خانه‌قین؛ له‌ چوار رۆژدا پێنج هێرش و كرده‌وه‌ی توندوتیژی تۆماركراون

دیالە/ حوزەیرانی 2020/ هێزێكی سوپای مغاویر لە شەقامێكی سەرەكی دەرەوەی قەزای خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی – دیاله‌

ته‌نیا له‌ ماوه‌ی چوار رۆژدا، پێنج هێرشی چه‌كداریی و روداوی كه‌وتنه‌وه‌ی هاوه‌ن له‌ گونده‌كانی قه‌زای خانه‌قین تۆماركراون، هه‌رچه‌نده‌ كه‌متر له‌ مانگێك تێپه‌ڕ بووه‌ به‌سه‌ر دوایین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌ عیراقییه‌كاندا.

كاتژمێر 8:30 خوله‌كی شه‌وی رابردوو، 6ی ئاب، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر هێزێكی سوپا له‌ گوندی گه‌بیه‌ی ناوچه‌ی گڵه‌ی له‌ باكوری خۆرئاوای خانه‌قین.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ لیوای مغاویری سوپا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ سه‌ربازێكی سوپا شه‌هید بوو، سێ سه‌ربازی دیكه‌ش برینداربون"، به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه چه‌كداره‌كان داعش بون.

هێزه‌كه‌ی سوپا له‌ فه‌وجی یه‌كی لیوای مغاویر سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگای دیاله‌ بون.

به‌وته‌ی هاوڵاتیه‌ك له‌ ناوچه‌ی گڵه‌ی، هه‌مان شه‌و، هاوه‌نێك كه‌وتۆته‌ ناو گوندی شیرك و فیشه‌كیش به‌ر خانوی هاوڵاتیان كه‌وتووه،‌ به‌ڵام دیارنییه‌ داعش بون یان له‌ ئه‌نجامی پێكدادانی سوپا و چه‌كداره‌كانه‌وه‌ به‌ر ئه‌و گونده‌ كه‌وتون.

فه‌وجی یه‌كی لیوای مغاویر، له‌ ناوچه‌كانی باكوری خۆرئاوای خانه‌قین و باكوری جه‌له‌ولا جێگیربون، كه‌ هێڵی ته‌ماسی نێوان هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی و پێشمه‌رگه‌ن.

شه‌وی 5ی ئابیش له‌ خانه‌قین، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده‌سه‌ر گوندی ئوم حونته‌ له‌ باكوری جه‌له‌ولا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی گیانی لێبكه‌وێته‌وه‌.

له‌ 29ی ته‌مموز فه‌وجی یه‌كی لیوای مغاویری سوپا، له‌ گوندی قایه‌ی ناوچه‌ی گڵه‌ی روبه‌ڕوی هێرشێكی چه‌كداری بونه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ربازێكیان كوژرا.

هه‌ر له‌ 29ی ته‌مموز و له‌ گوندی ئیسڵاح له‌ جه‌له‌ولا، هاوه‌نێك كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و ئافره‌تێك به‌ سوكی بریندار بوو.

xanaqi-7-3
دیاله‌، ته‌موزی 2020، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان له‌ خانه‌قین فۆتۆ: راگه‌یاندنی لیوای 1ی حه‌شدی شه‌عبی

ئەو هێرشانه‌ لەكاتێكدایە، هێزە عیراقییەكان لە دواین ئۆپەراسیۆنیاندا لە ناوچەكانی جێناكۆك و بەتایبەت لە سنوری قەزای خانەقین، له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا، جەختیان لە لاوازكردنی داعش كردەوە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەیانەوە.

جواد داودی، ئەنجومەنی پێشوی گوندی شیرك له‌ خانه‌قین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه‌ 32 خێزان له‌ گوندی شیرك ئاواره‌ بون".

210 خێزانی كورد و عه‌ره‌ب له‌و گونده‌ نیشته‌جێن.

له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی نێوان شاندی پێشمه‌رگه‌ و سوپا، كۆتایی ته‌مموزی 2020، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئاماده‌كاری بۆ پێكهێنانی ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی نێوان هه‌ردوو هێزه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی لاوه‌كییه‌ بۆ پێكهێنانی ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ دیاله‌ هیچ كێشەیەك بۆ دروستكردنی ئەو ناوەندە هەماهەنگییە نییە، كێشه‌ و گرفته‌كه‌ له‌ كه‌ركوكه‌، بۆیه‌ هێشتا رێككه‌وتنی كۆتایی وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری بۆ كاتی كردنه‌وه‌ی ناوه‌نده‌ هاوبه‌شه‌كان نه‌كراوه‌".

هه‌ردوو وه‌زاره‌ت بڕیاریانداوه‌ به‌ پێكهێنانی چوار ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، له‌ ناوچه‌كانی ته‌ماسی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا، له‌ سنوری خانه‌قینه‌وه‌ تا قه‌ره‌ته‌په‌ بڵاوه‌یانپێكراوه‌، تا له‌گه‌ڵ سوپادا بۆشایی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ی توندوتیژی له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی خانه‌قین تۆماركراون، له‌ نێویاندا چه‌ندین هێرشی چه‌كداری بۆ گوندنشینان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و برینداربون، جگه‌له‌وه‌ی زیانی زۆری ماددییان لێكه‌وتۆته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT