ئیداره‌ی خۆجێیی گرعوزێر، به‌كاتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بێ كاره‌بایی ده‌كات له‌رێی دانانی ژماره‌یه‌ك مۆلیده‌ی بچوكه‌وه، ئه‌وه‌ش دوای ناڕه‌زایی خه‌ڵكی ناحیه‌كه و ئه‌و خێزانانه‌ی له ئاواره‌یی ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
هه‌فته‌ی رابردوو ژماره‌یه‌ك له هاوڵاتیانی ناحیه‌ی گرعوزێر (قه‌حتانییه) له شنگال، له‌رێی (كه‌ركوك ناو)ـه‌وه داوای به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی حكومه‌ت و رێكخراوه مرۆییه‌كانیان كرد به‌هۆی بێ كاره‌باییه‌وه، تا بتوانن بمێننه‌وه و جارێكی‌تر ئاواره نه‌بنه‌وه.
ته‌واوی هێڵه‌كانی كاره‌با له ناحیه‌ی گرعوزێر وێران بون به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه، بۆیه ته‌نیا چه‌ند مۆلیده‌یه‌ك دانرابون و هاوڵاتیان ده‌یانتوانی بۆ گڵۆپ و شه‌حنكردنی مۆبایل به‌كاریبهێنن، نه‌ك ئامێره كاره‌باییه‌كانی وه‌ك سه‌لاجه و مۆبه‌ریده و ته‌له‌فزیۆن.
جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن له‌نێوشیاندا ماڵپه‌ڕی (كه‌ركوك ناو) باسمان له‌كێشه‌ی كاره‌با كرد و داوامانكرد هاوكاریمان بكرێت، به‌سوپاسه‌وه یه‌به‌شه به‌ده‌ممانه‌وه هاتن و 10 مۆلیده‌یان پێداین".
یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، له چه‌كداری ئێزیدی پێكهاتون و له دوای هێرشه‌كانی داعش و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌وه، له چه‌ند شوێنێكی قه‌زاكه‌دا جێگیربون.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال به ناحیه‌كانیه‌وه، له نێویاندا گرعوزێر، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و دوای هێرشی داعش ئاواره‌بون، هه‌رچه‌نده ناوچه‌كانیان چه‌ند ساڵێكه كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه خه‌ڵكێكی كه‌م گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
غانم قاسم، كه دوو هه‌فته‌یه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گرعوزێر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه مۆلیده‌ی بۆ داناوین و هه‌ر مۆلیده‌یه‌ك بۆ 10 خێزانه، به‌وه‌ش گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێمه كه كاره‌با بوو تاراده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ده‌بێت، لانیكه‌م له‌م گه‌رمایه‌دا ده‌توانین كار به سه‌لاجه بكه‌ین و ئاوی سارد هه‌بێت بۆ خواردنه‌وه".
ئه‌و هاوڵاتییه داواكاره چاره‌سه‌ری یه‌كجاری كێشه‌كه بكرێت، ئه‌وه‌ش به چاككردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌بای نیشتمانی، چونكه تادێت ئاواره‌ی زیاتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ئه‌وكات مۆلیده پێداویستییه‌كانیان پڕناكاته‌وه.
ناحیه‌ی گرعوزێر له سێ كۆمه‌ڵگا پێكهاتووه؛ سیبا شێخ خدر، گرزه‌رك و ره‌مبوسیێ، زیاتر له 15 گوندیش له خۆده‌گرێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه رونیكرده‌وه ئه‌و 10 مۆلیده‌یه‌ی پێیاندراوه، هه‌ریه‌كێكیان توانای پێدانی 40 ئه‌مپێر كاره‌بای هه‌یه، له‌رێی لیژنه‌یه‌كیشه‌وه دابه‌شیانكردووه تا هه‌ر ماڵه‌ی چوار ئه‌مپێر كاره‌بای پێبدرێت.
"پێشتر كاره‌با ته‌نیا بۆ گڵۆپ و شه‌حنی مۆبایل بوو، ئێستا ده‌توانن ئیش به موبه‌ریده و سه‌لاجه‌ش بكه‌ن" به‌وته‌ی جه‌لال خه‌ڵه‌ف، هێزه‌كانی یه‌به‌شه ئاماده‌ییشیان نیشانداوه تا چاككردنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی هاوكارییان بكه‌ن.
هه‌روه‌ها وتی هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامی ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كجاری كاره‌با و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر.
جگه له كاره‌با، زۆربه‌ی كه‌رته‌كانی تری خزمه‌تگوزاری له گرعوزێر وێران بون، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد تا ته‌مموزی 2019 هیچ خێزانێكی ئاواره بۆ ناحیه‌كه نه‌گه‌ڕێته‌وه.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی گرعوزێر ئێزیدین؛ ئه‌و پێكهاته‌یه زۆرترین زیانی ماڵی و گیانییان به‌ركه‌وت له هێرشه‌كانی داعش، جگه له "كۆمه‌ڵكوژی" و بێسه‌روشوێنبونی هه‌زاران كه‌س له نێویاندا ژن و منداڵ، زیاتر له 300 هه‌زار ئێزیدی ئاواره‌بون.
قه‌زای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە تشرینی دووەمی 2015وه كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه.