دژه‌تیرۆری یه‌كێتی به‌شدارن
له‌دوه‌م رۆژی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی خانه‌قین چه‌ند گوندێك پاكده‌كرێنه‌وه‌

دیاله‌، ته‌موزی 2020، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان له‌ خانه‌قین فۆتۆ: راگه‌یاندنی لیوای 1ی حه‌شدی شه‌عبی

ئه‌میر خانه‌قینی – دیاله‌

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دژه‌تیرۆری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ دووه‌م رۆژی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازییدا هه‌وڵی نه‌هێشتنی مه‌ترسی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان ده‌ده‌ن، له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری قه‌زای خانه‌قین.

ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌ ناوی "پاڵه‌وانانی عیراق"، به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه‌ 11ی ته‌مموز ده‌ستیپێكرد و ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، بڕیاره‌ چه‌ندین ناوچه‌ی تری قه‌زای خانه‌قین له‌ پارێزگای دیاله‌ پاكبكه‌نه‌وه‌.

مەجید موسەوی، فەرماندەی فەوجی یەک لە لیوای 110ی حه‌شدی شه‌عبی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "روبه‌رێكی فراوان پاككراونه‌ته‌وه‌ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌مه‌ش توانای داعش زۆر لاواز ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا، چونكه‌ زۆربه‌ی حه‌شارگه‌كانیان خاپور كراون".

107432999_647359159199166_6324842029492363673_n
خانه‌قین، ته‌مموزی 2020، ته‌رمی چه‌كدارێكی داعش له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی حه‌شدی شه‌عبی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

له‌ یه‌كه‌م رۆژی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، سێ داعش كوژراون، 19 مۆڵگه‌ خاپور كراون، ده‌یان بۆمب ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا گیراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی.

موسه‌وی ده‌ڵێت له‌ سه‌ره‌تای دوه‌م رۆژدا ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر زۆربه‌ی پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ و خۆحه‌شاردانی داعش له‌ خۆراك و هۆكاره‌كانی هاتوچۆی وه‌ك ماتۆڕسكیل، له‌گه‌ڵ كه‌ره‌سته‌ی دروستكردنی بۆمب.

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌ له‌ ناوچه‌كانی نه‌فتخانه‌ له‌ باشوری خانه‌قین، باكور و باكوری خۆرئاوای خانه‌قین، باكوری جه‌له‌ولا و باشوری قه‌ره‌ته‌په‌ تا روباری حه‌مرین له‌ سنوری سه‌عدییه‌.

به‌شداری دژه‌تیرۆری یه‌كێتی له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا دوابه‌دوای دانوستانه‌كانی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا هه‌ردولا لایه‌نی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری عیراقه‌ بۆ پێكهێنانی ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك.

hez la xanaqi
دیاله‌، ته‌مموزی 2020، چه‌ندین هێزی جیاوازی عیراقی له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا به‌شدارن فۆتۆ: وه‌زاره‌تی به‌رگری

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی خانه‌قین به‌ ئامانجی پاككردنه‌وه‌ی 17 هه‌زار و 685 كیلۆمه‌تر دوجایه‌ له‌ مه‌ترسی.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ی توندوتیژی له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی خانه‌قین تۆماركراون، له‌ نێویاندا چه‌ندین هێرشی چه‌كداری بۆ گوندنشینان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و برینداربون، جگه‌له‌وه‌ی زیانی زۆری ماددییان لێكه‌ۆته‌وه‌.

مورته‌زا عه‌بدی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی لیوای یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت ته‌نیا له‌ نه‌فتخانه‌ توانیوانه‌ 15 بۆمبی چێنراو پوچه‌ڵبكه‌نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خاپوركردنی پێنج مۆڵگه‌ی داعش، ئه‌وه‌ش له‌كاتی پشكنینی 25 گوند و پاككردنه‌وه‌ی روبه‌ری 110كم له‌ مه‌ترسی چه‌كداره‌كان.

kazmi-4
دیاله‌، ته‌مموزی 2020، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق بۆ سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌ خانه‌قین بوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیران

هه‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، بۆمبێكی چێنراو به‌ كاروانێكی حه‌شدی شه‌عبیدا ته‌قییه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ سێ چه‌كداریان گیانیانله‌ده‌ستدا و چواری تر برینداربون.

له‌ گوندی ته‌ل مه‌نجل بۆمبێكی تر ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و پێنج چه‌كداری حه‌شد برینداربون.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی بۆمبێكیش به‌ دژه‌تیرۆری عیراقیدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا دوو چه‌كدار برینداربون، زیان به‌ر ئۆتۆمبێلێكیش كه‌وت.

ئۆپه‌راسیۆنی "پاڵه‌وانانی عیراق" كه‌ ئێستا له‌ پارێزگای دیاله‌یه‌، پێشتر له‌ كه‌ركوك و چه‌ندین ناوچه‌ی تردا هه‌بووه‌ به‌ ئامانجی راوه‌دونانی پاشماوه‌كانی داعش.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT