تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی سه‌ربڕینی به‌هجه‌ت ئه‌نوه‌ر، پۆلیسهكهی فریاكه‌وتنی كه‌ركوك له شاری به‌غدا ده‌ستگیرده‌كرێت و له دانپێدانانیدا، هۆكاری كوشتنه‌كه بۆ ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك، كه شه‌ممه 25ی تهمموز بڵاویكرده‌وه، تۆمه‌تباری هه‌ڵاتوو له دۆسیه‌ی كوشتنی مفه‌وه‌زی پۆلیس به‌هجه‌ت ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د ده‌ستگیركراوه.
ئه‌و تۆمه‌تباره (ف، ا، د)، دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناوه، دوای پشتڕاستكردنه‌وه و په‌سه‌ندكردنی وته‌كانی له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه، به‌مادده‌ی 406ی یاسای سزادانی عیراقی ره‌وانه‌ی دادگا كراوه.
بەهجەت ئەنوەر، مفەوەزی پۆلیسی فریاكه‌وتن پێشنیوەڕۆی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، 24ی ئایاری 2020 تەرمه‌كه‌ی به‌سه‌ربڕاوی له نێو بۆدی ئۆتۆمبێلێكی پیكئاب دۆزرایه‌وه له شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاری كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش دوای 24 كاتژمێر لەدیارنەمانی هات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی له كه‌ركوك كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كوشتنی پۆلیسه‌كه له كه‌ركوكه‌وه بۆ به‌غدا هه‌ڵاتووه، له‌رێی هه‌واڵگرییه‌وه به‌دواداچون كراوه و توانراوه شوێنی مانه‌وه‌ی بدۆزرێته‌وه.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه دوای ئاشكراكردنی شوێنه‌كه‌ی له به‌غدا، هێزه ئه‌منییه‌كان تۆمهتبارهكهیان ده‌ستگیركردووه و دانی به‌وه‌ناوه ته‌نیا خۆی تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه به هاوكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئه‌وه‌ش له‌پێناو بردنی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناردا بووه كه كاتی روداوه‌كه به به‌هجه‌ت ئه‌نوه‌ر بووه.
تۆمه‌تباری كوشتنی ئه‌و پۆلیسه دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵاتووه، كاتێك هێزه ئه‌منییه‌كان دوای 48 كاتژمێر له روداوه‌كه و له 26ی ئایاردا هاوسه‌ره‌كه‌یان له‌ناوشاری كه‌ركوك ده‌ستگیركرد.
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له لێكۆڵینه‌وه‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هاوسه‌ری تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی دانی به‌وه‌دانا ئه‌و به حه‌بل قاچی پۆلیسیهكهی به‌ستۆته‌وه و مێرده‌كه‌یشی سه‌ری بڕیوه، ته‌نیا له پێناو دزینی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناری عیراقی كه پێی بووه".
به‌پێی دانپێدانانی ژنه‌كه؛ دوای سه‌ربڕینی؛ ته‌رمه‌كه‌یان كردۆته كیسه و خستویانه‌ته بۆدی ئۆتۆمبێلێكی پیكئابهوه، ژماره‌یه‌ك كیسه‌ی خۆڵ و خاشاك و جلوبه‌رگیان له‌سه‌ر داناوه، تا ته‌رمه‌كه ده‌رنه‌كه‌وێت، دواتر ئۆتۆمبێله‌كه‌یان له شه‌قامی سه‌ره‌كی نزیك پردی چواری ناوشار به‌جێهێشتووه.
له هه‌مان رۆژی تاوانه‌كه‌دا، ئه‌و ژن و مێرده به ئۆتۆمبێلێكی جۆری دوته‌نی ماڵه‌كه‌یان له گه‌ڕه‌كی نه‌سره‌وه بۆ ناوچه‌ی شه‌ریكه تارق، دوای سێ رۆژ هێزه ئه‌منییه‌كان له‌و ناوچه‌یه ههڵیانكوتاوهسهریان، به‌ڵام ئه‌وكات ته‌نیا ژنه‌كه ده‌ستگیركرا و هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵات.
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه‌ی كه‌ركوك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كوشتنی پۆلیسه‌كه، كه ئێستا ده‌ستگیركراوه، ده‌ركه‌وتووه "ئالوده‌ی ماده و حه‌بی هۆشبه‌ره".
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه هێشتا تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له به‌غدایه، دۆسیه‌كه له لێكۆڵینه‌وه‌دایه و دیارنییه هێزه ئه‌منییه‌كان ره‌وانه‌ی كه‌ركوكی ده‌كه‌ن یان هاوسه‌ره‌كه‌ی ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت بۆ دادگایی.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، كه كۆتایی ئایاری ئه‌مساڵ بڵاویكرده‌وه، ئه‌و ژن و مێرده پێشینه‌ی تاوانكارییان هه‌یه، چه‌ندین تۆمه‌تیان له‌سه‌ره له دادگاكانی به‌غدا و سه‌ڵاحه‌دین.
به‌هجه‌ت ئه‌نوه‌ر، ئه‌و پۆلیسه‌ی بۆته قوربانی، خێزانداره، باوكی پێنج منداڵه و له كه‌ركوك نیشته‌جێ بوو.