رفێنراوانی شه‌به‌ك سۆراغیان نییه‌

هه‌ولێر، 2014، ژماره‌یه‌ك منداڵی شه‌به‌ك دوای ئاواره‌بونیان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌واوه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ فۆتۆ:ئیحسان عه‌لی

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

شه‌ش ساڵی ره‌به‌قه‌؛ عه‌مار فازڵ شوێن نه‌ماوه‌ به‌دوای دوو برا بێسه‌روشوێنه‌كه‌یدا نه‌گه‌ڕێت، نه‌ به‌مردویی نه‌ به‌زیندویی هیچ سۆراغێكی ده‌ستناكه‌وێت.

دوو براكه‌ی عه‌مار، له‌گه‌ڵ 26 هاوڵاتی تری پێكهاته‌ی شه‌به‌ك، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وتنه‌ ده‌ستی (چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام – داعش).

"دوای رفاندنیان به‌شێكیان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سوریا، به‌تایبه‌ت بۆ ره‌ققه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان بیست، ئیتر نازانین شه‌هید كراون یاخود له‌ ژیاندا ماون" عه‌مار فازڵ، له‌باره‌ی چاره‌نوسی دوو براكه‌یه‌وه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

"خوا حه‌قی ئێمه‌ بسه‌نێت، له‌هه‌موو شتێك بێزاربوین، ئه‌وه‌نده‌ گه‌ڕاین و هیچ شتێكمان ده‌ستنه‌كه‌وت".

له ‌هه‌موو شتێك بێزاربوین، ئه‌وه‌نده‌ گه‌ڕاین و هیچ شتێكمان ده‌ستنه‌كه‌وت

هاوشێوه‌ی كه‌مینه‌كانی تری نه‌ینه‌وا، هاوڵاتیانی شه‌به‌ك له‌ ناوه‌ڕاستی 2014ەوە تا كۆتایی 2017 روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونه‌تەوه‌ له‌لایه‌ن داعشەوە.

عه‌مار كه‌ خێزانه‌كه‌ی له‌كاتی هێرشه‌كانی داعشدا له‌ گوندی عومه‌ركانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بون، وتی "به‌ دوو براكه‌ی منه‌وه‌ 28 كه‌سی گونده‌ رفێنران، هه‌موو كه‌سوكاری یه‌كتری بوین، وا شه‌ش ساڵه‌ هیچ سۆراغێكیان نییه‌، چوینه‌ته‌ زۆر شوێن، له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ تا خاچی سوری نێوده‌وڵه‌تی، بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌وڵێكی دڵخۆشكه‌رمان ده‌ستبكه‌وێت".

زیاتر له‌ 233 هاوڵاتی شه‌به‌ك له‌ پیاو، ژن و منداڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنراون.

قوسه‌ی عه‌باس، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ پێكهاته‌ی شه‌به‌ك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "زیاتر له‌ 233 هاوڵاتی شه‌به‌ك چاره‌نوسیان نادیاره‌، كه‌س نازانێت شه‌هیدكراون یان له‌ شوێنێكدا ده‌ستبه‌سه‌رن".

به‌دواداچونه‌كانی قوسه‌ی عه‌باس، سه‌دا 90ی رفێنراوان پیاو و ئه‌وانیتر له‌ ژن و منداڵ پێكهاتون.

shabak
دهۆك، 2016، كه‌مپی ئاواره‌كانی هاوڵاتیانی شه‌به‌ك له‌ قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

"به‌دواداچونمان كردووه‌، له‌ زۆر شوێن، له‌ زیندانه‌كانی به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ش، به‌ڵام ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر نییه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت، كۆڵیان له‌ دۆسیه‌كه‌ نه‌داوه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌دا به‌دواداچون ده‌كه‌ن.

"كۆمه‌ڵێك رێكخراو و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هاوكاری ئێزیدییه‌كانیان كردوه‌ بۆ رزگاركردنی رفێنراوانیان به‌ڵام بۆ شه‌به‌ك و ئه‌وانیتر ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ بۆیه‌ تائێستا دۆسیه‌كه‌ به‌ بێده‌نگی ماوه‌ته‌وه‌" به‌وته‌ی قوسه‌ی عه‌باس.

داعش جگه‌ له‌ شه‌به‌ك، هه‌زاران هاوڵاتی ئێزیدی و توركمانی له‌ نه‌ینه‌وا رفاند، كه‌ ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ له‌رێی ده‌زگا و لایه‌نی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌، به‌دواداچون بۆ چاره‌نوس و رزگاركردنی كه‌سوكاریان له‌ ده‌ستی داعش ده‌كه‌ن.

راستییه‌كی تاڵ و ناخۆشه‌ ئه‌گه‌ر به‌ كه‌سوكاری رفێنراوان بڵێین هه‌مویان كوژراون

"له‌ ساڵی 2018دا فۆڕمان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پڕكرده‌وه‌، تا به‌دوای كه‌سوكاره‌ بێسه‌روشوێنه‌كانماندا بگه‌ڕێن، به‌ڵام هیچ ده‌ره‌نجامێكی نه‌بوو، له‌وكاته‌وه‌ ته‌نانه‌ت ته‌له‌فۆنێكیشمان بۆ نه‌كرا" نه‌شوان حامد وای وت.

نه‌شوان ئامۆزایه‌كی به‌ناوی ریاز فه‌تحی حه‌مید، كه‌ باوكی پێنج منداڵه‌، له‌ ته‌مموزی 2014دا له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌ددامی موسڵ كه‌وتۆته‌ ده‌ستی داعش، له‌وكاته‌وه‌ سۆراغی نییه‌.

زۆرینه‌ی رفێنراوانی شه‌به‌ك، خه‌ڵكی گونده‌كانی عومه‌ركانی، باجربوغ، شه‌مسیاد و سه‌نته‌ری شاری موسڵ بون.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌رله‌وه‌ی له‌ كۆتایی 2019دا هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، به‌دواداچونی بۆ دۆسیه‌ی رفێنراوانی ده‌ستی داعش كردووه‌، له‌وانه‌ هاوڵاتیانی شه‌به‌ك.

غه‌زوان داودی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی نه‌ینه‌وا له‌ پێكهاته‌ی شه‌به‌ك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ 2018دا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو ژماره‌یه‌ك له‌ رفێنراوانی شه‌به‌ك له‌ ژیاندا ماون و له‌ پارێزگای موسه‌ننان، دوای به‌دواداچون ده‌ركه‌وت راست نییه‌".

shabak (2)
مه‌زاری پیرداودی شه‌به‌ك له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا كه‌ مێژوه‌كه‌ی بۆ سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و داعش له‌كاتی هێرشه‌كاندا خاپوری كرد فۆتۆ: ئیحسان عه‌لی

"داعش له‌ موسڵ نزیكه‌ی دوو هه‌زار مه‌ده‌نییان كوشتووه‌، له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان، بۆیه‌ باوه‌ڕناكه‌م یه‌ك رفێنراوانی شه‌به‌ك له‌ ژیاندا مابێت، ره‌نگه‌ زۆرینه‌یان خرابنه‌ چاڵی خه‌سفه‌وه، به‌پێی یاساش هه‌ركه‌سێك تا چوارساڵ بێسه‌روشوێن بوو به‌ مردوو هه‌ژمارده‌كرێت" به‌وته‌ی داودی.

خه‌سفه‌، چاڵێكی قوڵه‌ له‌ ده‌شتاییه‌كانی باشوری شاری موسڵ، داعش ئه‌و شوێنه‌ی كرد به "چاڵی مه‌رگ" دوای به‌سه‌رداگرتنی موسڵ، زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی روبه‌ڕوی كوشتن و له‌ سێداره‌دان ده‌بونه‌وه‌، ته‌رمه‌كانیان ده‌خرایه‌ ئه‌و چاڵه‌وه‌.

غه‌زوان داودی وتی "راسته‌ قسه‌یه‌كی تا بڵێی تاڵ و ناخۆشه‌ ئه‌گه‌ر به‌ كه‌سوكاری رفێنراوان بڵێیت هه‌مویان كوژراون، به‌ڵام له‌وه‌ زیاتر هیچی تر نییه‌، ته‌نیا ماوه‌ته‌وه‌ له‌رێی دادگاوه‌ داوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ بكه‌ن، كه‌ تائێستاش یه‌ك كه‌س له‌ نه‌ینه‌وا قه‌ره‌بونه‌كراوه‌ته‌وه‌".

ژمارەی شه‌به‌ك به‌ 300 بۆ 350 هه‌زار كه‌س له‌ عیراق هه‌ژمارده‌كرێت؛ سه‌دا 60یان له‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ و ئه‌وانیتر سونه‌مه‌زهه‌بن، به‌ زۆری ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی باشیك، به‌رتڵه‌، حه‌مدانیه‌، تلكێف و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا.

عه‌مار فازڵ، زۆر ده‌نگۆی له‌سه‌ر رفێنراوانی شه‌به‌ك بیستووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌وترێت هه‌رچییه‌ك بن، ئه‌و ئاماده‌نییه‌ واز له‌ سۆراغی دوو براكه‌ی بهێنێت، هێشتا بێ ئومێد نه‌بووه‌، "هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ دوجار ئازار ده‌كێشین؛ جارێك بۆ كه‌سوكارمان و جارێكییتر بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س پشتگیری و هاوكاریمان ناكات" عه‌مار وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT