حه‌لا سه‌فیل سێ ساڵه له داعش رزگاری بووه، به‌ڵام هێشتا له تاڵاوی سه‌رده‌می دیلیه‌تیدا ده‌ژی، چونكه چاره‌نوسی دایك و باوك و سێ برای نادیاره.
ته‌نیا حه‌لا به دوای چاره‌نوسی كه‌سوكاریه‌وه نییه، كه‌م هاوڵاتی ئێزیدی هه‌یه ئازیزێكی بێسه‌روشوێن نه‌بێت، سه‌رباری تێپه‌ڕینی شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر رفاندنیاندا له‌لایه‌ن (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام -داعش)ـه‌وه.
"راسته له دۆزه‌خی داعش رزگارم بوو، به‌ڵام شه‌و و رۆژ به خه‌مه‌وه تێده‌په‌ڕێنم، چه‌ند ساڵێكه من چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی دایك و باوك براكانم ده‌كه‌م" حه‌لا بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
حه‌لا سه‌فیل له ته‌مموزی 2017دا رزگاری بوو، ئێستا له كه‌مپی بێرسیڤ-ی دهۆك ده‌ژی.
ته‌نیا خوامان هه‌یه، چاوه‌ڕێی ره‌حمی خوا ده‌كه‌ین ده‌رگایه‌كمان لێبكاته‌وه و به ئازیزانمان شادبینه‌وه
"قسه و هاواری ئێمه سودی نییه، هه‌موو دنیا ده‌زانێت چی به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا هات، به‌ڵام بێده‌نگن و كه‌س هه‌ڵوێستی نییه، دوای شه‌ش ساڵ هیچ بۆ رزگاركردنی ئێزیدییه‌كان نه‌كراوه".
حه‌لا به‌بێ ئومێدییه‌وه وتی "كه‌س پشتگیری ئێمه ناكات، ته‌نیا خوامان هه‌یه، چاوه‌ڕێی ره‌حمی خوا ده‌كه‌ین ده‌رگایه‌كمان لێبكاته‌وه و به ئازیزانمان شادبینه‌وه".
داعش لە 3ی ئابی 2014 هێرشیكردە سەر قەزای شنگال – زێدی مێژویی ئێزیدییەكان لە خۆرئاوای موسڵ- و خەڵكەكەی روبەڕوی كوشتنی بە كۆمەڵ، رفاندن و ئاوارەبون كردەوە؛ شەش هەزار و 417 ئێزیدی رفاند لە نێویاندا ژن و منداڵ.
له كۆی رفێنراوانی ئێزیدی، تائێستا سێ هه‌زار و 530 كه‌س رزگاركراون، له نێویاندا زیاتر له هه‌زار ئافره‌ت و نزیكه‌ی دوو هه‌زار منداڵ له هه‌ردوو ره‌گه‌ز، چاره‌نوسی دوو هه‌زار و 887 كه‌سیش به نادیاری ماونه‌ته‌وه، به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
له‌یلا و پاكیزا جه‌لال؛ دوو خوشكی ئێزیدیین، باس له بێسه‌روشوێنبونی 12 كه‌س له خانه‌واده‌كه‌یان ده‌كه‌ن له‌كاتی هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال ڤیدیۆ: 2ی ئابی 2020، ئیبراهیم ئێزیدی
حسێن قائیدی، لێپرسراوی ئه‌و نوسینگه‌یه به (كه‌ركوك ناو) ی وت "شه‌ش ساڵه بێ وه‌ستان كارده‌كه‌ین له پێناو رزگاركردنی رفێنراواندا و به‌رده‌وامیش ده‌بین تا یه‌ك كه‌س مابێت له ژێر ده‌ستی داعش".
ئه‌و ده‌ڵێت كۆرۆنا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌كانیان داناوه، به‌وپێیه‌ی به‌شێك له رزگاربوانی ئێزیدی له پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراقن و ناتوانن وه‌ك پێویست به‌دواداچون بۆ دۆزینه‌وه و هێنانه‌وه‌یان بۆ نێو كه‌سوكاریان بكه‌ن.
له ئاداری ئه‌مساڵه‌وه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی عیراق راگه‌یه‌نراوه له چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا.
"دوای ئاساییبونه‌وه‌ی ژیان و نه‌مانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به پلانێكی نوێوه ده‌ست به‌كاره‌كانی رزگاركردنی ئێزیدییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه و به هیچ شێوه‌یه‌ك سستی له كاره‌كانی ئێمه‌دا نییه" به‌وته‌ی حسێن قائیدی.
تاكه داواكاریمان رزگاركردنی ته‌واوی ژن و كچانی ئێزیدییه
به نادیاری مانه‌وه‌ی چاره‌نوسی رفێنراوانی ئێزیدی له كاتێكدایه، نزیكه‌ی سێ ساڵه كۆتاییهاتنی داعش له عیراق راگه‌یه‌نراوه و له سوریاش كه‌مترین ناوچه به‌ده‌ست ئه‌و رێكخراوه‌وه‌یه.
"تاكه داواكاریمان رزگاركردنی ته‌واوی ژن و كچانی ئێزیدییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه، وادیاره شه‌ره‌فی ئێزدییه‌كان لای حكومه‌تی عیراق گرنگی نییه، چونكه راستناكه‌ن له هه‌وڵه‌كانی رزگاركردنی رفێنراواندا" سامیا قاسم واده‌ڵێت.
سامیا چالاكوانی ئێزیدییه و له كه‌مپی چه‌ممشكۆی زاخۆ نیشته‌جێیه، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "تائێستاش چه‌كدارانی داعش كڕین و فرۆشتن به كچ و ژنانی ئێمه‌وه ده‌كه‌ن، له‌به‌رانبه‌ر رزگاركردنی هه‌ر رفێنراوێكدا داوای پاره‌ی خه‌یاڵی ده‌كه‌ن، كه‌سوكاری قوربانیانیش پاره‌یان نییه، بۆیه زۆرێكیان رزگارنه‌كراون".
به‌شێك له رفێنراوانی ئێزیدی له‌رێی پێدانی پاره‌وه به هاوكاری نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان له‌ده‌ستی داعش رزگاركراون.
داود موراد، لێپرسراوی راگه‌یاندنی جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه تائێستا رزگارنه‌كراون شه‌هید بون، به‌تایبه‌ت پیاوان، ئه‌وانه‌شی له ژیاندا ماون زیاتر منداڵ و ئافره‌تانن، كه به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی ئێمه به‌شێكیان له توركیا و سوریان".
لە یەكەم رۆژی هێرشی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكان؛ هەزار و 293 كەس لەو پێكهاتەیە كوژران، به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان، 68 مەزارگەی ئەو پێكهاتەیە خاپوركراون و تائێستاش 80 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییه‌كان دۆزراونەتەوە.
"هه‌موومان بێ جیاوازی كه‌مته‌رخه‌میمان كردووه له به‌رانبه‌ر رفێنراوانی ئێزیدیدا".
موراد ده‌شڵێت داواكاری زۆر بۆ رزگاركردنی ئێزیدییه‌كان راده‌ستی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانیش كراون، به‌ڵام بێ‌سود بون، ده‌پرسێت "بۆچی هه‌ر كه‌سێكی تر بێسه‌روشوێن بێت به چه‌ند كاتژمێرێك ده‌دۆزرێته‌وه به‌ڵام حكومه‌ت نه‌یتوانیوه هه‌زاران ئێزیدی رفێنراو رزگاربكات؟".
هه‌موومان بێ جیاوازی كه‌مته‌رخه‌میمان كردووه له به‌رانبه‌ر رفێنراوانی ئێزیدیدا
به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ژمارەی ئێزیدیەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیان كردووە له دوای هێرشه‌كانی داعشه‌وه بۆ شنگال.
جه‌وهه‌ر عه‌لی به‌گ، جێگری میری ئێزدییان بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كان به (كه‌ركوك ناو )ی وت "كارێكی سه‌ره‌كی ئێمه هه‌وڵدانه بۆ رزگاركردنی هه‌موو رفێنراوانی ئێزیدی، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمى كوردستان و رێكخراوه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له گفتوگۆداین".
ئه‌و ده‌ڵێت به‌ڵێنی زۆربه‌ی لێپرسراوانی باڵا، له نێویاندا ئیڤان جابرۆ، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق كه مانگی رابردوو چاویان پێكه‌وتووه، جه‌ختیكردنه‌وه بووه له ئازادكردنی ته‌واوی رفێنراوانی ئێزیدی.
جێگری میری ئێزیدییان وتی "كه‌سوكاری قوربانییان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه له به‌رده‌وامی به‌دواداچونه‌كانمان له‌پێناو رزگاركردنی رفێنراواندا".
هاوڵاتیانی ئێزیدی، له‌گه‌ڵ خه‌می دۆزینه‌وه‌ی كه‌سوكاریاندا، به‌ده‌ست خراپی گوزه‌رانیشیانه‌وه له ئاواره‌ییدا ده‌ناڵێنن و زۆرێكیان به‌هۆی وێرانه‌یی شه‌ڕه‌وه بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان، هێشتا زیاتر له 787 هه‌زار ئاواره هه‌ن كه زۆرینه له پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌یه و سه‌دا 30یان له ئێزیدی پێكهاتون، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ شوباتی 2020.