لویس شێخ فه‌ندی، قایمقامی قه‌زای داقوق به‌وه‌كاله‌ت كه خۆی له پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركوكه، ده‌ڵێت ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه‌ی هۆزه عه‌ره‌به‌كان ده‌یانه‌وێت تێیدا نیشته‌جێ بن، له بنه‌ڕه‌تدا موڵكی هاوڵاتیانی كاكه‌یین.
كێشه‌ی ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه له سه‌ره‌تای ئابی ئه‌مساڵدا گه‌یشته بارگرژی و ئاڵۆزی له قه‌زای داقوق، كاتێك ژماره‌یه‌ك خێزانی عه‌ره‌ب هه‌وڵیاندا خێوه‌تی تێدا هه‌ڵبده‌ن و جوتیارانی كوردی ناوچه‌كه‌ش رێگرییان كرد.
لویس شێخ فه‌ندی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌م زه‌وییانه‌ی پێیده‌ڵێن كێشه له‌سه‌ر، له بنه‌ڕه‌تدا موڵكی كاكەیی تاڵەبانی و داودەن، له ساڵی 1976ـه‌وه به چه‌ند بڕیارێك به‌شێك له‌و زه‌وییانه به ژماره‌یه‌ك خێزانی عه‌ره‌ب دراون".
به‌پێی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش و لیژنه‌ی كاروباری باكوری سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبی به‌عس، كه سه‌دام حسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی كورد له كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقدا دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب و راگواستنی خێزانه كورده‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ روخانی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003، كورد بۆ ته‌واوی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی گەڕایەوە.
قایمقامی قه‌زای داقوق به‌وه‌كاله‌ت وتی چاوه‌ڕێی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه‌كانن له‌رێی لیژنه پێكهێنراوهكانی حكومه‌تی عیراقییه‌وه، به‌وپێیه‌ی عه‌ره‌ب ده‌ڵێت گرێبه‌ستی هه‌یه و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه، كوردیش خۆی به خاوه‌ن ماف ده‌زانێت و رێگه‌نادات.
له چه‌ند رۆژی رابردودا به‌شیر حه‌داد، جێگری دوه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت تاوتوێی كێشه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان كردووه و به‌پێی یه‌كێك له راگه‌یه‌ندراوه‌كانی كۆبونه‌وه‌كه، داواكراوه ئیداره‌ی پارێزگا ده‌ست له كێشه‌كه وه‌رنه‌دات تا له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
(كه‌ركوك ناو) زیاد له جارێك هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و نوێنه‌ری هۆزه عه‌ره‌به‌كان قسه بكات كه داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی داقوق ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بون.
زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له له‌یلان، داقوق و چه‌ندین ناوچه‌ی تری كه‌ركوك، پێشتریش بۆ چه‌ندجارێك بونه‌ته جێی بارگرژیی و مشتومڕی هاوڵاتیانی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان.
ھیوا تایه‌ر، جوتیاری كوردی داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "داواكارین چیتر حكومه‌ت كه‌مته‌رخه‌می نه‌كات له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، چونكه ناكرێت هه‌موو وه‌رزێكی تۆوكردن و دروێنه ئاڵۆزی و بارگرژییه‌كان سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه".
كێشەی بەشێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك لە نێوان جوتیارانی عەرەب، كورد و توركمان چوار دەیەیە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و پەرلەمان و حكومەتیش لەئاستیدا دەستەوەستانن.
چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، له چوارچێوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقیدایه، كه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئیداره‌دانی كه‌ركوك و چه‌ندین ناوچه‌ی تر له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا دانراوه، له‌رێی ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری و دواتر راپرسی.