سه‌ره‌تاییترین پێداویستی ژیان له گه‌رمای 45 پله‌ی سیلیزیدا، ئاوی خواردنه‌وه‌یه، گوندی مه‌تیقی كاكه‌یی له‌و مافەش بێبه‌شن.
دانیشتوانی ئه‌و گونده له باشوری داقوق، به چه‌ند رۆژ جارێك تانكه‌رێكی بچوكی ئاو به نزیكه‌ی 20 هه‌زار دینار (16 دۆلار) ده‌كڕن، له‌كاتێكدا به‌هۆی كۆرۆناوه له بارودۆخێكی خراپی داراییدان.
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دابینكردنی ئاو بۆ مه‌تیق، بیری ئاوه، ئه‌وه‌ش چه‌ند مانگێكه ماتۆڕه‌كه‌ی شكاوه و به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا، له نێویاندا په‌ككه‌وتنی ده‌وام، فه‌رمانگه حكومییه‌كان نه‌یانتوانی له چاككردنه‌وه‌ی ماتۆڕهكهدا هاوكارییان بكه‌ن.
به‌م گه‌رمایه له بارودۆخێكی زۆر ناخۆشدا ده‌ژین به‌هۆی بێ ئاوییه‌وه
"ماوه‌یه‌كی زۆره به‌ده‌ست كێشه‌ی بێ ئاوییه‌وه ده‌ناڵێنین، له بارودۆخێكی زۆر ناخۆشداین، له‌م وه‌رزی گه‌رمایه‌دا، چونكه هه‌موو ئیشه‌كانی ماڵه‌وه هه‌ر به ئاو ده‌ڕوات" سونگوڵ محه‌مه‌د (48 ساڵ) وای وت.
سونگوڵ كابانی ماڵه، له قسه‌كانیدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، باسی زۆر غه‌می تری كاكه‌ییه‌كانی داقوقی كرد، له كێشه و كه‌می خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان.
ئه‌و ده‌ڵێت هێنده چاوه‌ڕێی ده‌ستی حكومه‌تیان بۆ چاره‌سه‌ری بێ ئاوی كرد و هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، به ناچاری خۆیان پاره‌یان كۆكردۆته‌وه، تا به هاوكاری تیمێمی فه‌رمانگه‌ی ئاوی داقوق كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ئه‌و گونده 10 كیلۆمه‌تر له ناوه‌ندی داقوقه‌وه دوره، دانیشتوانه‌كه‌ی كاكه‌یین، له ساڵی 1982 به فشاری رژێمی به‌عس چۆڵكراوه و له 2003 به دواوه خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
دانیشتوی ئه‌و گونده كه به جوتیاری و ئاژه‌ڵدارییه‌وه سه‌رقاڵن، هه‌ندێكیان له ساڵانی رابردودا به‌هۆی خراپی بارودۆخی ئه‌منییه‌وه ئاواره بون و ئه‌وانه‌شی هێشتا له زێدی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه؛ خه‌ریكه نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی ناچار به جێهێشتنی ناوچه‌كه‌یان ده‌كات.
سه‌رباری مه‌ترسی كۆرۆنا و بێكاریی ناچارین ئاویش بكڕین
"سه‌رباری مه‌ترسی ئه‌منی، بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكاره‌كانی خۆپارێزی كه بێكاری كردوین، ئاو و خزمهتگوزارییهكانیشمان خراپه" نازم حه‌مید (49 ساڵ) وای وت.
نازم ده‌ڵێت رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆناوه، له ئاداری ئه‌مساڵه‌وه، وایكرد نه‌توانن به ئاسانی خه‌ریكی كشتوكاڵ بن یان به‌رهه‌مه‌كانیان له بازاڕدا ساغ بكه‌نه‌وه.
" جگه له ئاوی ده‌به بۆ خواردنه‌وه، چه‌ند رۆژێك جارێك ئاو ده‌كڕین، له‌كاتێكدا هیچ ئیشوكارێكمان نه‌ماوه".
نازم و خه‌ڵكی تری گونده‌كه زیاد له جارێك كێشه‌كانیان گه‌یاندۆته فه‌رمانگه حكومییه‌كان بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌ره‌نجامێكی هه‌بێت.
گوندی مه‌تیق كه‌متر له 15 خێزانی تێدا ماوه‌ته‌وه و زۆرینه له سێ ساڵی رابردودا، ناوچه‌كه‌یان به‌ره‌و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌جێهێشتووه.
لویس شێخ فەندی، قایمقامی قه‌زای داقوق بەوهکالەت بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئه‌و گونده ماوهیەکە كێشه‌ی بێ ئاوی هه‌یه، وه‌فدێكیان هاتنه لای من و به نوسراوێك فه‌رمانگه‌ی ئاوم بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان راسپارد، به‌ڵام به‌داخه‌وه له فه‌رمانگه‌كان رۆتینی زۆر هه‌یه و كاره‌كان به ئاسانی ناكرێن".
هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌دا، چه‌ندین گوندی دیكه كێشه‌ی كه‌مئاوییان هه‌یه، كه پێشتر و به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه خاپور بون و دواتر ئاوه‌دانكراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی قایمقام.
لویس فه‌ندی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا خه‌ڵكی گوندی مه‌تیق خۆیان پاره‌یان كۆكردۆته‌وه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بێ ئاوی تا ئه‌وكاته‌ی حكومه‌ت ده‌توانێت پێداویستییه‌كانیان بۆ دابینبكات و پرۆژه‌یه‌كی نوێی ئاو جێبه‌جێبكات.
ته‌نیا له داقوق زیاتر له پێنج گوند چۆڵكراون، ئەویش به‌هۆی كێشه‌ی ئه‌منی و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه.
ئه‌گه‌ر كێشه‌كانمان بێ چاره‌سه‌ر بمێننه‌وه ره‌نگه ئێمه له گونده‌كه بڕۆین
سەدام حەمید (42 ساڵ)، دانیشتوی مه‌تیق ده‌ڵێت پێشتر فه‌رمانگه‌ی ئاوی داقوق به پاساوی ئه‌وه‌ی بیری ئاوی گونده‌كه له پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه، ئاماده‌نه‌بون چاره‌سه‌ری كێشه‌كه بكه‌ن.
داقوق ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا.
"ژیانمان زۆر ناخۆش بووه، بێ ئاوی و چه‌ندین كێشه‌ی تر هه‌ن، ئه‌گه‌ر وابڕوات ره‌نگه ئێمه‌ش گونده‌كه به‌جێبهێڵین، چونكه ناكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌دا ئاویش بكڕین" سه‌دام حه‌مید بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.