"حكومەت لە ماڵەوە كەرەنتینی كردوین، كارەباشمان بەسەردا دەكوژێنێتەوە، زۆرینەی رۆژەكان لە كاتژمێر شەش بۆ نۆی بەیانی لە شیرینی خەودا بەم گەرمایە كارەبامان دەبڕێت"، هیوا سامان لە گەڕەكی ئازادی كەركوك دادەنیشێت وایوت.
هیوا زیاتر وتی "بەهۆی كۆرۆناوە لەناو چوار دیواردا ماوینەتەوە و كارەباش نەبێت، ئەمە جیاوازی چییە لەگەڵ زیندان؟".
ئیدارەی كەركوك لە شەو و رۆژێكدا تەنیا توانای دابینكردنی 10 بۆ 14 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی هەیە، ئەوەی تر بە مۆلیدەی ئەهلی تەواودەكات. بەڵام مۆلیدەئەهلییەكان ئامادەنین كاتژمێر شەشی بەیانی بۆ نۆی بەیانی پڕبكەنەوە لە حاڵەتێكدا ئەگەر لەوكاتەدا كارەبای نیشتیمانی نەبێت.
سامان وتی "بونی كارەبا لەو ماوەیەدا بۆ خەڵكی كەركوك زۆر گرنگە، چونكە بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینكردنەوە، خەڵكی درەنگ دەخەون و درەنگ هەڵدەستن، ئەوكاتەی كارەبا دەبڕێت ئێمە لە شیرینی خەوداین". هەر بەهۆی ئەوەوە داوایكرد خەڵك بێدەنگ نەبێت و داوای مافی خۆی بكات.
ئەوكاتەی كارەبا دەبڕێت ئێمە لە شیرینی خەوداین
ئەوەش لەكاتێكدایە لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی پارێزگاكە بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا بڕی هەشت بۆ 10 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگرن و بەهۆی كۆرۆناو بێكارییەوە نرخەكەی دانەبەزێنراوە.
مەریوان رەمەزان دانیشتوی گەڕەکی ئیمام قاسم، وتی "لەم بێكارییەدا دەبوو نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان دابەزێنن، من هەموو ئەم مانگە بە ماتۆڕە سەتوتەكەم (سێ تایە) 100 هەزار دینارم پەیدا كردووە، دەبێت 30 هەزار دینار بە سێ ئەمپێری مۆلیدە بدەم".
پارێزگای كەركوك پێویستی بە هەزار و 300 مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام لەئێستادا تەنیا 500 مێگاواتی پێدەگات لەگەڵ 100 مێگاواتی وەبەرهێنەران.
دانیاڵ هەمەوەندی، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە تەنیا دەتوانین 10 بۆ 14 كاتژمێر كارەبا بدەین، هاوینان خواست لەسەر كارەبا زۆردەبێت و ساڵانەش روبەڕوی ئەم كێشەیە دەبینەوە".
نەبونی كارەبا بۆتە ناڕەزایی هاوڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژ بە قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك، كە سەرۆكایەتی رێكخستنی كاری مۆلیدە ئەهلییەكان دەكات.
بەڵام فەلاح یایچلی، قایمقامی قهزای ناوەندی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو هەڵمەتە دژ بە من ناڕەوایە، چونكە من نرخی مۆلیدە دانانێم، لیژنەیەك ئەو كارە دەكەن... ئێمەش ماف بە هاوڵاتیان دەدەین، لەم دۆخە خراپەدا کە کۆرۆنا تەنگی پێهەڵچنیون و گوزەرانیان خراپە".
ئەو هەڵمەتە دژ بە من ناڕەوایە، چونكە من نرخی مۆلیدە دانانێم
"حکومەتی عیراق غەدر لە كەركوك دەكات و کەمترین بەشە کارەبامان پێدەدات، ساڵانی پێشتر بڕی 250 مێگاوات كارەبامان لە وەبەرهێنەرێكی هەرێمی كوردستان وەردەگرت، بەڵام ئەوەش نەماوە بۆیە كارەبا خراپ بووە".
قایمقامی كەركوك داوای لە پەرلەمانتارانی پارێزگاكە كرد لە نەتەوە جیاوازەكان، هەوڵەكانیان لە بەغدا بخەنەگەڕ بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبای كەركوك.
ئەوەش هاوكاتە لەگەڵئەوەی چوارشەممە دووی تەمموز، وەفدێكی پەرلەمانتارانی كەركوك، سەردانی وەزارەتی كارەبایان كرد بۆ ئەو مەبەستە.
رێبوار تەها، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و نەوت لە پەرلەمانی عیراق و نوێنەرێكی كەركوك، لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە "بەوردى دۆخى کارەباى کەرکوک تاوتوێكرا بە ئامانجى زیادکردنى بەشە کارەباى شارەکە لە کارەباى نیشتیمانى، کە ئەمەش ھۆکار دەبێت بۆ کەمتر ئیشپێکردنى مۆلیدە ئەھلییەکان".
رێبوار هەروەها دەڵێت، راپۆرتێکى گشتگیریان لەبارەى کەموکوڕى وێستگەکانى بەرھەمھێنانى کارەبا لە کەرکوک داوەتە وەزارەتى کارەبا، بە مەبەستى بەدواداچون و نۆژەنکردنەوە و چارەسەرکردنیان.