رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ: 200 هەزار ئێزیدی هێشتا لە كەمپەكان دەژین

نەینەوا/ حوزەیرانی 2020/ ساتی گەڕانەوەی خێزانێكی ئاوارەی ئێزیدی لە پارێزگای دهۆكەوە بۆ شنگال فۆتۆ: رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ

كەركوك ناو

نزیکەی 200 هەزار ئێزیدی هێشتا ئاوارەن و زۆربەیان لە کەمپەکان دەژین کە تەنها چەند کاتژمێرێك دورە لە شوێنی رەسەنیان، ئەوەش بەپێی ئامارێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە عیراق، كە لەكاتێكدایە شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ئاوارەبونیان بەهۆی هێرشی داعش كە روبەڕوی كوشتن، رفاندن و جینۆساید بونەوە.

سەرەڕای نزمی ئاستی گەڕانەوە لە پێشودا، بەڵام مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، زیادبونێکی بەرچاو بەدیدەكرێت لە گەڕانەوەی خێزانە  ئاوارەکان بۆ شەنگال، كە بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا بەپێی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ یەكێكە لە هۆكارەكان.

ئەو رێكخراوە لە راگەیەنراوێكیدا لەسەر دۆخی ئاوارە ئێزیدییەكان كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە، تیایدا بەپێی هەڵسەنگاندنێكیان نزیکەی هەشت هەزار و 581 كەس – بەسەر هەزار و 657 خێزاندا دابەشبون-، گەڕاونەتەوە بۆ شنگال ئەوەش لە نێوان هەشتی حوزەیران تا ١٠ی تەمموز.

"ئەمە زیادبونێکی بەرچاوە بە درێژایی ساڵانی پێشوو - لە مانگی ئایار و حوزەیرانی 2019 دا، چونكە لەو ماوەیەدا رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ تەنها هەزار و 512 كەسی تۆماركردووە كە گەڕاونەتەوە شنگال و بەعاج"، بەپێی راگەیەنراوەكە.

awara (1)
شنگال، حوزه‌یرانی 2020، گه‌یشتنی خێزانێك به‌ناحیه‌ی گرعوزێر، دوای شه‌ش ساڵ له‌ ئاواره‌یی فۆتۆ: تایبه‌ت بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه‌

زۆرینەی گەڕاوەکانی مانگی حوزەیران و تەمموزی ئەمساڵ، لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بون بەڕێژەی لەسەدا 83، هەروەها لە پارێزگای نەینەوا لەسەدا 17ە و لە پارێزگای هەولێر لەسەدا یەك.

هۆكارەكانی گەڕانەوە

رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە عیراق، پێیوایە هۆکارەکانی گەڕانەوە بۆ شوێنی رەسەن جۆراوجۆرن، لەوانە هەندێك ئاماژەیان بە باشتربونی رەوشی ئاسایشی ناوچەکە کردووە، لابردنی مین و بۆمبی چێنراو، لەگەڵ دوبارە بوژاندنەوەی ژێرخانی گشتی لە هەندێك ناوچە.

"پاڵنەرێکی تر  لە پشت زیادبونی ژمارەی گەڕاوەکان، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە. ئەم پەتایە بۆتەهۆی ئەوەی ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکان دەژین زیاتر لاوازبن بۆ توشبونیان بەم پەتایە، لەبەر ئاستەنگییەکان بۆ پەیڕەویکردنی دوریی کۆمەڵایەتی و هەروەها کەم و کوڕی بۆ بەدەستهێنانی ئاوی گونجاو، تەندروستی گشتی و هەروەها چاودێری تەندروستی".

رێكخراوەكە زیاتر جەختدەكاتەوە لەوەی دانانی بەربەست بۆ هاتوچۆ، یارمەتی رێگەگرتنی بڵاوبونەوەی کۆرۆنایدا، بەڵام بۆتە هۆکارێک بۆ جیابونەوەی ئەو خێزانانەی کە بەخێوکەری خێزانەکەیان روی لە نەینەوا کردووە بۆ کارکردن، لەکاتێکدا ئەندامانی تری خێزانەکە لە كەمپەكان و هەرێمی کوردستانی عیراق دەژی".

پاڵنەرێکی تر  لە پشت زیادبونی ژمارەی گەڕاوەکان، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە

"بۆیە لە بری ئەوەی کە ر,بەڕوی جیابونەوە ببن بۆ چەند مانگێکی زیاتر، هەندێك لە خێزانەکان بڕیار لەسەر هەڵبژاردەیەکی سەخت دەدەن بۆ یەکگرتنەوەیان لە شنگال، ئەگەرچی بارودۆخەکە هێشتا ئەستەمیش بێ".

grozer
شنگال، 15ی ته‌مموزی 2019، گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانێك بۆ گرعوزێر دوای پێنج ساڵ له‌ ئاواره‌یی فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئێزیدییەكان لە 3ی ئابی 2014 روبەڕوی كوشتنی بە كۆمەڵ، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە، كاتێك داعش ناوچەكەیانی كۆنترۆڵكرد، لە ئێستادا كە شەش ساڵ بەسەر ئەو روداوەدا تێپەڕدەبێت، هێشتا ئەوانەی لە كەمپەكانن و ئەوانەشی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان پێویستیان بە هاوكارییە سەرەتاییەكانە لە ئاو، كارەبا و تەندروستی...

چی بكرێت؟

رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە عیراق دەڵێت  ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئێزیدییەکان پێویستیان بە پشت بەستنە بە ئیرادەی بە کۆمەڵ لەلایەن هەریەك لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و هەروەها حکومەتی عیراق  بۆ گەڕانەوەی فەرمانڕەوايى خۆجێی، باشتر کردنی ئاسایش و هەروەها دوبارە بنیاتنانەوەی ژیانیان بە شکۆمەندی.

"بەڕاستی زۆر گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها حکومەتی عیراقی ئەو کەسانە بپارێزێت کە دەگەڕێنەوە و ئاسانکاری بکات بۆ دوبارە بنیاتنانەوەی زێدی ئێزیدییەکان. پشتگیریکردن پێویستە بۆ چاكکردنەوەی رێگاکان، قوتابخانەکان، سەنتەرەکانی تەندروستی و هەروەها نەخۆشخانەکان، پەناگەکان، ئاو، تەندروستی گشتی، و خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، هەروەها بژێوییەکانی ژیان"، رێكخراوەكە وادەلێت.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT