سه‌ركه‌وت تاهیر پێیباشترە به‌رهه‌می شوتی و ته‌ماته‌ی ئه‌مساڵی وشكبێت، نه‌ك بیباته بازاڕی عه‌لوه‌ی كه‌ركوك، چونكه ئه‌و پاره‌یه‌ی پێیدەدەن قەرەبوی خه‌رجی و كرێی هاتوچۆكه‌ی نییه.
باخەکەی سه‌ركه‌وت تاهیر ده‌كه‌وێته ده‌شتی ساڵه‌یی له كه‌ركوك، نزیكه‌ی 70 دۆنم شوتی و 46 دۆنم ته‌ماته‌ی خه‌ریكه به ته‌واوی دێنه به‌رهه‌م.
"رۆژانه ده‌چمه عه‌لوه و هه‌ندێك جار ناچارم به‌رهه‌مه‌كانم به كه‌مترین نرخ له بازاڕدا ساغبكهمهوه" سه‌ركه‌وت بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
نرخی هه‌ر كیلۆیه‌ك شوتی تا وادەی پێگەیشتنی 300 دینار له‌سه‌ر ئه‌و جوتیاره ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له عه‌لوه كیلۆی ته‌نیا 150 دینار دەکات.
ته‌ماته هه‌ر به خۆڕایی دەبەخشم
"ته‌ماته هه‌ر به خۆڕایی دەبەخشم، ئەگەر ته‌نیا پاره‌ی هاتوچۆ و نانخواردنهكهم بۆ بگه‌ڕێننه‌وه".
ئه‌و ده‌ڵێت "به‌هۆی ساغنه‌بونه‌وه‌ی بهرههمهكانمانهوه خه‌ریكی وشككردنی شوتی و ته‌ماته‌ی زهوییهكهمم، به‌شێكی زۆریشیم به هه‌ژاران داوه، چونكه كه نه‌توانم بیفرۆشم، ئیتر مه‌سروفی تیا نه‌كه‌م باشه".
روی ره‌خنه‌كانی سه‌ركه‌وت له حكومه‌ته، چونكه نه‌یتوانیووه پشتگیری به‌رهه‌می ناوخۆیی بكات، نمونه‌ی ئه‌وه ده‌هێنێته‌وه، له زستاندا نرخی كیلۆیه‌ك ته‌ماته‌ی هاورده‌ی ئێرانی ده‌گاته 750 دینار به‌ڵام تەماتەی ئه‌وان نیوه‌ی ئەوەیە.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له بازاڕی عه‌لوه‌ی كه‌ركوك، به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی وەک شوتی، ته‌ماته، خه‌یار، باینجان، بیبه‌ر و كاڵه‌كی دێمی هه‌ر كیلۆیه‌كی به 150 تا 200 دینار له جوتیار ده‌كڕن.
"له به‌ره‌به‌یانه‌وه، ده‌چمه عه‌لوه و تا نیوه‌ڕۆ ده‌مێنمه‌وه تا به‌رهه‌مه‌كانم به نرخێكی گونجاو بفرۆشم، به‌ڵام دواجار به زه‌ره‌ر ده‌یفرۆشم و هیچ قازانجێك ناكه‌م" كامه‌ران جه‌واد وای وت.
كامه‌ران جوتیاره له گوندی بیبانیی ناحیه‌ی پردێ له كه‌ركوك، له‌مساڵدا نزیكه‌ی 100 دۆنمی كردووه به ته‌ماته و خه‌یار و باینجان.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاخر كیلۆیه‌ك خه‌یار بده‌م به 125 دینار!؟ به‌خوا پاره‌ی گازی ئۆتۆمبێل و نانخواردنهكهم دهرناكاتهوه، ئیتر دڵی چیم به كشتوكاڵ خۆشبێت".
كامه‌ران جه‌واد ناڕازییه و ده‌ڵێت لانیكه‌م ئه‌گه‌ر وه‌ك خه‌ڵكانی تر ناكرێنه موچه‌خۆر، ئه‌وا ده‌روازه‌كان دابخه‌ن تا به‌رهه‌می هاورده نه‌مێنێت و به‌رهه‌می ناوخۆیی ساغبكرێته‌وه.
ده‌بێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی ده‌روازه‌كان به‌روی به‌رهه‌می هاورده‌دا دابخرێن
له كه‌ركوك ملیۆنێك دۆنم كراوه به به‌رهه‌می هاوینه له نێویاندا شوتی، خه‌یار، ته‌ماته و باینجان، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵ بۆ (كه‌ركوك ناو).
ئه‌حلام فه‌خره‌دین، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به فه‌رمانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، له وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆییدا ده‌روازه‌كان به‌روی به‌رهه‌می هاورده‌دا دادەخرێن، بۆ ئه‌وه‌ش نوسراومان ئاڕاسته‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك كردووه تا رێگری له هاورده‌ی به‌رهه‌می هاوینه بكرێت، هه‌وڵدراوه رێگری بكرێت به‌ڵام هێشتا بنهبڕنهكراوه".
پارێزگای كەركوك زەوییەكی بە پیتی کشتوكاڵی بەتایبەت بۆ دانەوێڵە هەیە، تا پێش هێرشی داعش له 2014دا، به‌رهه‌می هه‌نارده‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی عیراق ده‌كرد.
دیلان غه‌فور، ئه‌ندامی لیژنه‌ی بازرگانی و پیشه‌سازی له په‌رله‌مانی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "حكومەت پلانی داناوە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆییدا دەروازە سنورییەكان دابخات، تا به‌رهه‌می ناوخۆیی ساغبكرێنه‌وه و جگە لە نەوت پشت بە پیشەسازی و داهاتی كشتوكاڵ ببەستێت".
له نمونەی هاوكارییه‌كانی حكومه‌ت بۆ جوتیاران، به‌وته‌ی دیلان وه‌ك بڕیاری لێدراوه، پێدانی ئامێر و پێداویستی كشتوكاڵییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته پلانی ورد هه‌بێت بۆ كێشه‌ی ساغنه‌بونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كه‌ركوك نمونه‌ی وه‌رگرتنی دانه‌وێڵه‌ی گه‌نم و جۆ ده‌هێنێته‌وه، كه حكومه‌تی عیراق پاره‌ی زیاتری پێده‌دات، "له جیهاندا ته‌نێك گه‌نم به 300 هه‌زار وه‌رده‌گیرێت به‌ڵام له عیراق ته‌نێك به 500 هه‌زار سایلۆكان وه‌ریده‌گرن"، پێیوایه پێویسته هاوكاری هاوشێوه بۆ به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی دیكه‌ش هه‌بێت.
بێ بازاڕی به‌رهه‌می جوتیارانی كه‌ركوك، له‌كاتێكدایه به زه‌حمه‌تی و بارگرانییه‌كی زۆر ده‌توانن بچنه سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا له نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، كه هێشتا له نێوان زۆربه‌ی پارێزگاكاندا رێگه به داخراوی ماوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش هۆكارێكه بۆ قه‌تیس مانه‌وه‌ی به‌رهه‌می هاوینه له‌ناو كه‌ركوك خۆیدا.