچوك، ژن به‌ژن و فره‌ژنی له چه‌ندین ناوچه‌ی عیراقدا هه‌ن.
سرود ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌لی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "منداڵ بەشودان روو لەهەڵكشانە، بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردودا؛ كچانی قۆناغه‌كانی حه‌وت، هه‌شت و نۆی بنه‌ڕه‌تی هاوسه‌رگیرییان پێكراوه، هه‌یانه له‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌دا دوگیان بووه، تیایاندایه له پۆلی 10ـیه و دوو منداڵی هه‌یه".
رێكخراوی ئه‌مه‌ل چه‌ندین چالاكی و سیمیناری هۆشیارییان ده‌رباره‌ی زیانه‌كانی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته و سزا یاساییه‌كانی هه‌بووه.
سرود وتی "ئەو دیاردانە بون به كلتور .. لێكه‌وته‌كانیشی كوشتن، سوتان، هه‌ڵاتن له ماڵ و دابڕانه له خوێندن" ئه‌وه‌ش به وته‌ی ناوبراو هۆكاره‌كانی هه‌ژاری، ئایین، نه‌بونی سه‌روه‌ری یاسا، كاریگه‌ری خراپی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نزمی ئاستی هۆشیارییه.
لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ل؛ نه‌ك ئومێدی زۆری به نه‌مانی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته نییه، به‌ڵكو هۆشداری دا ئه‌گه‌ر زوو رێگه‌ی لێنه‌گیرێت ئه‌وا چاوه‌ڕێی وێرانه‌یی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی یونیسێف؛ ئه‌و كچانه‌ی به‌ر له 18 ساڵی هاوسه‌رگیرییان پێده‌كرێت، زیاتر له هه‌ر كه‌سێكی تر روبه‌ڕوی توندوتیژی، هه‌ڕه‌شه و كێشه‌ی ته‌ندروستی ده‌بنه‌وه.
ئه‌حلام، كچه‌كه‌ی فاتمه مه‌حمود له خانه‌قین، نمونه‌یه‌كه له‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌وه توشی چه‌ندین كێشه‌ی خێزانی بوون، دوای ساڵێك نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بمێنێته‌وه و گه‌ڕایه‌وه ماڵی باوكی.
"ئه‌حلام گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه و له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیابۆوه؛ منداڵی نییه، له‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌ژی، هێشتا له شۆكی ژیانه نالهبارهكهیدایه."
"ئێمه هیچ خێرێكمان له‌و هاوسه‌رگیرییه نه‌بینی، باوكیشی دوای چه‌ند مانگێك به شێرپه‌نجه گیانی له‌ده‌ستدا" فاتمه وای وت.
ئەوەی ماوەتەوە لە هاوسەرگیریە بەر لەوادەکەی ئەحلام، ته‌نیا زیادکردنی غه‌مێكی ترە بۆ خێزانهكە.
*عه‌مار عه‌زیز، به‌شداری له ئاماده‌كردنی ئه‌م به‌دواداچونه‌دا كردووه
- ناوی کەسایەتییەکانی ناو ئه‌م راپۆرته خوازراون