له‌ناو وێرانه‌یی و نه‌بونی قه‌ره‌بودا
خه‌ڵكی گوندێك زه‌رده‌خه‌نه‌ بۆ منداڵه‌كانیان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌

نه‌ینه‌وا، ئابی 2020، گه‌نجانی خۆبه‌خش له‌ شوێنی خانویه‌كی داڕوخاودا مه‌له‌وانگه‌ دروستده‌كه‌ن فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

"كاتێك له‌ ئاواره‌ییه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌ی خۆمان له‌ شنگال، روبه‌ڕوی كێشه‌ و دودڵی زۆر بوینه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌وڵی تایبه‌تی خۆمان به‌سه‌ر هه‌موو دژوارییه‌كاندا زاڵ بوین" ره‌شو سه‌بری، دانیشتوی گوندی حاتمیه‌ وای وت.

ره‌شو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌ی 58 خێزان بۆ گونده‌كه‌ توانیمان ژیان ئاسایی بكه‌ینه‌وه".

گوندی حاتمیه‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی قه‌یره‌وانه و داعش له‌ 2014دا ده‌ستی به‌سه‌رداگرت، به‌وهۆیه‌وه‌ ته‌واوی دانیشتوانه‌كه‌ی ئاواره‌ بون و تا چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ریش هیچ كه‌سێكیان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌كه‌ له‌ 2015ـه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

 

خه‌ڵك ناوچه‌كه‌ ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌

"له‌وه‌ته‌ی گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ به‌ده‌ست كه‌می خزمه‌تگوزاری و نه‌بونی شوێنی مانه‌وه‌ و پاڵپشتی راسته‌قینه‌وه‌ ده‌ناڵێنین، چونكه‌ خانوه‌كان وێران بون و ئه‌و وێرانكارییه‌ی داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌جێهێشت هێشتا به‌ڕونی ده‌بینرێت" به‌وته‌ی سه‌بری.

هه‌روه‌ها وتی "كه‌سمان نییه‌ گوێمان لێبگرێت، حكومه‌ت پێداگر نییه‌ و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانیش پشتگیری هاوڵاتیان ناكه‌ن یان هانیان ناده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌".

خه‌ڵكی گونده‌كه‌ 15 ملیۆن دیناریان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌كان خه‌رجكردووه‌، پێنج خانووش كه‌ به‌ ته‌واوی خاپور بون، خاوه‌نه‌كانیان ناتوانن دوباره‌ بنیاتیانبنێنه‌وه‌.

118320031_2687476124858143_5564594173704174323_n
نه‌ینه‌وا، 2020، دروستكردنی مه‌له‌وانگه‌ له‌ شوێنی خانوی داڕوخاودا له‌ شنگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌

فائیز ئیبراهیم، ئه‌ندامی سه‌نته‌ری گه‌نجانی گوندی حاتمیه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت یه‌كێك له‌و خانوانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌، كردویانه‌ به‌ مه‌له‌وانگه‌ بۆ كاتبه‌سه‌ربردنی منداڵان، ئه‌وه‌شیان به‌ هه‌وڵ و پاڵپشتی خاوه‌نی خانوه‌كه‌ و خه‌ڵكی گونده‌كه‌ كردووه‌.

مه‌له‌وانگه‌كه‌ به‌ درێژی و پانی هه‌شت مه‌تر و قوڵی مه‌تر و نیوێكه‌، رۆژانه‌ 20 منداڵ مه‌له‌ی تێدا ده‌كه‌ن و خولی فێربونی مه‌له‌وانیش كراوه‌ته‌وه‌.

"وه‌ك سه‌نته‌ری گه‌نجانی حاتمیه‌ خۆبه‌خشانه‌ و به‌ هه‌وڵی خه‌ڵكی گونده‌كه‌ ئه‌و مه‌له‌وانگه‌یه‌مان دروستكرد، تا مه‌له‌وانگه‌یه‌كی خۆڕایی بۆ منداڵانی ناوچه‌كه‌ هه‌بێت، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بتوانین زه‌رده‌خه‌نه‌ بخه‌ینه‌وه‌ سه‌ر لێوه‌كانیان، چونكه‌ گرنگیدان به‌ منداڵان ئه‌ركی ئێمه‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌" فائیز ئیبراهیم واده‌ڵێت.

حاتمیه‌ 15 كیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندی شنگاله‌وه‌ دوره‌ و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ر له‌ هێرشه‌كانی داعش زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌س بون.

118471415_985641125241395_5523357381985830048_n
نه‌ینه‌وا، ئابی 2020، رێژه‌ی زیانه‌كانی شه‌ڕ له‌ شنگال ده‌گاته‌ سه‌دا 85 فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

كه‌س قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ته‌وه‌

جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر ده‌ڵێت تائێستا هیچ هاوڵاتییه‌ك قه‌ره‌بوی زیانه‌كانی پێنه‌دراوه‌ و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ ئاواره‌كانیش ته‌رخانكراوه‌ كه‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناره‌ به‌ كه‌س نه‌دراوه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ مانگێك پێش ئێستا نوسینگه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان له‌ شنگال كراوه‌ته‌وه‌، تا خه‌ڵك له‌وێوه‌ مامه‌ڵه‌كانی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ ته‌واو بكه‌ن.

خه‌ڵه‌ف به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت؛ نه‌بونی قه‌ره‌بوو كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رده‌م هاوڵاتیانه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌ژارن و خانوه‌كانیان خاپور بووه‌.

"قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ زیادبونی ژماره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان" به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر.

به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی شنگال سه‌دا 85ی خانوی هاوڵاتیان و ژێرخانی گشتی قه‌زاكه‌ وێران بون.

118209779_327504568397489_2224372981384166123_n
شنگال، 2020، رۆژانه‌ 20 منداڵ له‌مه‌له‌وانگه‌ی گوندی حاتمیه‌ مه‌له‌ ده‌كه‌ن فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

خالیده‌ خه‌لیل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت رونیكرده‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بوی كه‌سوكاری شه‌هیدان و بێسه‌روشوێنان و زیانلێكه‌وتوانی شه‌ڕی داعش، به‌ رێگه‌ی یاسایی خۆیدا ده‌ڕوات، له‌رێی نوسینگه‌كانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كه‌ بۆ دادوه‌ر به‌رزده‌كرێته‌وه‌ و دواتر ده‌چێته‌ ده‌زگای كاروباری شه‌هیدان، تا ده‌گاته‌ خه‌رجكردنی قه‌ره‌بوه‌كه‌.

ره‌شو سه‌بری، ئه‌و ئاواره‌یه‌ی بۆ گوندی حاتمیه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ هاندانی خه‌ڵكی تری ناوچه‌كه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ ژیانی ژێر خێوه‌ت و ئاواره‌یی بهێنن، تا به‌شداربن له‌ پێكه‌وه‌ژیان و زیندوكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ئه‌وه‌ش به‌ هه‌وڵی داهێنه‌رانه‌ی خۆیان ده‌كرێت؛ وه‌ك چۆن خانویه‌كی وێرانه‌یان كرد به‌ مه‌له‌وانگه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT