هێزە بەشداربوەكانی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانانی عیراق"، جەختدەكەنەوە لەوەی ئۆپەراسیۆنەكەیان کاریگەری "گرنگی" دەبێت لەسەر لاوازبونی داعش و کەمکردنەوەی کردەوە توندوتیژییەكان.
ئەو ئۆپەراسیۆنە لە سنوری قەزای خانەقین، دوای چوار رۆژ لە دەستپێكردنی لەژێر چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەمموز كۆتایی هات و تیایدا سێ چەكدار كە هێزە ئەمنییەكان بە "داعش" ناویان دەبەن كوژران و دەیان مۆڵگە و حەشارگەی گروپە چەكدارەكان لەناوبران.
ئەبو مستەفا عەمبەگی، فەرماندەی فەوجی دوو لە سوپای عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ناوچەکانی باکور و خۆرئاوای خانەقین بەتایبەت لە چەمی روباری سیروان و ئەڵوەن نزیکەی سێ تیرۆریستی داعش کوژران، هەروەها نزیکەی 13 حەشارگەی داعش دۆزرانەوە و لەناومان بردن، لەگەڵ تەقاندنەوەی پێنج بۆمبی چێنراو".
سوپای عیراق، حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بەشێك بون لەو هێزانەی بەشداربون لەو ئۆپەراسیۆنە.
ئەبو مستەفا جەختیكردەوە "روبەرێکی فراوانمان لەو ناوچانە پاككردەوە كە داعش جموجۆڵی تیایدا دەكرد بەتایبەت لە سنوری خانەقین، ئەو ئۆپەراسیۆنە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر لاوازکردنی جموجۆڵی داعش و كەمكردنەوەی كردەوە توندوتیژییەكان، چونکە داعش لە نێو چەم و دارستانەکانی چەمی ئەڵوەن و سیروان جموجۆڵی هەبوو لە دیوی خانەقین و لە دیوی ناوچەی شێخ باوە و گوندی ئیسڵاح لە باکوری جەلەولا".
ئەو ئۆپەراسیۆنە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر لاوازکردنی جموجۆڵی داعش و كەمكردنەوەی كردەوە توندوتیژییەكان
له سهرهتای ئهمساڵهوه ژمارهیهك كردهوهی توندوتیژی له ناوچه جیاوازهكانی خانهقین تۆماركراون، له نێویاندا چهندین هێرشی چهكداری بۆ گوندنشینان كه بههۆیهوه ژمارهیهك هاوڵاتی گیانیانلهدهستداوه و برینداربون، جگهلهوهی زیانی زۆری ماددییان لێكهۆتهوه.
ئەبو حەیدەر نەجار، لێپرسراوی ئۆپەراسیۆنەکانی لیوای یەكی حەشدی شەعبی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو سنورەی بۆ ئێمە دیاریکرابوو ناوچەکانی نەفتخانە و ئیمام وەیس بوو، بەسەركەوتویی كۆتاییمان پێهێنا و لەو ئۆپەراسیۆنە نۆ بۆمبی چێنراو پۆچەڵكرانەوە و لەگەڵ تەقاندنەوەی چوار حەشارگەی داعش".
لەو ناوچانەی هێڵی تەماسە لەگەڵ پێشمەرگە، دژە تیرۆری یەكێتی بەشدارییان پێكرا، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەیەك لە هێزەكانی سوپای عیراق، بۆ (كەركوك ناو) وتی "لە هەموو ئۆپەراسیۆنەكەدا سێ چەكداری داعش كوژران و تەواوی ئەو ناوچانەی بۆ ئۆپەراسیۆنەكەدا دیاریكرابوو پاككردانەوە".