"كۆرۆنا رێژەی بێكاری بۆ لەسەدا 30 بەرزكردۆتەوە"

كه‌ركوك، 2019، ده‌سته‌كانی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵ كه‌ رۆژانه‌ له‌نێو خۆڵ و خاشاك پلاستیك و شمه‌كی فڕێدراو كۆده‌كاته‌وه‌ تا بیفرۆشێت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لەیلا ئەحمەد

محەمەد سەمعان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خانەنشینی و دەستبەری كۆمەڵایەتی كەركوك، داوا دەكات ئەو كەسانەی بەهۆی كۆرۆناوە كارەكانیان لەدەستداوە سكاڵای یاسایی دژ بە خاوەنكارەكانیان تۆماربكەن. كە بەپێی ئامارەكانی ئەوان رێژەی بێكاری بۆ لەسەدا 30 تا لەسەدا 35 بەرزبۆتەوە.

سەمعان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو) وتی "ڤایرۆسی کۆرۆناوە كە قەدەغەی هاتوچۆی بەدوادا هات، دەیان هەزار كەسی بێ كارو پیشە كردووە".

"بەشێك لە كارگەكان و خاوەن پیشەكان كرێكارەكانیان كەمكردۆتەوە، یان لەو ماوەیەی كاریان نەدەكرد و قەدەغەی هاتوچۆ بوو، ئامادەنەبون موچەكانیان پێبدەن"، سەمعان ئەوەی بە كێشەیەكی گەورە ناوبرد و جەختیكردەوە "پێویستە ئەوانە سكاڵا تۆماربكەن، چونكە بەپێی یاسای خانەنیشینیی و دەستبەری كۆمەڵایەتی، مافی خۆیانە شایستە داراییەكانیان پێبدرێت".

پێویستە ئەوانە سكاڵا تۆماربكەن، چونكە بەپێی یاسای خانەنیشینیی و دەستبەری كۆمەڵایەتی، مافی خۆیانە شایستە داراییەكانیان پێبدرێت

سەمعان زیاتر وتی "کەمبونەوەی کاتى کارکردن كاریگەری كردۆتەوە سەر بەشێكی زۆر لە خەڵك و خاوەن پیشەكان، بۆ نمونە  كۆمپانیای كار زیاتر لە 1000 كرێكاری لە ماوەی كۆرۆنادا كەمكردەوە... كۆمپانیا هەیە سێ شەفتی دەوامی كردۆتە یەك شەفت، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە".

krekar-1
كرێكارێك لەكاتی كاركردندا لەسەر پڕۆژەیەك لە شاری كەركوك فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

ئەو جەختیكردەوە، لەوەی رێژەی بێكاریی بەپێی پێشبینییەكانی ئەو و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیش لەعیراق بۆ لەسەدا 30 تا 35 به‌رزبۆته‌وه‌.

بەشێك لەوانەی كاریان لەدەستداوە خاوەن پیشەی تایبەت بە خۆیانن لەوانە دوكاندار یان دەستگێڕ، بەشێكی تر لە خەڵك بە رۆژانە كرێكاریان كردووە و هیچ سەرچاوەیەكی تری بژێویان نەبووە.

بەڵێن جومعە، کاسبکار و دانیشتوانى گەڕەکى قادسیەى كەركوك، لە كۆتایی شوباتی ئەمساڵ كاتێك یەكەم حاڵەتی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركرا، دوكانەكەی داخست. ئەو خواردنی خێرای دەفرۆشت، كە بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق لەگەڵ بڵاوبونەوەی كۆرۆنا رێپێدراو نەبوو و قەدەغەكرا، ئەوەش لەپێناو رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە.

"لەو ماوەیەدا هیچ كارێكم نەبوو، خەرجى و بەرپرسیارێتی پەیداكردنی بژێوی خێزانى خۆمم و ماڵى باوکمم لەسەر بوو، ئێستا برایەكم كە پێشمەرگەیە هاوكاریی داراییمان دەكات، ئەویش موچەكەی كەمە و لەوادەی خۆیدا پێی نادرێت"، بەڵێن وایوت.

برایەكم كە پێشمەرگەیە هاوكاریی داراییمان دەكات، ئەویش موچەكەی كەمە و لەوادەی خۆیدا پێی نادرێت

لە باشترین حاڵەتدا براكەی بەڵێن 600 بۆ 700 هەزار دینار موچەكەیەتی، ئێستا ئەو بڕە پارەیە بەسەر سێ خێزاندا دابەشدەكرێت كە 10 ئەندامن. ئەوەش وەك بەڵێن دەڵێت ژیانێكی كولەمەرگییە.

حكومەتی عیراق لە ماوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتینەدا، تەنیا بۆ هەر كەسێك بڕی 30 هەزار دیناری خەرجكرد، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوانەی فەرمانبەری حكومی نین و هەژاران. جگە لەوە هیچ دەستگیرۆییەكی تری نەكردون لە خواردن و پێداویستییە پزیشكییەكان.

kirkukkk-2
كه‌ركوك، 2020، بازگه‌یه‌كی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ناوشاردا بۆ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

"تێپەڕاندنى ژیان لە ماوەى کەرەنتینەدا بەڕاستى سەخت بوو... خەڵكی زۆر بژێوییان لەدەستدا، پیاوی وادەناسم تەنانەت پارەی تەكسی پێ نەبوو"، بەڵێن وایوت.

محەمەد سەمعان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خانەنشینیی و دەستبەری كۆمەڵایەتی كەركوك، چەند جارێك لەڕێی نوسینی ئەكاونتەكەیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، هانی ئەوانەی داوە كە خاوەن كارەكانیان دەریكردون بۆ ئەوەی سكاڵا تۆمار بكەن و لە مافی خۆیان خۆش نەبن.

ئەو وتی "ئەوانەی كاریان لەدەستداوە، دەتوانن سەردانى نوسینگەى کارى کەرکوک بکەن و داوا پێشكەش بكەن بۆ بێمەى بێکاریی".

ئەوانەی كاریان لەدەستداوە، دەتوانن داوا پێشكەش بكەن بۆ بێمەى بێکاریی

کەژاڵ عەبدوڵا (53 ساڵ)، تا بەر لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە شەقامەكان گۆرەویی و یاری منداڵانی دەفرۆشت، بەڵام ئەویش كارەكەی لەدەستدا و ئێستا لە ماڵەوە دادەنیشێت.

"هاوژینەكەم لەسەر جێگایە و بژێوی سێ منداڵەكەشم لەسەر خۆم بوو، لە خانویەكی كرێدام، هیچ شتێك بۆ ئێمە باش ناڕوات، تەنانەت پارەی سەردانیكردنی دكتۆرم نییە"، كەژاڵ وایوت.

ئەو داوایكرد حكومەت و دەستگیرۆیی ئەو خەڵكە بكات كە سەرچاوەكانی بژێویان بەهۆی كۆرۆناوە لەدەستداوە و وتی "شەو و رۆژ بە خەیاڵی بژێوی منداڵەكانمەوە دەخەوم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT