بەمزووانە كەركوك ئاسمان نابینێت

كەركوك/ ئازاری 2020/ بەشێك لە قەڵای كەركوك لە ئاسمانی شارەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد – كەركوك

"پێناچێت فڕۆكە بە ئاسمانی ئەم شارەوە ببینین، كوا فڕۆكەخانە هەیە"، سەیوان محێدین (38ساڵ)، بەمشێوەیە بێ ئومێدە لە كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك، كە دوو ساڵە لێپرسراوانی پارێزگاكە بانگەشەی كردنەوەی دەكەن.

سەیوان پیشانگەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی هەیە، دەڵێت دوو مانگە چاودێری تێكدانی رێگای بەردەم فڕۆكەخانە دەكات بە مەبەستی جوانكاریی، تائێستا چاكنەكراوەتەوە "دەبێت لە ناوەوەی فڕۆكەخانەكە چۆن كاربكرێت!".

دەستپێكردنی گەشت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك، دەیان بەربەست و كێشەی هونەری بۆ دروستبووە، بۆیە پێناچێت خەڵك بەمزووانە فڕۆكە بە ئاسمانی ئەو شارەوە ببینین.

ئەو پێشهاتە نوێیە دوای دەیان بەڵێنی لێپرسراوانی پارێزگاكە و حكومەتی عیراق دێت بە خەڵكی كەركوك، بەپێی بەڵێنەكانیان دەبوو لە مانگی یەكی 2019 فڕۆكەخانەكە بەڕوی هاوڵاتیاندا بكرایەتەوە.

نوێترین بەربەست كە پێناچێت بە ئاسانی چارەسەربكرێت، چۆڵنەكردنی گەڕەكی حەمزەلییە، كە دەكەوێتە نزیك دیواری فڕۆكەخانەكەوە و بەپێی نوێترین ئامار 620 خانوی تیایە.

matar1
كه‌ركوك، ئه‌یلولی 2019، نیشتنه‌وه‌ی یه‌كه‌م فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك كه‌ راكان سه‌عید، پارێزگار و شاندێكی باڵای عیراقی تێدا بوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگای کەرکوک بۆ کاروباری هونەری، بە (كەركوك ناو)ی وت "کێشەی گەڕەکی حەمزەلی بە چارەسەرنەکراوی ماوتەوە، پێویستە بەر لە كردنەوەی فڕۆكەخانەكە، ئەو گەڕەکە بە تەواوی ماڵەکانی لە بن دیواری فڕۆکەخانە دوربخرێتەوە".

ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی له‌ عیراق، سه‌ره‌تای ئایاری 2019 له‌ڕێی ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌وه‌، داوای له‌ خه‌ڵكی حه‌مزه‌لی كردووه‌،‌ ماڵه‌كانیان چۆڵبكەن.

پێشتر نەجات حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك – ئەنجومەنەكە ئێستا هەڵوەشاوەتەوە – بە (كەركوك ناو)ی وت "خانوه‌كانی حه‌مزه‌لی زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ دروستكراون، بۆیه‌ ده‌بوو له‌ پلانی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌دا وابكرایه‌ دوربن له‌ حه‌مزه‌لی و پێویست به‌ روخانی خانوی خه‌ڵك نه‌كرێت، چونكە بنیاتنانی خانووەكان كۆنترن لە بڕیاری بنیاتنانەوەی فڕۆكەخانەكە".

رێكلامێكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك

فڕۆکەخانەكە دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای كەركوك و لە ساڵی 1957ەوە وەک فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لە عیراقدا تۆمارکرا، بەڵام لەساڵی 2003 كرا بە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریكا.

لە 30ی حوزەیرانی 2019، راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، جەختیكردەوە لەوەی لەسەدا 85ی كارەكانی فڕۆكەخانە تەواوبووە و لە وەسفكردنیدا وتی "هاوشێوەی فڕۆكەخانەی بەغدایە".

ئەو وتەیەی راكان سەعید، لەكاتی سەردانیكردنی وەفدێكی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ بەدواداچون بۆ كارەكانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك.

frokaxana (4)
تاقیكردنه‌وه‌ی روناكییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی پێشوازی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی فڕۆكه‌خانه‌

دوای نزیكه‌ی مانگێك لەو وتەیەی راكان سەعید و لە 26ی تەمموزی 2019 ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق لە راپۆرتێكیدا جەختیكردەوە "تەنیا لەسەدا 1ی كارەكانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ركوك ته‌واو بووه‌ و چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ی ده‌وێت تا به‌ڕوی خه‌ڵكدا بكرێته‌وه".

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی نه‌زاهه‌؛ فڕۆكەخانەكە لە پڕۆژه‌ سسته‌كانی كەركوكە و 93 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلاری بۆ دابینكراوە.

ئیبراهیم محەمەد (40ساڵ)، فەرمانبەرە، وتی "هەمیشە بەڵێنی كردنەوەی فڕۆكەخانەكەمان پێدەدەن، بەڵام هیچ دیار نییە... بڕواموایە فڕۆکەخانە بەم نزیکانە ناکرێتەوە، چونکە کاری زۆری دەوێت، ئەوەی من بینیومە و بیستومە تەنیا کار لەسەر دروستکردنی بیناکەی کراوە".

هەمیشە بەڵێنی كردنەوەی فڕۆكەخانەكەمان پێدەدەن، بەڵام هیچ دیار نییە

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگار وتی "هێشتا لەڕوی هونەرییەوە ئیشی ماوە، هەروەها رێكاری تر ماوە تا بە تەواوی دەست بە گەشتی ئاسمانی بکات لە فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە".

"دەمانەوێت لە كۆتایی ئەمساڵدا، کارەکانی فڕۆکەخانەكە تەواو بكەین و گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبكەین". بەوتەی حەمادی.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT