تا بڵێی خه‌رجییه‌كی كه‌مت له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت؛ ته‌نیا كه‌سێك وێنه ده‌گرێت، ئه‌ویش به مۆبایل نه‌ك كامێرایه‌كی ڤیدیۆیی پێشكه‌وتوو، له بری تیپی میوزیك و گۆرانیبێژ (دی جه‌ی) داده‌نێیت، ئاژاوه ناكه‌وێته ئاههنگهكهتهوه و كه‌سیش بۆی نییه ته‌قه‌ی خۆشی بكات.
ئه‌و مه‌رجانه له ئه‌ستۆی هه‌ر كه‌سێكدایه بیه‌وێت له گوندی بریج-ی باشوری پارێزگای كه‌ركوك هاوسه‌رگیری بكات.
كه‌سایه‌تی و پیاوماقوڵانی گونده‌كه، دوای چه‌ندجارێك دانیشتن و گفتوگۆی قه‌یرانه‌كانی ئێستا به‌تایبه‌ت له‌روی داراییه‌وه؛ له ته‌مموزی 2020دا رێككه‌وتن له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك وه‌ك كارئاسانی بۆ هاوسه‌رگیری كوڕان و كچانی گه‌نج.
خراپی باری دارایی رێگربووه له به‌رده‌م هاوسه‌رگیری گه‌نجه‌كانماندا
"دوو ساڵه هه‌وڵی چاره‌سه‌رێك ده‌ده‌ین بۆ سه‌ختی باری دارایی كه وایكردووه گه‌نجه‌كانمان نه‌توانن هاوسه‌رگیری بكه‌ن، تا گه‌یشتین به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی ده‌توانرێت بێ خه‌رجییه‌كی زۆریش ئه‌و پرۆسه‌یه سه‌ركه‌وتوبێت" به‌وته‌ی شێخ ئهبوساڵح حه‌ماده زیاب حهنتۆ بۆ (كه‌ركوك ناو).
شێخ به نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی قسه‌یكرد و وتی "گرنگترین خاڵی بڕیاره‌كه‌مان كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و ماره‌ییه بۆ دوو ملیۆن دینار، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش مه‌جالی تیا‌بوو، ئه‌گه‌رنا كه‌مترمان ده‌كرده‌وه".
له مه‌رجه جێگیركراوه‌كانی هاوسه‌رگیری له گوندی بریج، دوو ملیۆن دینار ماره‌یی یان خه‌رجی، وێنه‌گرتنی هاوسه‌رگیری ته‌نیا له‌لایه‌ن یه‌ك كه‌سی خانه‌واده‌ی زاوا، هه‌ركه‌سێكی تر وێنه بگرێت به بڕی 500 هه‌زار دینار سزاده‌درێت.
ئاهه‌نگی شه‌كراو و شیرینی به‌هیچ جۆرێك نامێنێت، تیپی میوزیك و گۆرانیبێژ ناهێنن به‌ڵكو (دی جه‌ی) داده‌نێن، ئارایشتگا نییه و له ماڵه‌وه بوك ده‌ڕازێنرێته‌وه، هه‌ر كه‌سێك ته‌قه‌ی خۆشی بكات به غه‌رامه‌ی 250 هه‌زار دینار سزاده‌درێت.
"هیوادارین گوندەكانی دیكەش چاو لە ئێمە بكەن تا گەنجانمان بتوانن ژیانی هاوبه‌ش پێكبهێنن" شێخ ئهبوساڵح وای وت.
نوێنه‌ری پیاوماقوڵانی گوندی بریج ده‌ڵێت له‌دوای دانانی ئه‌و یاسا تایبه‌تانه‌وه چوار گه‌نج ئاماده‌ن بۆ هاوسه‌رگیری، چاوه‌ڕوانن بگاته شه‌ش كه‌س، تا یه‌ك ئاهه‌نگی به كۆمه‌ڵیان بۆ بكه‌ن.
گوندی بریج له ناوچه‌ی فه‌تحه‌ی ناحیه‌ی عه‌باسییه له باشوری كه‌ركوك و 400 خێزانی تیادا نیشته‌جێیه كه نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌سن، بژێوی سه‌ره‌كییان له‌سه‌ر كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه.
سرود ئەحمەد، لێپرسراوی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌لی عیراقی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و گونده‌مان زۆر پێباشه، چونكه هاوسه‌رگیری، ژیانی هاوبه‌شی دوو كه‌سه و ناكرێت یه‌كێكیان باری ئه‌ویتر گرانتر بكات".
ئه‌و چه‌ند مه‌رجێكی له‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه‌دا به‌لاوه گرنگه، "ئافرەتەكە ژیانێكی شایستەی هەبێت، خۆی بتوانێت بڕیار لەسەر داهاتوو و كاروباری ناوماڵی بدات، نەك لەلایەن دایك و باوكی هەردولاوه دەستتێوەردان لە ژیانیاندا بكرێت".
سرود به‌پێویستی ده‌زانێت پیاوان رێزی ئه‌و خه‌رجییه كه‌مه بگرن له هاوسه‌رگیرییه‌كه‌دا ده‌یكات، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، "وابزانێت مادام پاره‌یه‌كی كه‌م خه‌رجده‌كات ئیتر ده‌توانێت زیاد له جارێك هاوسه‌رگیری بكات و چه‌ند ژنێك ماره‌بكات".
عیراق چه‌ند ساڵێكه له بارودۆخێكی دژواری دارایی و ئه‌منیدایه، به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی وڵاته له‌گه‌ڵ شه‌ڕی چه‌ندین ساڵه‌ی گروپه چه‌كدارییه‌كان له نێویاندا داعش.
ئه‌و قه‌یرانانه‌ی له عیراقدا هه‌ن، به چه‌ند مانگی رابردوی ڤایرۆسی كۆرۆناشه‌وه، بۆته هۆی له‌ده‌ستدانی هه‌لیكار و خراپی گوزه‌رانی خه‌ڵك و سستی بازاڕ.
بڕی ماره‌یی مافی ئافره‌ته بێ فشاری بڕیاری له‌سه‌ر بدات
مەلا ساماڵ جەبار بازیانی، لێپرسراوی بۆنە و یادەكان لە وەقفی سونی كەركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زۆرێك له مه‌رج و رێساكانی ئه‌و گونده باشن، وه‌ك نه‌مانی خه‌رجی ئاهه‌نگ و ئارایشتگه و خه‌نه‌به‌ندان، به‌ڵام بۆ ماره‌یی، ئه‌وه مافی ئافره‌ته خۆی بڕیاری له‌باره‌وه بدات، ناكرێت فشاری له‌سه‌ر بێت به‌و دوو ملیۆن دیناره قایل بێت".
ئه‌و ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ دیاریكردنی بڕی ماره‌ییدا نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه به‌و بڕه پاره‌یه قایل بێت ئه‌وا كێشه نییه، به‌ڵام بێ هیچ فشارێك.
گوندی بریج، دوای دانانی رێسا نوێیه‌كانی هاوسه‌رگیری، چاوه‌ڕێن زۆرترین كوڕ و كچی گه‌نج ژیانی هاوبه‌ش پێكبهێنن، تا له بارودۆخی خراپی داراییشدا به‌رده‌وامی به ژیان بده‌ن.