ئێزیدییه‌كان پۆستیان ده‌وێت
له‌ 11 فه‌رمانگه‌ی شنگال سێ به‌ڕێوه‌به‌ریان هه‌یه‌

نه‌ینه‌وا، 2019، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

پۆسته‌ ئیداریی و حكومییه‌كانی شنگال، كه‌مترینیان به‌ده‌ست كه‌سانی ئێزیدییه‌وه‌ن‌، له‌ كاتێكدا زۆرینه‌ی قه‌زاكه‌ پێكده‌هێنن.

به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی شنگال، له‌ 11 فه‌رمانگه‌ی مه‌ده‌نی ناو قه‌زاكه‌دا، ته‌نیا سێ به‌ڕێوه‌به‌ر ئێزدین، ئه‌وانیتر له‌ پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ و نه‌ینه‌وان.

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌وه‌كاله‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌و 11 فه‌رمانگه‌یه‌ سێ كه‌س ئێزیدی هه‌ن له‌گه‌ڵ پۆستێكی ئه‌منی، له‌كاتێكدا سه‌دا 80ی دانیشتونی قه‌زاكه‌ ئێزیدین و به‌و پێوه‌ره‌ ده‌بوایه‌ زۆرینه‌ی پۆسته‌كان به‌ كاندیدی ئێزیدی پڕبكرێنه‌وه‌".

داوای پۆسته‌كانمان له‌ حكومه‌تی عیراقی كردووه‌ به‌ڵام بێسود بووه‌

دانیشتوانی شنگال به‌ ناحیه‌ و گونده‌كانیه‌‌وه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار كه‌سن، به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی قه‌زاكه‌.

فه‌هد حامد، كه‌ خۆی له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدییه‌، ده‌ڵێت ته‌نیا فه‌رمانگه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی كشتوكاڵ، شاره‌وانی و په‌روه‌رده‌ به‌ ده‌ست پێكهاته‌كه‌یانه‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس.

قه‌زای شنگال دوو ئیداره‌ی هه‌یه‌، یه‌كێكیان له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌دایه‌ و به‌وه‌كاله‌ته‌، دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا پێكهێنراوه‌ و ئه‌ویتریان كه‌ له‌ 2013ـه‌وه‌ له‌كاردایه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی قه‌زاكه‌ درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان ده‌ده‌ن.

ezidi-3
دەشتی نەینەوا/ نیسانی 2020/ مه‌راسیمێكی ئایینی ئێزیدییەكان فۆتۆ: نەجم خەتاری

قایمقامی به‌وه‌كاله‌تی شنگال وتی "ده‌یانجار داوامان له‌ لێپرسراوانی عیراق كردووه‌ ژماره‌یه‌ك پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌كه‌ به‌ كه‌سانی ئێزیدی بده‌ن به‌ڵام بێسوود بووه، وه‌ڵاممان ناده‌نه‌وه‌، ته‌واو بێهیوا بوین"، فه‌هد پێیوایه‌ "غه‌در له‌ ئێزیدی" مێژویه‌كی هه‌یه‌ له‌ عیراقدا و به‌ ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێت.

له‌سه‌ر ئاستی نه‌ینه‌وا یه‌ك پۆستی باڵایان به‌ده‌سته‌وه‌بوو، ئه‌ویش دانانی سه‌یدۆ چه‌تۆ وه‌ك كاندیدێكی ئێزیدی بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ 2018دا، به‌ڵام ئێستا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و پۆسته‌ش نه‌ماوه‌.

"ئێزدییه‌كان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ پله‌ دوو و سێ هه‌ژمارده‌كرێن، ته‌نیا له‌ كاتی هه‌ڵبژاردندا كاریان پێیان هه‌یه‌ و دواتر به‌ڵێنه‌كانیش ناكرێنه‌ كردار" ناجی حه‌جی عه‌لۆ، وای وت.

ناجی چالاكوانی مه‌ده‌نییه‌ له‌ شنگال و ده‌ڵێت؛ له‌ دوای روخانی رژێمی به‌عس؛ له‌ 2003وه‌ تائێستا، زۆرینه‌ی پۆست و لێپرسراوێتییه‌كانی شنگال به‌ده‌ست عه‌ره‌به‌وه‌ بون.

رێژه‌ی ئێزیدی له‌ شنگال بگاته‌ سه‌دا 95یش هه‌ر پۆسته‌كانیان پێنادرێت

هه‌روه‌ها له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ (كه‌ركوك ناو) ناجی باسی له‌وه‌كرد چه‌ندین شاره‌زای ئیداری و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز له‌ نێو ئێزیدییه‌كاندا هه‌ن، به‌ڵام سود له‌ تواناكانیان وه‌رناگیرێت، "نه‌ك سه‌دا 80 رێژه‌ی ئێزیدی له‌ شنگال بگاته‌ سه‌دا 95یش هه‌ر پۆسته‌ ئیدارییه‌كانیان پێنادرێت".

ناجی پێیوایه‌ به‌ده‌ر له‌ رێژه‌ و ژماره‌ی دانیشتوان، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی نه‌هامه‌تی و قوربانیدانی ئێزیدییه‌كان بكرێنه‌ پێوه‌ر، ئه‌وكاتیش هێشتا له‌ پێدانی پۆسته‌ ئیدارییه‌كاندا مه‌غدور ده‌رده‌چن.

ئێزیدییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عیراق ته‌نیا یه‌ك كورسی كۆتایان بۆ ته‌رخانكراوه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌شیاندا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كورسی كۆتایان هه‌بێت به‌ڵام گوێ له‌ داواكارییه‌كه‌یان نه‌گیرا.

شه‌ره‌ف نایف، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵ له‌ شنگال، كه‌ خۆی ئێزیدییه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دابه‌شكاری پۆسته‌كانی قه‌زاكه‌دا هه‌یه‌ به‌ "سته‌مێكی زۆر گه‌وره‌" وه‌سفی ده‌كات.

gr3uzer
نه‌ینه‌وا/نیسانی 2019/ دانانى به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێری شنگال له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"زۆرینه‌ی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان به‌ده‌ست نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ ئاینییه‌كانی تره‌وه‌ن له‌ شنگال" به‌وته‌ی شه‌ره‌ف له‌و پۆستانه‌ سه‌رۆكی دادگا، دادنوس، به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌با، نه‌خۆشخانه‌، ئاو و ئاوه‌ڕۆ، ره‌گه‌زنامه، ڤێرته‌رنه‌ری، فه‌رمانگه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ و تاپۆن.

به‌بڕوای ئه‌و لێپرسراوه‌ حكومییه‌ی شنگال "هۆكاری ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ نه‌بونی پشتگیرییه‌كی به‌هێزه‌ بۆ‌ مافی ئێزیدییه‌كان".

ژمارەی ئێزیدیەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیانكردووە، بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ته‌نیا ئێزیدییه‌كانی شنگال ناقایل نین، كریستیانه‌كانی نه‌ینه‌واش، زیاد له‌ جارێك داوایانكردووه‌ رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بێت له‌ ئیداره‌ ناوخۆییه‌كان و ئیستحقاقاتی خۆیان له‌ پۆسته‌كان پێبدرێت.

قه‌زای شه‌نگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ ئابی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ تشرینی دوه‌می 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT