دۆسیه‌ی كاكه‌یی بێ خاوه‌نه‌
له‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیداری و سه‌ربازییدا نوێنه‌ریان پێنادرێت

كه‌ركوك، 2020، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كاكه‌یی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی رزگاری فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

له‌ ئیداره‌دانی گوندێكه‌وه‌ تا به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، سه‌ربازی و كارگێڕی، كاكه‌یی هیچ نوێنه‌رایه‌تییه‌كیان له‌ عیراقدا نییه‌، تا له‌ هه‌ر روداو و نه‌هامه‌تییه‌كدا هاوڵاتیانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ به‌ ئومێدی چاره‌سه‌ره‌وه‌ هانای بۆ ببه‌ن.

نه‌بونی نوێنه‌رایه‌تیی كاكه‌یی له‌ كاتێكدایه‌، چه‌ندین گرفتی ئه‌منی و ئیداری روی تێكردون، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا، بێ ئه‌وه‌ی كه‌س به‌دواداچونی جددی و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌رباره‌ی كێشه‌كانیان بكات.

"دوای ئه‌و هه‌موو كوشتن و هه‌ڕه‌شه‌یه‌، به‌ چۆڵكردنی ناوچه‌كانمانیشه‌وه‌، ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كمان هه‌بێت تا داوای مافه‌كانمان بكات و له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌رگریمان لێبكات" له‌یلا سادق، بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

له‌یلا (50 ساڵ)، چالاكوانی مه‌ده‌نیی كاكه‌ییه‌، پێیوایه‌ نه‌بونی نوێنه‌رایه‌تی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردندا له‌ عیراق، هۆكارێكه‌ بۆ به‌رده‌وامی گرفته‌كانیان، هه‌رچی هه‌وڵێكیش هه‌بووه‌ تا نوێنه‌ریان بگاته‌ ده‌سه‌ڵات، بێ ئاكام بووه‌.

ئه‌و نیگه‌رانه و ده‌ڵێت "ده‌نگی كاكه‌یی بێ به‌رهه‌مه‌، به‌های دڵسۆزی و خۆشه‌ویستیمان بۆ خاك و نیشتیمان پشتگوێخراوه‌، چونكه‌ پۆستێكمان پێ ڕه‌وا نابینن".

كاتی ئه‌وه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كمان هه‌بێت تا داوای مافه‌كانمان بكات و له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌رگریمان لێبكات

كاكه‌ییه‌كان، له‌ ته‌واوی عیراقدا كورسی كۆتایان نییه‌، جگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ هێشتا پێكنه‌هێنراوه‌.

له‌ خوله‌كانی رابردوی په‌رله‌ماندا، كاكه‌ییه‌كان هیچ نوێنه‌رێكیان نه‌بووە، هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام له‌ نێو لیست و قه‌واره‌كاندا كاندید كرابون، به‌ڵام ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌.

زیاد فه‌هد بێچان (44 ساڵ)، كه‌سایه‌تی كاكه‌یی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "تاكی كاکه‌یی هه‌ست به‌ په‌راوێزخستن ده‌كات، واهه‌ستده‌كه‌ن حكومه‌ت جیاكاری له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا ده‌كات، چونكه‌ هیچ نوێنه‌رێكیان له‌ جومگه‌كانی حكومه‌ت و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كاندا نییه‌".

له‌ ناوچه‌كانی زۆرینه‌ كاكه‌ییه‌كاندا، پۆسته‌ ئیدارییه‌كان به‌ده‌ست كاندیدانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌وه‌ نین، له‌ قایمقامیه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كاندا.

kakaiy (2)
كه‌ركوك، 2020، دوو جوتیار له‌ گونده‌ كاكه‌ییه‌كانی قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"كاكه‌یی له‌ هیچ بڕیارێكی سیاسی و كارگێڕیدا به‌شدارنین، به‌و بڕیارانه‌شه‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌نوسی كاكه‌یی ده‌درێن" زیاد فه‌هد وای وت، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوی په‌رله‌ماندا خۆی كاندید بووه‌ و نه‌یتوانیووه‌ ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستبهێنێت.

هه‌روه‌ها وتی "بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌كانمان باش نییه‌، چونكه‌ له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منییدا كاكه‌یی خۆیان به‌شدارنین و نازانن چی ده‌گوزه‌رێت، ته‌نیا له‌ دوره‌وه‌ ده‌بیستین جێگۆڕكێ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كرێت بێ هیچ پرس و راوێژێك به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌".

هیچ كاكه‌ییه‌ك پۆستی باڵا و بڕیارده‌ری لە سوپا و هێزەئەمنییەکاندا نییه‌. له‌ ساڵانی رابردوشدا، فه‌وجێكی حه‌شدی شه‌عبی كاكه‌یی هه‌بووە به‌ڵام به‌هۆی بێ موچه‌یی و نه‌بونی پشتگیرییه‌وه‌ كاره‌كانیان راگرت.

ئیبراهیم مسته‌فا ئاغا كاكه‌یی (74 ساڵ)، سه‌رۆكی گشتی هۆزه‌كانی كاكه‌یی له‌ عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه‌ تائێستا (2003-2020) زیاتر له‌ 300 شه‌هیدمان هه‌بووه‌، به‌ڵام نه‌بۆته‌ دۆسیه‌یه‌كی جددی، چونكه‌ هیچ نوێنه‌رێكمان نه‌بووه‌ له‌كاتی پێویستدا داوای مافكانمان بكات و بەرگریمان لێبكات".

ئه‌و پێیوایه‌ دۆسیه‌ی كاكه‌یی فەراموشکراوە و ھیچ لایەنێکیش به‌جددی ئاوڕیان لێناداته‌وه‌.

تا كه‌ی به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزاری و خراپی باری ئه‌منییه‌وه‌ گونده‌كانمان چۆڵبكه‌ین

"بەسە ئیتر؛ ناکرێت بەوشێوە سەیری کاکەیی بکرێت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، تا كه‌ی به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزاری و خراپی باری ئه‌منییه‌وه‌ گونده‌كانمان چۆڵبكه‌ین و ئاواره‌بین" ئیبراهیم ئاغا واده‌ڵێت.

كاکەییەکان لە چەندین ناوچه‌ی عیراقدا دەژین، جگه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، بە زۆرى لە کەرکوک، هەڵەبجە، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت، به‌ڵام ئایینه‌كه‌یان لە دەستوردا بەفەرمى نەناسراوه.

سه‌رۆكی هۆزه‌كانی كاكه‌یی ده‌ڵێت به‌ فه‌رمی داوای چه‌ند پۆستێكیان داوه‌ته‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق، له‌وانه‌ دانانی كورسی كۆتا له‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، دامه‌زراندنی راوێژكاری كاكه‌یی له‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا.

كاكه‌ییه‌كان زیاد له‌ جارێك هه‌وڵیانداوه‌ كورسی كۆتایان بۆ ته‌رخانبكرێت، دوایینیان له‌ كۆتاییه‌كانی 2019دا بوو، به‌ڵام جارێكیتر بێئومێد بون و ئێستاش ده‌یانه‌وێت له‌ یاسای نوێی هه‌لبژاردنه‌كاندا كه‌ په‌رله‌مانه‌، كورسییه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ خۆیان جێگیربكه‌ن.

daququq
كه‌ركوك، ئازاری 2019، گوندێكی كاكه‌یی نشین له‌ سنوری قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سه‌لام به‌هرام كاكه‌یی (59 ساڵ)، چاودێری سیاسی له‌ كه‌ركوك په‌رته‌وازه‌یی و دابه‌شبونی جوگرافی كاكه‌یی، به‌ هۆكارێك ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كاندیدێكی كاكه‌یی ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستنه‌هێنێت، به‌وپێیه‌ی هه‌لبژاردن له‌ عیراق فره‌بازنه‌ییه‌ نه‌ك یه‌ك بازنه‌.

"ئه‌گەر ھەڵبژاردن بەیەک بازنە لە عیراق بەڕێوەبچێت، بەدڵنیاییەوە دەبینە خاوه‌ن دوو بۆ سێ كورسی پەرلەمان" به‌وته‌ی سه‌لام بۆ (كه‌ركوك ناو).

"پله‌دارێكی به‌رزی سه‌ربازی كاكه‌یی له‌ حكومه‌تی عیراق یان هه‌رێمی كوردستان هه‌بوایه‌ ئێستا كێشه‌ی ئه‌منی ناوچه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كرا و له‌ هه‌موو ناوچه‌یه‌كدا به‌ ئاسانی نه‌ده‌بوینه‌ ئامانجی كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كان".

كاكه‌یی له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستانیشدا، نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ناوه‌ندی بڕیار، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌هرام ده‌ڵێت؛ هۆكارێكه‌ بۆ نه‌بونی پشتگیریی حزبی، كه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی وه‌رگرتنی پۆست و نوێنه‌رایه‌تییه‌ له‌ وڵاتدا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT