10 لێپرسراوی باڵای كەركوك توشی كۆرۆنا بون

كەركوك/ حوزەیرانی 2020/ كۆبونەوەیەكی شانەی قەیران بۆ چۆنیەتی بڕیاریدان لەپێناو بڵاونەبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد – كەركوك

10 لێپرسراوی باڵای كەركوك كە زۆرینەیان لە بواری ئەمنیدا كاردەكەن توشی كۆرۆنا بون و یەكێكیشیان گیانیلەدەستداوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) تەنیا لە مانگی حوزەیران و تەمموزدا 10 لێپرسراوی باڵای كەركوك توشی كۆرۆنا بون، بەشێكیان لە ئێستادا چارەسەر وەردەگرن و بەشێكی تریان ڤایرۆسەكەیان تێپەڕاندووە.

(كەركوك ناو) زانیارییەكانی لە هەریەكە فەرمانگەی تەندروستیی و بەشێك لە لێپرسراوانی كەركوكەوە وەرگرتووە، تیایدا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، هەریەكە لە لیوا عەلی کەمال، فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، عەمید ئەفراسیاو کامل وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیس، رائید عەمار بەرپرسی نوسینگەی لیوا عەلی کەمال، عەقید مازن غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک، جوان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکوک، عەمید رزگار تەپەلویی، بەڕێوەبەری پۆلیسی توندوتیژی خێزانی توشبون.

هەروەها رائید ئاشتی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی لەیلان، عەمید فاخر دعه‌یه‌ر عه‌لی، فەرماندەی فرقەی سێی پۆلیسی ئیتحادی لە حەویجە، جەمال شکور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵگری ڤایرۆسەكەن، ئەوەش بەپێی پشكنینەكان.

ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی یەكشەممەی رابردوو 5ی تەمموز، عەقید معمەر عوبەیدی، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رەشاد، دوای توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیلەدەستدا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە كە حاڵەتەكانی توشبوان لەناو هێزە ئەمنییەكان زۆرە، بەهۆی بونی دەوامی بەردەوام و مانەوەیان لەسەر شەقام و بازاڕەكان لەپێناو چەسپاندنی بڕیارەكانی شانەی قەیرانی كەركوك بۆ رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە كۆتایی مانگی شوباتەوە یەكەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكەركوك تۆماركراو لەوكاتەوە هەزارو 661 حاڵەت هەبووە، كە 87 كەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە و 666 كەسی تر بە تەواوی چاكبونەتەوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT