كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانی بە كەركوك كەمدەكرێتەوە، بەهۆیەوە فەرمانگەی كارەبا هۆشداریی دەداتە هاوڵاتیان.
راگەیاندنی فەرمانگەی كارەبای كەركوك، لە راگەیەنراوێكیدا ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی كانونی دووەم، جەختدەكاتەوە لە كەمكردنەوەی بڕی پێدانی كارەبای پارێزگاكە، لەبەر چەند هۆكارێك لە نێویاندا كەمبونەوەی ووزە.
تەواونەكردنی چاككردنەوەی پڕۆژەی یەكی غازی كەركوك، كە توانای 260 مێگاوات كارەبای هەیە، لەگەڵ چاكنەكردنەوەی یەكەیەكی تری غازی بە توانای 90 مێگاوات لە دوبز، هۆكارێكی تری كەمبونەوەی كارەبای پارێزگاكەیە.
لە راگەیەنراوەكەی فەرمانگەی كارەبا، ئەوەش هاتووە "وەبەرهێنەرەكەی هەرێمی كوردستان تەنیا 100 مێگاوات كارەبا دەنێرێت لەكاتێكدا بەپێی گرێبەستەكە دەبوو 200 مێگاوات بنێرێت".
لەگەڵئەوەشدا پشكی كارەبای كەركوك لە تۆڕی كارەبای نیشتیمانی كەمكراوەتەوە، بەهۆی هاتنی وەرزی زستان. هەموو ئەوانەش هۆكاربون بۆ ئەوەی بەشە كارەبای كەركوك كەمبكرێتەوە، ئەوەش هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی فەرمانگەی كارەبا.
پارێزگای كەركوك پێویستی بە هەزار و 300 مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام لەئێستادا تەنیا 500 مێگاواتی پێدەگات لەگەڵ 100 مێگاواتی وەبەرهێنان.
بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانگەی كارەبا داوا لە هاوڵاتیان دەكات دەست بەكارەباوە بگرن و زیادەڕۆیی نەكەن لە بەكارهێنانیدا.