كوژرانی چوار هاوڵاتی خانەقین لە بۆسەیەكی "داعش"دا
شایەتحاڵەكان وردەكاریی روداوەكە دەگێڕنەوە و هێزە ئەمنییەكان بە كەمتەرخەم دەزانن

دیالە/ 27ی ئابی 2020/ شوێنەواری كوشتنی چوار كەس لە گوندێكی سنوری خانەقین بە دەستی چەكدارانی "داعش" فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی – خانەقین

هێزە ئەمنییەكانی خانەقین روبەڕوی رەخنەی گوندنشینان بونەتەوە، بەهۆی ئەوەی دوای 12 كاتژمێر لە روداوی دەستگیركردن و كوشتنی چوار هاوڵاتی چونەتە شوێنی روداوەكە، لەكاتێكدا بەدوری 300 مەتر خاڵێكی سەربازیی هەیە.

ئەو چوار هاوڵاتییە – دوانیان بران -، كاتژمێر 8ی شەوی رابردوو لە نێوان هەردوو گوندی دەكەی مەلا حەمید و نوری میكائیل دەستگیركران و دواتر كوژران، ئەو ناوچەیە بەدوری 20كم دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای خانەقین.

ئەوەی جێی رەخنەی خەڵكی ناوچەكەیە، تا كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئاب، نە تەرمەكان هەڵگیرانەوە، نە هێزە ئەمنییەكان بە هانای خەڵكی گوندەكەوە چون. هەرچەندە لە روداوەكەش ئاگاداركرابونەوە.

عاسی شەوکەت، كەسوكاری دووان لە كوژراوەكان و خەڵكی گوندی دەكەی مەلا حەمید، بە (كەركوك ناو)ی وت "ژمارەیەك چەكداری داعش، بۆسەیەك لەسەر شەقامێكی سەرەكی لەنێوان هەردوو گوندەكە دادەنێن، سەرەتا ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵكر رادەگرن، شۆفێرەكەی دەستگیر دەكەن، پاش كەمێكی تر ئۆتۆمبێلێكی تری بارهەڵگری بچوك رادەگرن، شۆفێری ئەویش دەستگیر دەكەن و ئاگر لە هەردوو بارهەڵگرەكە بەردەدەن".

xelk
دیالە/ 27ی ئابی 2020/ خەڵكی گوندی دەكەی مەلا حەمید، نیگەرانن لە هێزە ئەمنییەكان، دوای ئەوەی چوار كەس لە بۆسەیەكدا كوژران فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

دوو برای گوندی دەكەی مەلا حەمید، بە ناوەكانی سامان و لوقمان، كە ئاگری ئۆتۆمبێلەكان دەبینن، بە ئۆتۆمبێلێكی خۆیان بەرەو شوێنی روداوەكە دەڕۆن بۆ ئەوەی بە هانایانەوە بچن، بەڵام ئەوانیش رادەگیرێن و دەستگیریان دەكەن.

شەوكەت وتی "هەر ئەوكات هەر چواریان دەكوژن و ئۆتۆمبێلی دوو براكەش دەسوتێنن و ناوچەكە جێدەهێڵن".

هەر ئەوكات هەر چواریان دەكوژن و ئۆتۆمبێلی دوو براكەش دەسوتێنن و ناوچەكە جێدەهێڵن

خەڵكی گوندەكە لەوكاتەدا هێزە ئەمنییەكان ئاگاداردەكەنەوە، بەڵام هەر وەك محەمەد عەبدوڵا، ئامۆزای دوو براكە بە (كەركوك ناو)ی وت "تا بەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 8، نە تەرمەكانیان هەڵگیراونەوە، نە هێزە ئەمنییەكان چونەتە شوێنی روداوەكە".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئاب، پەیامنێری (كەركوك ناو) چووە شوێنی روداوەكە و تێبینیكرد كە خاڵێكی پشكنینی فەوجێكی مغاویری تەنیا 300 مەتر لە شوێنی روداوەكەوە دورە.

IMG_8944
دیالە/ 27ی ئابی 2020/ شوێنەواری كوشتنی چوار كەس لە گوندێكی سنوری خانەقین بە دەستی چەكدارانی "داعش" فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

هەروەها محەمەد عەبدوڵا، كە خۆی لە گوندی نوری میكائیل دادەنیشێت، وتی "هێزە ئەمنییەکان پێیانوتوین كە بۆسەكە لەلایەن سێ چەكداری داعشەوە ئەنجامدراوە".

"ماوەی سێ ساڵە ئێمە بەدەست نائارامییەوە ئازار دەکێشین، لەكاتی پەلاماری داعش كەس بە هانامانەوە نایات، وا خەریکە گوندەکانی ئێمەش بە تەواوەتی چۆڵدەبێت"، محەمەد وایوت.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەك خێزانی كوردنشین دەستیانكرد بە گواستنەوەی ماڵەكانیان، ئەوەش دوای بێئومێدبونیان لە پاراستنی ژیانیان.

عەباس داودی، دانیشتوی گوندی شیرکە لە هەمان ناوچە، وتی "هەر ئەمڕۆ دوو خێزان لە گوندی شیرک لە ترسی داعش و کردەوە تیرۆریستییەکان گوندەکەیان بەجێھێشتووە و ئێمەش كەلوپەلەكانمان پێچاوەتەوە دەمانەوێت بڕۆین".

هەر ئەمڕۆ دوو خێزان لە گوندی شیرک لە ترسی داعش و کردەوە تیرۆریستییەکان گوندەکەیان بەجێھێشتووە

ئەو روداوە هاوكات بوو لەگەڵ چاوەڕوانی خەڵكی ناوچەكە بۆ رێككەوتنی هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و پێشمەرگە بۆ پێكهێنانی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دۆسییەی ئەمنی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT