دۆسییەكەی محەمەد جەباری
سێ پۆلیس بە بڕیاری لیژنەكەی بەغدا دەستبەسەركران

محەمەد كەریم جەباری فۆتۆ: سۆران محەمەد

كەركوك ناو

سێ پۆلیس لەسەر دۆسییەكەی مامۆستا محەمەد جەباری دەستبەسەركران، ئەوەش بە بڕیاری لیژنەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق.

ئەو لیژنەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمموز لە بەغداوە گەیشتە كەركوك و لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد, ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك بۆ (كەركوك ناو).

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "لەسەر فەرمانی عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق لیژنەیەکی باڵای لێكۆڵینەوە كە پێكهاتون لە ژمارەیەك ئەفسەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە كەركوك، سەرەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کرد و ئیتر دەستیان بە لێكۆڵینەوەكانیان كرد".

بەپێی بڕیاری لیژنەكە، سێ پۆلیسی بنكەی قۆرییە دەستبەسەركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

سەرچاوەكە وتی "ئەو سێ پۆلیسە کاریان گواستنەوەی مامۆستا محەمەد کەریم جەباری بوو بۆ بنکەی پۆلیسی قۆریە و پاشان گەڕاندنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی گشتی كەركوك و كەلەپچەكردنیان بە قەرەوێڵەی هاوژینەكەیەوە".

ئەو سێ پۆلیسەی دەستبەسەركراون مامۆستا محەمەد جەبارییان بە قەرەوێڵەی هاوژینەكەیەوە كەلەپچە كردبوو

لیوا عەلی موتەشر، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "لیژنەیەک لە وەزارەتی ناخۆی عیراق هاتونەتە کەرکوک و لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکەن، لیژنەکە بەوردی کار لەسەر کەیسی ئەو مامۆستایە دەکەن و لە داهاتودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان رونتر دەبێتەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک، بەجیا دەستی بە لیکۆڵینەوە کردووە و هەریەک لە لیوا عەلی کەمال، فەرماندەی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک و عەمید غالیب سەرپەرشتی لیژنەکەی پۆلیسی کەرکوک دەکەن.

لە 13ی تەمموز، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی مامۆستا محه‌مه‌د كه‌ریم جه‌باری له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبۆوە، كە تیایدا ده‌ستی به‌ كه‌له‌پچه‌ به‌ستراوه‌ به‌ قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ته‌رمی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر دانراوە.

هاوسه‌ری ئه‌و مامۆستایه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ 13ی ته‌مموز له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانیله‌ده‌ستدا.

ئه‌و مامۆستایه‌ له‌سه‌ر دابینكردنی ئۆكسجین بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌دا بۆته‌ ده‌مه‌قاڵی و له‌وكاته‌دا ئامێرێكی پزیشكی تایبه‌ت به‌ هه‌ناسه‌دانی شكاندووە، "بەهۆیەوە ئیدارەی نەخۆشخانە پۆلیسان ئاگاداركردەوە و بە قەرەوێڵەی ژنەكەمەوە كەلەپچەیان كردم"، بەپێی وتەی مامۆستا محەمەد جەباری بۆ (كەركوك ناو).

محەمەد جەباری لەسەر روداوەكە وتی كە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك نەهاتون بەدەم هاوژینەكەیەوە، لەكاتێكدا پێویستی بە ئۆكسجین بووە و هەر بەو هۆیەوە هاوژینەكەی مردووە.

"من نەخۆشخانە بە بكوژی ژنەكەم دەزانم، ئەو بە بەرچاوی خۆمەوە كە نەمدەتوانی هیچی بۆ بكەم گیانلەدەستدا، چونكە كەلەپچەكرابوم".

روداوەكە ناڕەزایی مامۆستایان و ژمارەیەك لە خەڵكی كەركوكی بەدواداهات و بەهۆیەوە زیاد لە خۆپیشاندانێك لەو پارێزگایە بەڕێوەچووە.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ناڕەزایی خۆی لە مامەڵەی دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك لەگەڵ ئەو مامۆستایە دەربڕیی و جەختیكردەوە لەوەی سەرۆكی حكومەت ئەركی پێبژاردنی ئامێرە شكاوە پزیشكییەكەی نەخۆشخانەی لە ئەستۆ گرتووە.

مامۆستا محەمەد جەباری، لە بەشی خوێندنی كوردی لە كەركوك وانە دەڵێتەوە و سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراقە.

فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، تائێستا سێ رونكردنەوەی لەسەر روداوەكە داوە و لە دواین لێدوانیدا بەڕێوەبەری تەندروستی بەوەكالەت بە (كەركوك ناو)ی وت "بە بینینی ڤیدیۆكەی محەمەد جەباری زۆر ئازارم چەشت و هەموو كەمتەرخەمەكان سزادەدەین... بەڵگەی تەواویش لەسەر دۆسییەكە هەیە و لێكۆڵینەوەكان ئاشكرادەكەین".

 

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT