هەوراز سەمین كاكەیی، درەنگانێكی شەوی رابردوو بە گولـلەیەكی كڵاشینكۆف لەسەر كارەكەی كۆتایی بەژیانی خۆی هێناو، بەیانی ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاب بەخاكسپێردرا.
هەوراز كاكەیی، (26ساڵ)، دانیشتوی كۆمەڵگەی رزگاری سەر بە قەزای داقوق، نزیك كاتژمێر 12ی شەوی رابردوو 27ی ئاب، لەسەر كارەكەی لە ناحیەی تازە، كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە و كەسوكارەكەشی جەختدەكەنەوە لەوەی هیچ هۆكارێك نەبووە.
كاكەیی لەسەر قەپانێكی كەرتی تایبەت سێ مانگ لەمەوبەر بەشێوەی گرێبەست دامەزراوە و شەوی رابردوو ئێشكگر (خەفەر) بووە.
هەوراز كە چەند ساڵێكە دەف لێدەدات، لە گۆرانی (هاورێك بۆ كاكەیی)، بەرهەمی هونەرمەند روبار رەشید بەشداریكرد.
هەروەها لە دواین بەرهەمی هونەرمەند ئەحمەد هەیاس، هەر بە لێدانی دەف بەشداربووە، بەڵام هێشتا بەرهەمەكە بڵاونەبۆتەوە.
كەسوكاری هەوراز، ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاب، لەكاتی بەخاكسپاردنی تەرمی كوڕەكەیاندا، جەختیانكردەوە لەوەی كە هەستیان بەوە نەكردووە هەرواز هیچ كێشەیەكی هەبێت، نە لەگەڵ بنەماڵەكەی نە لە دەرەوەی بنەماڵەكە.