خوێندكارانی 12ی ئاماده‌یی له شنگال و ده‌وروبه‌ری نه‌ینه‌وا، له‌سه‌ر خه‌رجی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌چنه دهۆك و تا كۆتایی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری له‌وێ ده‌مێننه‌وه، كه پێشتر بڕیاربوو خۆیان تێچوی خواردن و شوێنی مانه‌وه دابینبكه‌ن.
له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا، ژماره‌یه‌ك له خوێندكارانی 12ی ئاماده‌یی خوێندنگه كوردییه‌كانی شنگال، له‌رێی (كه‌ركوك ناو)وه ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی دژی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، كاتێك رەزامەندی نیشاننەدا بە رەوانەكردنی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەی به‌كالۆری بۆ قه‌زاكه.
ناڕه‌زایی خوێندكاران له كاتێكدابوو، ناچاربون بچنه دهۆك و تا كۆتایی تاقیكردنه‌وه‌كانیش خواردن و شوێنی مانه‌وه له‌سه‌ر تێچوی خۆیان بێت.
ئیبراهیم سه‌عید، خوێندكاری 12ی ئاماده‌یی له ناحیه‌ی سنونێی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان ئاگاداركراوینه‌ته‌وه و حكومه‌تی هه‌رێم تێچوی هاتوچۆ و مانه‌وه‌مان دابینده‌كات، بۆیه ئێمه هیچ بڕه پاره‌یه‌ك ناده‌ین".
پاره‌ی هاتوچۆ و مانه‌وه له دهۆك تا كۆتایی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌سه‌ر هه‌ر خوێندكارێك نزیكه‌ی 400 هه‌زار دینار ده‌كه‌وت.
حكومه‌ت ته‌واوی خه‌رجیی خوێندكارانی 12ی ئاماده‌یی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت
مه‌یسه‌ر حەجی ساڵح، به‌ڕێوەبه‌ری په‌روه‌ردەی شنگال – لە دهۆك دەوامدەكەن- به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای هه‌وڵ و ماندوبونێكی زۆر له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی هه‌رێمی كوردستان به سوپاسه‌وه سه‌رۆكوه‌زیران هه‌ریه‌ك له وه‌زیری په‌روه‌رده و پارێزگاری دهۆكی راسپارد ته‌واوی خه‌رجیی خوێندكارانی 12ی ئاماده‌یی له ئه‌ستۆ بگرن كه له شنگال و ده‌وروبه‌ری نه‌ینه‌واوه بۆ تاقیكردنه‌وه ده‌چنه دهۆك".
ته‌نیا له شنگال نزیكه‌ی 400 خوێندكاری 12ی ئاماده‌یی هه‌ن و بۆ تاقیكردنه‌وه ده‌چنه دهۆك.
خوێندكاره‌كه‌ی نیشته‌جێی سنونێ وتی "چه‌ند هۆتێلێك له دهۆك دابینكراوه و تا كۆتایی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌وێ ده‌مێنینه‌وه، له‌وه‌شدا سوپاسی میدیاكان ده‌كه‌ین ده‌نگی ئێمه‌یان گه‌یاند، چونكه پێشتر دودڵ بوم بۆ تاقیكردنه‌وه بچمه دهۆك له‌به‌ر خه‌رجی هاتوچۆ و مانه‌وه"، ئیبراهیم وای وت.
په‌روه‌رده به پاساوی ترسی ئاشكراكردن و كردنەوەی پرسیارەكان ئاماده‌نین تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری له شنگال و ده‌وروبه‌ری نه‌ینه‌وا به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
پێشتر دودڵ بوم بچمه دهۆك بۆ تاقیكردنه‌وه به‌هۆی خه‌رجی هاتوچۆ و مانه‌وه
به‌ڕێوەبه‌ری په‌روه‌ردەی شنگال وتی "حكومه‌ت خه‌رجییه‌كانی وه‌ك رێكاره ته‌ندروستییه‌كان، گواستنه‌وه، خواردن و شوێنی مانه‌وه بۆ خوێندكاران دابینده‌كات".
مه‌یسه‌ر حەجی ساڵح رونیكرده‌وه كه قۆناغی یه‌كه‌می خوێندكاران، كه 180 كچه خوێندكار بون ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 7ی تهمموز گواستراونه‌ته‌وه بۆ دهۆك و رۆژانی تر خوێندكاره‌كانی تر ره‌وانه ده‌كرێن، ئه‌و هه‌نگاوه و هاوكارییه‌كه‌ی حكومه‌تیشی به هانده‌رێكی باش زانی بۆ لایه‌نی ده‌رونی خوێندكار و به‌شدارییان له تاقیكردنه‌وه‌كاندا.
له شنگال و ناوچه‌كانی تری ده‌وروبه‌ری نه‌ینه‌واوه، 560 خوێندكاری 12ی ئاماده‌یی خوێندنی كوردی به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری ده‌كه‌ن، كه بڕیاره 11ی تهمموز ده‌ستپێبكات.