روفاتی قوربانیانی كۆجۆ ساڵێكه‌ له‌ به‌غدان

دهۆك، 15ی ئابی 2020، ئاواره‌كانی كه‌مپی قادیا یادی كۆمه‌ڵكوژی ئیزیدییه‌كانی گوندی كۆجۆی شنگال ده‌كه‌نه‌وه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

روفاتی قوربانیانی گوندی كۆجۆی شنگال، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ بۆ پشكنین ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون، سه‌رباری ناسینه‌وه‌ی 100 روفات هێشتا واده‌ی به‌ خاكسپاردنیان نادیاره‌.

مه‌راسیمی به‌ خاكسپاردنه‌وه‌ی روفاتی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كۆجۆ، له‌ ساڵی رابردوه‌وه‌، زیاد له‌ جارێك و به‌ پاساوی جیاواز دواخراوه‌.

"روفاتی زیاتر له‌ 100 قوربانی ناسراونه‌ته‌وه‌، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ پزیشكی دادی به‌غدان‌، بۆچی راده‌ستی ئێمه‌ی ناكه‌نه‌وه‌؟، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر كۆرۆنایه‌ خۆ ره‌نگه‌ چه‌ندین مانگی تر بارودۆخه‌كه‌ به‌ هه‌مانشێوه‌ى ئێستا بمێنێته‌وه‌" كچێ عه‌مو سلۆ، وای وت.

كچێ؛ خه‌ڵكی گوندی كۆجۆیه‌ و چوار برای به‌ ده‌ستی داعش كوژراون، كاتێك له‌گه‌ڵ 75 كه‌سی تر له‌ كه‌سوكاری كه‌وتنه‌ ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌، "شه‌ش ساڵه‌ ته‌نیا دوو داواكاریمان هه‌یه‌؛ رزگاركردنی رفێنراوان و ده‌رهێنانی روفاتی قوربانیان و دوباره‌ به‌خاكسپاردنه‌وه‌یان".

"چوار برا و كه‌سوكاره‌كه‌م له‌ كۆجۆ كۆمه‌ڵكوژكران، خۆیشم به‌ برینداری رزگارم بوو، ته‌رمی براكانم له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا ده‌رهێنراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ساڵێكه‌ له‌ به‌غدان" به‌وته‌ی كچێ بۆ (كه‌ركوك ناو).

kojoo
شنگال، 2020، وێنه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ قوربانیان و بێسه‌روشوێنانی كۆجۆ فۆتۆ: په‌یجی كۆجۆ نیوز له‌ فه‌یسبوك

یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له‌ گوندی كۆجۆی قه‌زای شنگال، به‌ بڕیاری حكومه‌تی عیراق له‌ 15ی ئاداری 2019 هه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌ستیپێكرد، دوای ده‌رهێنانی 364 ته‌رم له‌ 17 گۆڕدا، روفاته‌كان بۆ پشكنین و ناسینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا كران.

بڕیاربوو 12ی ئاداری 2020، له‌ مه‌راسیمێكی فه‌رمیدا له‌ گۆڕه‌پانی بۆنه‌كانی به‌غداوه‌ روفاته‌كان به‌ڕێبكرێنه‌وه‌ بۆ قه‌زای شنگال له‌ نه‌ینه‌وا، تا دواتر و له‌ 14ی ئادار، له‌ گوندی كۆجۆ به‌خاكبسپێردرێن، به‌ڵام به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا مه‌راسیمه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواكه‌وت.

نایف جاسم قاسم، مۆختاری گۆندی كۆجۆ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پشكنینی روفاته‌كان له‌ به‌غدا رانه‌گیراون‌ و تائێستا 100 روفات ناسراونه‌ته‌وه‌"، نایف ده‌ڵێت ئاماده‌كاری بۆ كڕینی تابوت ده‌كه‌ن، تا له‌گه‌ڵ كه‌مبونه‌وه‌ی مه‌ترسی كۆرۆنا ده‌ستبه‌جێ روفاته‌كان ره‌وانه‌ی شنگال بكرێنه‌وه‌.

له‌ گوندی كۆجۆ گۆڕستانی گه‌وره‌ بۆ زیاتر له‌ 300 قوربانی ده‌ستی داعش دروستكراوه‌، دوای پشكنین و گه‌ڕانه‌وه‌ی روفاته‌كان له‌ به‌غدا، له‌و گۆڕستانه‌دا به‌خاكده‌سپێردرێن.

"گۆڕ ئاماده‌كراوه‌ بۆ ئه‌و روفاتانه‌ی ناسراونه‌ته‌وه‌ و ناوه‌كانیان نوسراوه‌" نایف وای وت.

موختاری گوندی كۆجۆ باسی له‌وه‌شكرد، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، به‌ڵێنیداوه‌ زۆرینه‌ی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ جێبه‌جێبكات، له‌ نێویاندا ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ روفاتی قوربانیانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ دیدارێكدا هات كاتێك 3ی ئاب له‌ به‌غدا چاویان پێكه‌وت.

gorrshngal
نه‌ینه‌وا، 2019، هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌گوندی كۆجۆی شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

له‌ سه‌ره‌تای ته‌مموزی 2019ـه‌وه‌ تیمه‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان كاره‌كانیان له‌ شنگال راگرتووه.

ئه‌یمه‌ن مسته‌فا، دادوه‌ری ده‌سته‌ی لێكوڵینه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاره‌كانمان بۆ وه‌رگرتنی نمونه‌ی خوێنی كه‌سوكاری قوربانییان و رفێنراوانی ئێزیدی بوو، زیاتر له‌ دوو هه‌زار نمونه‌ی خوێنمان ره‌وانه‌ی به‌غدا كردووه‌، بۆ دۆسیه‌ی پشكنینی روفاته‌كان و ناسینه‌وه‌یان".

ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی به‌غدا كاریانكردووه‌.

ئه‌یمه‌ن ده‌ڵێت له‌ كۆجۆ سه‌دان به‌ڵگه‌ و زانیارییان به چاودێری تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كۆكردۆته‌وه‌، "ئێستا هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر به‌غدا ‌و هیچ زانیارییه‌كی تازه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی روفاته‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان نییه‌".

داعش له‌ 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال و له‌ 15ی ئاب "كۆمه‌ڵكوژی" له‌ گوندی كۆجۆی ئێزیدینشین ئه‌نجامدا؛ به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدییان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی داعش كوژراون.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ له‌ سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه‌ مێژوه‌كانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

داود موراد خه‌تاری، لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندن له‌ جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "رۆژانه‌ به‌دواداچون ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی به‌غدا له‌گفتوگۆداین، خۆشبه‌ختانه‌ پشكنین و ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كانی كۆجۆ رانه‌گیراون به‌ڵام به‌هۆی كۆرۆناوه‌ كاره‌كان سست بون".

به‌وته‌ی خه‌تاری، لێپرسراوانی به‌غدا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌ زوترین كات پشكنین‌ و رێكاره‌كانی تر ته‌واو بكرێن، تا روفته‌كان له‌ زێدی خۆیاندا و به‌ ئاماده‌بونی كه‌سوكار و ئازیزانیان به‌ خاكبسپێردرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT