فەرماندەكانی پێشمەرگە لە سنوری قەزای كفری، گومانیان لە هەندێك جموجۆڵی هێزەكانی سوپای عیراق هەیە كە چوار رۆژە سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنێكن بۆ نەهێشتنی مەترسی گروپە چەكدارییەكان لە ناوچەكانی جێناكۆك و جەخت لە وەڵامدانەوەیان دەكەنەوە ئەگەر بەرە و سنورەكانی پێشمەرگە پێشڕەوی بكەن.
هێزە ئەمنییەكانی سوپای عیراق لە بەرەبەیانی 11ی تەمموزەوە، ئۆپەراسیۆنی "پاڵهوانانی عیراق"یان لە چەند ناوچەیەكی جێناكۆك دەستپێكردوە و لەو چوارچێوەیەشدا لە سنوری قەزای كفری لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە نزیكبونەتەوە، ئەوەش گومان و نیگەرانی لای پێشمەرگە دروستكردووە.
عوسمان حەسەن قادر، فەرماندەى لیواى 136ى هێزى پێشمەرگە لە گەرمیان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەى چەند رۆژێكە هێزەکانى عیراق هاتونەتە ناوچەكە و خێمەیان هەڵداوە، بە حساب بۆ نەهێشتنی مەترسییەكانی داعشە، بەڵام لەهەمانکاتدا راستناکەن بۆ لەناوبردنى داعش نەهاتون، بەڵكو لە نزیك هێزەكانی شێمە دابەشبون و لە پێشڕەویدا زیادەڕۆییان كردووە بەرەو سنوری خاكی هەرێمی كوردستان".
"ئێمە لە ناوچەكەیەن و رێگەمان نەداون پێشڕەوی بكەن... ئەگەر راستبکەن بۆ لەناوبردنى داعش هاتون ئەوا ئێمە ئامادەین هاوكاریشیان بكەین، بەڵام ئەوان نیازیان خراپە و دەیانەوێت داگیركاریی بكەن"، عوسمان وایوت.
ئێمە لە ناوچەكەیەن و رێگەمان نەداون پێشڕەوی بكەن
ئەوەش لەكاتێكدایە سوپای عیراق هیچ ئاماژەیەكی نەداوە بۆ پێشڕەوی هێزەكانیان بۆ نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە، تەنانەت لە چەند رۆژی رابردوی ئۆپەراسیۆنەكەدا، دژهتیرۆری یهكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش لهو ئۆپهراسیۆنهدا بەشداری هەبوو لە سنوری قەزای خانەقین.
عوسمان حەسەن قادر، وتی "سەرەتا كە هاتن وتیان چەند رۆژێك لێرە دەبین و سێشەممە 14ی تەمووز دوا رۆژمان دەبێت، ئێمەش چاوەڕێین بزانین ئەمڕۆ چۆڵی دەكەن یان نا".
بۆ ئەو مەبەستە فەرماندەكانی پێشمەرگە سەروی خۆیان ئاگاداركردۆتەوە و جەختدەكەنەوە لەوەی ئەگەر "ئەمڕۆ ناوچەكە جێنەهێڵن و پێشڕەوی بكەن وەڵاممان دەبێت"، عوسمان حەسەن وایوت.
ئەو ناوچەیەی كە هێزەكانی سوپای عیراق لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیكبونەتەوە، سەر بە قەزای كفرییە كە ناوچەیەكی جێناكۆكە بەپێی دەستوری عیراق و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئەو پێشهاتە نوێیە لەكاتێكدایە لە هەفتەی رابردوەوە هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و پێشمەرگە لە گفتوگۆ و دانوستاندان بۆ پێكهێنانی ژورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە ناوچەكانی جێناكۆك.
عوسمان حەسەن قادر، فەرماندەى لیواى 136ى هێزى پێشمەرگە لە گەرمیان جەختیكردەوە "هەفتەیەکە داوامان لێدەکەن سەربازگەیەکی هاوبەش دروستبكەین، بەڵام ئێمە هێشتا رەزامەندیمان نیشاننەداوە، چونکە ئەو شوێنەی ئەوان بۆ بازگەكە داوای دەكەن، سنوری هێزەكانی پێشمەرگەیە".
ئەو ئۆپەراسیۆنە كە پێشتر لە پارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین و چەند پارێزگایەكی تریش بەڕێوەچووە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراقە.
ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە ئامانج لێی پاككردنەوەی 17 ههزار و 685 كیلۆمهتر دوجایه له مهترسی گروپە چەكدارییەكان، ئەوەش بهپێی بهیاننامهیهكی فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكانی عیراق.