پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان رێككەوتن لەسەر دروستكردنی 10 سەنگەر، لەو ناوچانەی گروپە چەكدارییەكان لە نێوان هەردوو قەزای كفری و دوزخورماتوودا جموجۆڵیان هەیە.
ئەو بڕیارە دوای كۆبونەوەیەكیان هات كە سێشەممە 15ی تەمموز لە قەرەتەپە بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای تەواوبونی ئۆپەراسیۆنێكی هێزە عیراقییەكان لە ناوچەكە بۆ نەهێشتنی مەترسی گروپە چەكدارییەكان.
عوسمان حەسەن قادر، فەرماندە لە لیوای 136ی گەرمیان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆبونەوەكە لەسەر داوای هێزە عیراقییەكان بوو، رێككەوتین لەسەر لێدانی 10 سەنگەر، لە ناوچەی قۆڕی چای و كارێز، لە نێوان هەردوو قەزای كفری و دوزخورماتوو... ئەم ناوچەیە لە چەند ساڵی رابردودا گروپە چەكدارییەكان تیایدا جموجۆڵیان هەبوو".
بەپێی رێككەوتنەكە، ئەو 10 سەنگەرە بەسەر هەردوو هێزەكەدا بە یەكسانی دابەشدەكرێت و شوێنەكانیان جیاواز دەبێت. بەڵام هێشتا میكانیزمەكانی چۆنیەتی كاركردن بۆ نەهێشتنی مەترسی گروپە چەكدارییەكان رون نییە.
قۆڕی چای و كارێز لە نێوان سێ بۆ شەش كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای كفرییەوە دورن و دەكەونە نێوان سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە و هێزی عیراقییەكان. ئەو ناوچانە جێناكۆكن بەپێی دەستوری عیراق.
ئەو رێككەوتنە دوای ئەوە هات كە پێشمەرگە ناڕازی بوو لە مانەوەی هێزە عیراقییەكان لە نزیك كفری كە بەهۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكەوە جێگیربون.
عوسمان حەسەن قادر، كە خۆی لە كۆبونەوەكەی سێشەممە بەشداربوو، وتی "هەر لە كۆبونەوەكە بڕیاردرا ئەو هێزەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكەوە هاتون بكشێنەوە و هەر ئەوكات كشانەوە و دەستكرا بە دروستكردنی سەنگەرەكان".
وتیشی "دەمانەوێت ناوچەكە و جوتیاران بپارێزین و ئەوە ئەركی هەردوو هێزەكە دەبێت".
ئەو ناوچانە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كە بەهۆیەوە پێشمەرگە لە زۆربەی ناوچەكانی جێناكۆك كشایەوە، بووە شوێنی جموجۆڵی گروپە چەكدارییەكان.
هێزەكانی پێشمەرگە لە كۆبونەوەكەدا داوایانكرد تا نزیك قەرەتەپە لە باشوری كفری سەنگەر لێبدەن و بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە، بەڵام هێزە عیراقییەكان وتویانە ئەو داوایە دەگەیەنینە سەروی خۆمان.