ئەنجومەنی خۆسه‌ری دیموکرات، جەختدەكاتەوە لە "بونی دەستی توركیا" بۆ ناو ئێزیدیبیەكان لە چیای شنگال و هاندانیان بۆ خۆپیشاندان و "تۆمەتبەخشینەوە" بە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
ئەو بۆچونەی ئەنجومەنی خۆسەری – ئەنجومەنێكە بۆ ئیدارەدانی ناوچەكانی شنگال پێكهێنراوە و بیروبۆچونیان نزیكە لە پەكەكە-وە، دوای ئەوە هات، كە بەشێك لە ئێزیدییەكان دژی پەكەكە خۆپیشاندانیان كرد و تۆمەتباریان كردن بە "رفاندنی" گەنجەكانیان.
خۆپیشاندانەكە ئێوارەی سێشەممە 11ی ئاب لە ناوچەی سەردەشت لە چیای شنگال بەڕێوەچوو و تیایدا داوایانكرد هێزەكانی نزیك لە پەكەكە ناوچەكە چۆڵبكەن.
جه‌میل سلێمان، لێپرسراوی په‌یوەندییه‌کان له خانی ئێزیدی – بەرگری لە مافی ئێزیدییەكان دەكەن- به (که‌رکوک ناو)ی وت "دژی هێزه ناشه‌رعییەكان خۆپیشاندان دەكەین، ئەو هێزانە سەرچاوەی كێشەن و دیمۆگرافیای شنگالیان تێكداوە".
"له هه‌موشی خراپتر هێشتا چاره‌نوسی زیاتر له 70 کوڕ و کچی ناوچه‌که‌مان دیار نییە و بێسه‌روشوێنن که له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانەوە رفێنراون"، جەمیل وایوت، كە خۆی یەكێكە لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان.
بەڵام حه‌سو ئیبراهیم، جێگری سه‌رۆکی ئەنجومەنی خۆسه‌ری دیموکرات له شنگال به (که‌رکوک ناو)ی وت "ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌رپه‌رشتی گردبونه‌وه‌نه‌کانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت ده‌که‌ن ده‌ستێکی ده‌ره‌کییان له پشته، به‌تایبه‌ت دەستی تورکیا... پێشئه‌وه‌ی ده‌ست به گردبونه‌وه بکه‌ن، سه‌ردانیان كردین و لەگەڵ یه‌کتر قسه‌مان کردووە، به‌ڵام داواکارییه‌کانیان رون و ئاشکرا نییه، هه‌ر جارێک شتێک ده‌ڵێن".
"تۆمەتی رفاندن و سوتانی چیای شنگالیان خستۆتە پاڵ پەكەكە، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە"، حەسۆ وایوت.
تۆمەتی رفاندن و سوتانی چیای شنگالیان خستۆتە پاڵ پەكەكە، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە
دوو ساڵە 70 كچ و كوڕی ئێزیدی "بێسەروشوێنن"، ئەوەش بەپێی ئامارێكی خانی ئێزیدی لە شنگال و بەشێك لەو پێكهاتە ئایینییە هێزەكانی ناوچەكە بەو روداوانە تۆمەتباردەكەن و داوا لە حكومەتی عیراق دەكەن دەستوەردان بكات.
بەڵام حەسۆ ئیبراهیم وتی "هه‌ندێک که‌س به‌ویستی خۆیان په‌یوه‌ندییان به هێزه‌کانی په‌که‌که‌وه کردوە و نایانه‌وێت له‌و هێزانە داببڕێن، بۆ نمونه ژنێک که لەو گردبونەوەیە بەشداربوو، کوڕێکی لە قەندیلە و بە دایك و باوكی وتوە من باوەڕم بەم هێزە (پەكەكە) هەیە و ناگەڕێمەوە، بەڵام دایكی دەڵێت رفێنراوە".
ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لە شنگال كە لەلایەن حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە دانپێدراو نییە، جەخت دەكاتەوە لەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی مافی هەموو كەسێكە و تەنانەت هێزەكانیان لە گردبونەوەكاندا ئەركی پاراستنی گیانی خۆپێشانده‌رانیان لە ئەستۆ گرتووە.