خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان هەڕەشەی كوژاندنەوەی مۆلیدەكانیان دەكەن لە رۆژانی جەژندا، ئەگەر ئیدارەی پارێزگا نرخی ئەمپێری كارەبایان بۆ زیادنەكات و گازی پێویستیان بۆ دابیننەكات.
ئەو هەڕەشەیە دوای ئەوە دروستبوو، كە بڕی پێدانی كارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان نزیكەی بۆ نیوە كەمیكردووە بە بەراورد بە مانگەكانی پێشوو، لەو حاڵەتەشدا خاوەن مۆلیدەكان ناچاركراون بەكارپێكردنی زیاتری مۆلیدەكانیان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروستبووە.
سامان رەحمان، خاوەنی مۆلیدەی ئەهلییە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە چەند رۆژی رابردودا فشاری زۆرمان لەسەر دروستبووە، كارەبای نیشتیمانی كەمیكردووە و هاوڵاتیانیش فشاردەكەن بۆ كارپێكردنی مۆلیدەكان، لەكاتێكدا گازی پێویستمان بۆ دابین ناكەن و لە بازاڕیش گرانە و توانای كڕینمان نییە".
كارەبای نیشتیمانی كەمیكردووە و هاوڵاتیانیش فشاردەكەن بۆ كارپێكردنی مۆلیدەكان، لەكاتێكدا گازی پێویستمان بۆ دابین ناكەن
وتیشی "مانگانە بڕی یەك ملیۆن دینار لە بەرامبەر خۆڵ و خاشاك بە حكومەت دەدەین، لەكاتێكدا زۆركات هاوڵاتیان ئامادەنین پارە بدەن و توشی دەمەقاڵی دەبین".
سامان دەڵێت مۆلیدە ئەهلییەكان ناچاركراون ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە بەهۆی كەمبونەوەی كارەبای نیشتیمانی دروستبووە.
بەهۆی ئەو گرفتانەوە، سامان وتی "لەگەڵ ژمارەیەک خاوەن مۆلیدە بەنیازین لە دوو رۆژی یەكەمی مانگی داهاتوو مۆلیدەكان بكوژێنینەوە كە دەكەوێتە ناو جەژنی قوربانەوە".
لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، ئیدارەی كەركوك ئاشكرای كرد كە لە شەو و رۆژێكدا توانای دابینكردنی 10 بۆ 14 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی هەیە، ئەوەی تر بە مۆلیدەی ئەهلی تەواودەكات. بەڵام چەند رۆژێكە كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی لە نێوان پێنج بۆ 10 كاتژمێردایە.
پارێزگای كەركوك رۆژانە پێویستی بە هەزار و 300 مێگاوات كارەبا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات، بەڵام لەئێستادا كەمتر لە 500 مێگاواتی پێدەگات.
فەلاح یایچلی، قایمقامی ناوەندی کەرکوک بەوەكالەت، جەختیكردەوە لەوەی ئاگاداری دۆخی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكانن، وتی "هێشتا نرخی ئەمپیری كارەبامان بۆ مانگی تەمموز دیارینەكردووە، چونكە بەهۆی ئەو دۆخەی دروستبووە دەمانەوێت بگەینە رێككەوتنێك لەسەر بڕێك كە خاوەن مۆلیدەكان و هاوڵاتیانیش پێی رازی بن".
بەپێی زانیارییەكانی قایمقامیەتی كەركوك، بڕی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان نزیكدەبێتەوە لە 400 كاتژمێر لە مانگێكدا. كە بۆ هەر رۆژێك زیاتر لە 13 كاتژمێر دەكات.
مۆلیدەكان بۆ هەر رۆژێك زیاتر لە 13 كاتژمێر كارەبا دەدەن
یایچلی وتی "ئەمە رێژەیەكی بەرزە، چونكە ئەو گازەی بە مۆلیدەكانی دەدەین بەشی پێدانی 140 كاتژمێر كارەبا دەكات".
دڵشاد حەمید، خاوەنی مۆلیدەیەكی ئەهلییە لە شارەكە، وتی "ئەو بەشە گازەی پێماندراوە بەشی ئەو هەموو فشارە ناكات، بۆیە چەند کاتژمێرێک کارەبای مۆلیدە دەبڕین، بۆ ئەوەی پەیامی ناڕەزایەتی بگەیەنینە حكومەت".
بەڵام قایمقامی كەركوك جەختیكردەوە "بڕیارە گازی مانگی ئاب بەبێ بەرامبەر بە خاوەن مۆلیدەکان بدەین".
سبەی چوارشەممە 29ی تەمموز، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان، پەرلەمانتاران و ئیدارەی پارێزگاكە لەسەر پرسی كارەبا كۆدەبنەوە و تیایدا بڕیار لەسەر نرخی ئەمپێری مانگەكانی تەمموز و ئاب دەدەن، لەگەڵ دیاریكردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای مۆلیدە، یایچلی وایوت.