لە چەقی شڵەژانی دۆخی شنگالدا
دوو ساڵە 70 گەنجی ئێزیدی بێسەروشوێنن

نه‌ینه‌وا/نیسانی 2019/ خه‌ڵكی گرعزێری قه‌زای شنگال له‌كاتی دیاریكردنی جه‌لال خه‌ڵه‌ف بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز

دوو ساڵە 70 كچ و كوڕی ئێزیدی "بێسەروشوێنن"، ئەوەش بەپێی ئامارێكی خانی ئێزیدی لە شنگال كە داكۆكی لە مافی ئێزیدییەكان دەكات. بەشێك لەو پێكهاتە ئایینییە هێزەكانی ناوچەكە بەو روداوانە تۆمەتباردەكەن و داوا لە حكومەتی عیراق دەكەن دەستوەردان بكات.

ئێوارەی یەكشەممە 26ی تەمموز، ژمارەیەك لە دانیشتوانی شنگال لە ناوچەی سەردەشت گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان بۆ هەمان مەبەست رێكخست و تیایدا كەسوكاری بێسەروشوێنانی دوو ساڵی رابردوو بەشدارییان كرد.

فه‌قیر حه‌جی، دانیشتوى قه‌زای شنگال، یەكێك لە بەشداربوانی گردبونەوەكە، لە 15ی نیسانی 2018ەوە كوڕێكی 21 ساڵی بێسەروشوێن بووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەم لەگەڵ خۆم كاریدەكرد، خەریکی کشتوکاڵ و بەخێوكردنی ئاژەڵ بوو؛ هیچ په‌یوه‌ندییەكمان به‌ سیاسه‌ت و حزبه‌وه‌ نییه‌ و هیچ تاوانێكیشی نەبووە".

"پرسیاری زۆرمان لە هێزە ئەمنییەكانی شنگال و حزبەكان كرد، دەڵێن هیچ زانیارییەكمان نییە، پێش شه‌ش مانگ که‌سێکی نزیکمان وتی: لە ناوچەی حەفتانین بینیومە".

snwne.shngal. ibrahim ezidi (2)
نه‌ینه‌وا، 2020، بازگه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوه‌ندی ناحیه‌ی سنونێ له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

حەفتانین، ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە لە نێوان سنوری عیراق و توركیا.

"ئه‌و که‌سه‌ی زانیاری به‌ ئێمه‌ داوه‌ ماوه‌یه‌ک له‌ ناوچه‌ی حه‌فتا‌نین بووە و پێمانوایە لەسەدا 100 قسەكانی راستن"، فەقیر حەجی، هێزەكانی نزیك لە پەكەكەی لە شنگال تۆمەتباركرد بە دیارنەمانی كوڕەكەی.

یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)و یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، دوو هێزی ئێزیدی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستانن لە شنگال، لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكە لە 2014 دروستبون و لە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە لەژێر دەستی داعش رۆڵیان هەبوو.

(كەركوك ناو) لە دوو رۆژی رابردودا، نەیتوانی هیچ لێدوانێك لەو دوو هێزە وەربگرێت، چونكە ئامادەنەبون قسە بكەن، تەنیا وتیان "ئەوە بابەتێكی ناوخۆییە".

فه‌قیر حه‌جی، وتی "زیاتر له‌ 20 که‌سی تر ده‌ناسم چاره‌نوسی کوڕ و کچەكانیان نادیارە، چه‌ندین جار پرسیارمان له‌ فه‌رمانده‌کانی نزیک له‌ په‌که‌که‌وه‌ کردووه‌ ده‌ڵێن به‌ زوترین کات کوڕەکه‌ت دێتەوە، بەڵام هیچ دیارنییه‌".

زیاتر له‌ 20 که‌سی تر ده‌ناسم چاره‌نوسی کوڕ و کچەكانیان نادیارە

ئەو دوو هێزەی نزیك لە پەكەكە كە چەند جارێك لە راگەیەندراوەکانیاند وتویانە بەشێكن لە هێزە عیراقییەكان، لە ساڵی 2014ەوە لە ئێزیدییەكانی ناوچەكە پێكهێنراون و خەڵكی بە خواستی خۆی پەیوەندی پێوەكردون.

بەپێی ئامارێكی خانی ئێزیدی لە شنگال - داكۆكی لە مافی ئێزیدییەكان دەكات -  لە دوو ساڵی رابردودا 70 كوڕ و كچ بە شوێن ونبوو تۆماركراون.

گردبونەوەكەی یەكشەممە له‌لایه‌ن خانی ئێزیدی (البیت الایزیدی فی جبل سنجار سردشتی) رێکخرابوو.

جه‌میل سلێمان، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌کان لە خانی ئێزیدی به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "کۆمه‌ڵێک شتی زۆر خراپ له‌ قه‌زای شنگال رووده‌ده‌ن و بونەتەهۆی ترس و دڵەڕاوكێ بۆ ئێزیدییەكان".

ybsh
نه‌ینه‌وا، 2017، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) له‌ قه‌زاكه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

 

جەمیل وتی "بێسەروشوێنبونی خەڵك، سوتاندنی چیای شنگال و دەیان رەز و باخ، لەگەڵ هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە و فرە هێزی، ئەمانە دۆخی شنگالیان خراپكردووە".

فرە هێزی لە شنگال، بكەری روداوەكانی تاڕادەیەك بە نادیاری هێشتۆتەوە، كە به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زیاتر له‌ پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له‌و قەزایە هه‌ن، له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان.

جه‌میل سلێمان، وتی "بۆ نمونە سوتاندنی چیای شنگال بەپێی زانیارییەكانی ئێمە بە مەبەست لەلایەن هێزێكی ناشەرعییەوە کراوە"، بێ ئەوەی ناوی هێزەكە بهێنێت.

بۆ نمونە سوتاندنی چیای شنگال بەپێی زانیارییەكانی ئێمە بە مەبەست لەلایەن هێزێكی ناشەرعییەوە کراوە

"ئه‌م گردبونه‌وه‌یه‌ بۆ سێ ئامانجی سه‌ره‌کییە، دەركردنی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئاشكراكردنی چارەنوسی 70 كوڕ و كچ و تێكدانی دەیان خاڵی سەربازیی و بارەگای حزبی لە چیای شنگال"، جەمیل وایوت.

خۆپیشاندەران داوایان لە حكومەتی عیراق كرد، دەستوەردان بكات و هێزە ناشەرعیی و بارەگای حزبی و سەربازیی لەناو شنگال نەهێڵێت، کە بە ووتەی ئەوان ئەو هەنگاوە یارمەتی ئاشکراکردنی چارەنوسی گەنجەکانیان دەدات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT