یاریدەدەری پارێزگارى كه‌ركوك: به‌منزیكانه‌ چاوه‌ڕێی باشبونی كاره‌با مه‌كه‌ن

كه‌ركوك، 2020، تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ی كاره‌با له‌ گه‌ڕه‌كێكی ناوشار فۆتۆ: راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌با

گۆران بابان – كه‌ركوك

مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك، به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخ قایل نین و دوای جه‌ژن ناڕه‌زاییه‌كانیان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كه‌مبونه‌وه‌ و كێشه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی كه‌ به‌وته‌ی یاریده‌ده‌ری پارێزگار، وازوو چاره‌سه‌ر نابێت.

ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، بریاریداوه‌ به‌ زیادكردنی نرخی ئه‌مپێری مۆلیده‌ی ئه‌هلی، دوای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی مۆلیدەكان هەڕەشەی پێنه‌دانی كاره‌بایان كرد لە رۆژانی جەژندا.

ئێستا نرخی هه‌ر ئه‌مپێرێك كاره‌بای مۆلیده‌ له‌ نێوان 10 بۆ 12 هه‌زار دیناردایه‌.

توانا محەمەد، خاوەنی مۆلیده‌ی ئه‌هلی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو) وت "كێشه‌كه‌مان وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ داوای زیادكردنی نرخمان نه‌كرد، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت كاره‌بای نیشتمانی زیادبكات، چونكه‌ مۆلیده‌كانی ئێمه‌ له‌ رۆژێكدا ته‌حه‌ممولی 15 كاتژمێر كاركردن ناكات".

لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، ئیدارەی كەركوك ئاشكرایكرد كە لە شەو و رۆژێكدا توانای دابینكردنی 10 بۆ 14 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی هەیە، ئەوەی تر بە مۆلیدەی ئەهلی تەواودەكات. بەڵام هه‌فته‌یه‌كه‌ كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی لە نێوان پێنج بۆ 10 كاتژمێردایە.

خاوه‌نی مۆلیده‌كان بڕیاری بڕینی كاره‌بایان بۆ دوای جه‌ژن دواخست، وه‌ك توانا وتی "دوای جه‌ژن هه‌موو مۆلیده‌كان له‌ كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆوه‌ ده‌كوژێنینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێنه‌كرێت".

بەپێی زانیارییەكانی قایمقامیەتی كەركوك، بڕی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان نزیكدەبێتەوە لە 400 كاتژمێر لە مانگێكدا. كە بۆ هەر رۆژێك زیاتر لە 13 كاتژمێر دەكات.

molida
كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2020، بۆردێكی پێدانی كاره‌با به‌ هاوڵاتیان له‌ گه‌ڕه‌كێكی ناوشار فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د 

عه‌لی حه‌مادی، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ڵێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌بای نیشتمانی و ئاساییبونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ كاتی ده‌وێت، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "کێشەی کەمی کارەبا لەکەرکوک وعیراقیش درێژە ده‌كێشێت".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ كه‌ركوك پێویستی به‌ هه‌زار و 100 مێگاوات كاره‌بایه‌، به‌ڵام له‌ به‌غداوه‌ ته‌نیا كه‌متر له‌ 650 مێگاوات ده‌گات و پێویسته‌ ئه‌ویتر له‌رێی وێستگه‌ی تازه‌ و وه‌به‌رهێنه‌ره‌وه‌ دابینبكرێت، به‌ڵام وێستگه‌ی تازه‌ له‌ كاركه‌وتووه‌ و وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ش كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌، بڕی پێویست كاره‌با نانێرێت.

پرۆسه‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تازه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت تا كۆتایی ئه‌مساڵ درێژه‌بكێشێت.

عه‌لی حه‌مادی ده‌ڵێت كاره‌بای هه‌ردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا له‌ به‌غداوه‌ ده‌چێته‌ كه‌ركوك و له‌وێوه‌ دابه‌شده‌كرێت، چونكه‌ هیچ هێڵێك نییه‌ ئه‌و دوو پارێزگایه‌ به‌ به‌غداوه‌ ببه‌ستێت، "موسڵ نیازی هه‌یه‌ 400 مێگاوات كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان بكڕێت به‌وه‌ش كه‌متر پشت به‌ به‌غدا ده‌به‌ستێت و ئه‌وكات به‌شی كه‌ركوك زیاد ده‌كات".

ناردنی به‌شه‌ كاره‌بای ئه‌و دوو پارێزگایه‌ بۆ كه‌ركوك؛ وایكردووه‌ فشاری زیاتر بكه‌وێته‌ سه‌ر هێڵه‌كانی گه‌یاندنی وزه‌ له‌ به‌غداوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ چه‌ندینجار توشی پچڕان و گرفت بون.

"چاره‌سه‌ری كه‌می كاره‌بای نیشتمانی ئێستا ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ وێستگه‌ی تازه‌ بكه‌وێته‌وه‌كار ئه‌گه‌رنا به‌منزیكانه‌ بارودۆخی كاره‌با باشنابێت" یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك وای وت.

پارێزگای كەركوك رۆژانە پێویستی بە زیاتر له‌ هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات، بەڵام ئێستا نزیكه‌ی 650 مێگاواتی پێدەگات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT