شەش كەس لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە گەڕەكی قادسییەی كەركوك برینداربون، ئەوەش لەناو دەوار (خێمە)یەكدا كە تایبەت بۆ مەراسیمەكانی یادی عاشورا دانرابوو.
تەقینەوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی ئاب، لەڕێی بۆمبێکی چێنراوەوە رویدا كە هاوكات بوو لەگەڵ نزیكبونەوە و ئامادەكارییەكان بۆ مەراسیمی یادی عاشورای تایبەت بە شیعەكان.
عەلا موسەوی، كە سەرپەرشتیاری ئەو دەوارەی دەكرد، لەلێدوانیكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "كاتێك ئەم خێمەیەم هەڵدا، لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە دڵنیایی ئەوەمان پێدرا كە ژیانمان پارێزراو دەبێت، بەڵام بەداخەوە وەک دیارە تیرۆریستان دەستی خۆیان وەشاند و بە تەقاندنەوەی بۆمبێك شەش كەس برینداربون".
كاتێك ئەم خێمەیەم هەڵدا، لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە دڵنیایی ئەوەمان پێدرا كە ژیانمان پارێزراو دەبێت
هەر شەش كەسەكە رەوانەی نەخۆشخانە كران بۆ چارەسەر و لەئێستادا باری تەندروستییان جێگیرە.
تەقینەوەكە لە چواڕییانی ناو بازاڕی گشتی گەڕەكی قادسییەی دوو رویداوە، دانیشتووانی ئەو گەڕەكە تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان.
ئەو بازاڕە ئێواران قەرەباڵغە و خەڵكی بۆ بازاڕكردن و پیاسەكردن پێیدا گوزەر دەكەن.
دوای روداوەکە هێزە ئەمنییەکان لە پۆلیسی ناوخۆ و لیوای 61ی تایبەت كە دۆسییەی ئەمنی كەركوكیان بەدەستە، گەیشتنە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد.
سامر ئەحمەد، یەکێکی تر لە شایەتحاڵەکانی تەقینەوەكە بە پەیامنێری (كەركوك ناو)ی وت "کاتێک بۆمبەکە تەقیوەتەوە من 20 مەتر دوربوم لە شوێنی روداوەكەوە... بەچاوی خۆم بریندارەكانم بینی".
ئەو داوای لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق كرد، ژیانی خەڵكی بپارێزن و رێگەنەدات دۆخی ئەمنی كەركوك تێكبچێت.
هەر لەگەڵ تەقینەوەی بۆمبەكە، هێزە ئەمنییەكان بەشێك لە رێگاكانی نزیك ناوچەكەیان بەڕوی هاوڵاتیاندا داخست، ئەوەش بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لەئەگەری هەر تەقینەوەیەكی تر.
تەقینەوەكە هاوكات بوو لەگەڵ راگەیەنراوێكی هاوبەشی بەرەی توركمانی و هاوپەیمانی عەرەبی، كە تیایدا جەختیان لە باشبونی دۆخی ئەمنی كەركوك كردەوە و دژایەتی خۆیان بۆ هەوڵەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و پێشمەرگە دەربڕی بۆ پێكهێنانی ژورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ كەركوك.