لە بازگەكاندا: بەرتیل و سەرانە سەروەرن

رێگایەكی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە سنوری پارێزگای دیالە

دژوار رێبوار

حکومەتی عیراق دەستەوەستانە لە بەرامبەر ئەو بازگانەی لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، سەرانە و بەرتیل لە بارهەڵگرەكان وەردەگرن، ئەوەش وەك لەمپەرێكی گەورە دەبینرێت لەبەردەم كاری بازرگانیدا.

لەو بازگانە یان دەبێت راستەوخۆ بارهەڵگرەكان پارە بدەن وەك سەرانە، یان دەبێت بەرتیل بە گروپی جۆراجۆر بدەن تا بارەكانیان لە بازگەكاندا بۆ تێدەپەڕێنن. سكاڵای بازرگان و شۆفێران بۆ حكومەتی عیراق نەیتوانیوە رێگری بكات لەو دیاردەیە.

عەبد عەلی شۆفێرێکی عەرەبە و لە دەروازەی پەروێزخانەوە بار بۆ بەغدا و ناوچەکانی خواروی عیراق دەبات، وتی "پارەی گومرگ دەدەین، بارەکانمان یاساییە و مەوادی قاچاخ بار ناکەین، کەچی لە بازگەکانی حکومەتی عیراق گرفتمان بۆ دروستدەکرێت".

عەبد عەلی، رۆژی هەینی لە دەروازەی پەروێزخان قسەی بۆ (کەرکوک ناو) کرد، وتی "لە بازگەکان لامان دەدەن، مامەڵە یاساییەکانیان پێدەدەین، کەچی ناهێڵن بڕۆین و داوای پارەمان لێدەکەن، ئەو كارە بێزاری كردوین".

"لەهەر بازگەیەک 100 هەزار و 50 هەزار و هەندێکجار 25 هەزار دینارمان لێوەردەگرن، تا دەگەینە بەغدا، نزیکەی 300 هەزار دینارمان بەبەرتیل دا دەڕوات"، بەوتەی عەبد.

duzxwrmatu-2
سه‌ڵاحه‌دین، 8ی حوزه‌یرانی 2020، داخستنی یه‌كێك له‌ بازگه‌كانی ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌ت

سەرانە و بەرتیل لە بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دیاردەیەکی نهێنی نییە، بەڵکو مەسەلەکە هێندە ئاسایی بووەتەوە، بە ئاشکرا شۆفێری بارهەڵگرەکان رادەگیرێن و داوای پارەیان لێدەکرێت.

ئەحمەد گەرمیانی، بازرگانێکی کوردە و لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کاری بازرگانی دەکات، بە (کەرکوک ناو)ی وت "گروپ لە بەغدا هەن، ئیشیان دەربازكردنی ئەو بارانەیە لە هەرێمەوە بۆ بەغدا دەبرێن، تا تەنسیق لەگەڵ ئەو گروپانە نەکەیت، ئەستەمە بتوانیت بار بۆ بەغدا ببەیت".

تا  لەگەڵ ئەو گروپانە رێكنەكەویت، ئەستەمە بتوانیت بار بۆ بەغدا ببەیت

بەپێی وتەی ئەو بازرگانە، بازگەکان لەگەڵ ئەو گروپانە هەماهەنگییان هەیە، "گومرگ بدەیت، مامەڵەکانت یاسایی بن، ئەمانە لەبازگەکاندا ناخۆن، دەبێت پارە بدەیت".

ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی، بۆ بارهەڵگرێک شیرەمەنی کە رەوانەی بەغدای دەکات، 800  دۆلار دەداتە ئەو گروپەی بارەکان لە بازگەکان دەربازدەكەن، "من كارەكەم یاساییە ئەوەندە دەدەم، ئەوانەی شتی قاچاخ بار دەکەن و نوسراوی گومرگیان نییە، ئەوان پارەی زیاتر دەدەن".

رۆژی 11ی مانگی رابردوو، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەکاتی سەردانیکردنی دەروازەی مەنزەریەی سنوری قەزای خانەقینی پارێزگای دیالەدا، ژمارەیەک بازگەی لە نێوان قەزای خانەقین و ناحیەی مەندەلی لابرد، کە شۆفێری بارهەڵگرەکان سکاڵایان لەو بازگانە کردبوو، بەوەی پارەیان لێوەردەگرن، بەڵام دواتر بازگەکان دانرانەوە.

زۆرێک لەو بازگانەی بەرتیل و سەرانە دەستێنن، ئەگەرچی جلی فەرمی سەربازیان لەبەردایە، بەڵام کار بۆ گروپە چەکدارە میلیشیاکان دەکەن و بونەتە سەرچاوەی ئابوری بۆ ئەو گروپانە.

لە 26ی مانگی رابردوو، هێزێکی تایبەتی سەر بە حکومەتی عیراق کە لەبەغداوە نێردرابون، هەڵیانکوتایە سەر بازگەی مەفتول-ی سەر بە قەزای دوزخورماتوو، کارمەندانی بازگەکەیان بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرد، بەڵام رۆژی دواتر ئازادیان كردن و بازگەکەش دانرایەوە.

ئازاد حەمید، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی سەدر و سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی شارەوانی ناحیەی مەندەلی، بە(کەرکوک ناو)ی وت "پارە و بەرتیل وەرگرتن لە بازگەکان بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو لە عیراقدا، گەندەڵی لەوە دەرچووە، بتوانرێت بەری پێبگیرێت".

ئەو وتی كە پێویستە بازگەكان كەمبكرێنەوە و گرفت لەبەردەم بازرگانەكان نەهێڵدرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT