دادگای كەركوك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك لێپرسراوی پارێزگاكە دەردەكات لەسەر دۆسییەی سەقەر كەركوك. گرێبەستی ئەو پڕۆژەیە لەلایەن نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك واژۆكراوە و خۆیشی پێشتر لەسەر هەمان دۆسییە فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە.
دەستەی نەزاهە، لە راگەیەنراوێكیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەمموز ئاشكرایكرد كە بڕیاری دەستگیركردنەكە لەسەر داوای ئەوان و بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی بووە، ئەوەش بە تۆمەتی پێشێلكاریی بڕیاری سەروی خۆیان لە دۆسییەی ناسراو بە "سەقەر كەركوك".
بەپێی ناوەڕۆكی ئەو دۆسییەیە كە نەزاهە لێكۆڵینەوەی تیادا كردووە و رەوانەی دادگای كەركوك كراوە، ئەو لێپرسراوانە "بەشدارییان لە باجی ئەلكترۆنی سەقەر كردووە بە پێچەوانەی بڕیارە ئیدارییەكانی سەروی خۆیان، لەكاتێكدا پڕۆژەكە شەرعی نییە و پارێزگاری پێشوی كەركوك گرێبەستەكەی واژۆ كردووە".
بەشدارییان لە باجی ئەلكترۆنی سەقەر كردووە بە پێچەوانەی بڕیارە ئیدارییەكانی سەروی خۆیان
پڕۆژەی سەقەر كەركوك، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2015دا دامەزراوە و دەستبەكاربون، دامەزراوەیەك بوو بۆ چاودێریی و پێدانی باج و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئۆتۆمبێلەكانی پارێزگاكە.
دامەزراوەكە كە پارێزگاری كەركوك گرێبەستی لەگەڵیاندا واژۆكردبوو، ساڵانە لە بەرامبەر پێدانی باجێك كە بە ئۆتۆمبێلەكەوە هەڵدەواسرا، بڕی 15 هەزار دیناری بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك وەردەگرت. بەڵام دوای چەند مانگێك لە روداوەكانی 16ی ئۆكۆتبەری 2017ەوە كارەكانی راگیران.
ئەو باجە، بەپێی وتەی پێشتری بەڕێوەبەرانی دامەزراوەكە، زانیاریی تەواوی لەسەر ئۆتۆمبێلەكە و جموجۆڵەكانی دەبەستەوە بە سەنتەری ئەو دامەرزاوەیە.
ئەو لێپرسراوانە لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی، هاتوچۆ، باری شارستانی، پاسپۆرت، نشینگە، پەیوەندی و هەواڵگری دەوامدەكەن، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.
"پێشتریش فەرمانی گرتن و لێكۆڵینەوە دەرهەق بە پارێزگاری پێشوی كەركوك دەركراوە و بە غیابی رەوانەی دادگای تاوانەكانی كەركوك كراوە تایبەت بە دۆسییەكانی نەزاهە"، بەپێی راگەیەنراوەكە.
پێشتریش فەرمانی گرتن و لێكۆڵینەوە دەرهەق بە پارێزگاری پێشوی كەركوك دەركراوە
بهپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
سەقەر كەركوك، جێی ناڕەزایی شۆفێران و هاوڵاتییانی كەركوك بوو و لە ماوەی دەستبەكاربونیدا، هێشتا یاسایی و نایاساییبونی ئەو دامەرزاوەیە لەلایەن دادگاوە یەكلایینەكراوەتەوە.