"چەكدارانی داعش"، بەڵێنیان بە كەسوكاری پۆلیسە رفێنراوەكەی قەرەتەپە داوە، "شتێکیان بۆ بكات"، ئەوەش دوای ئەوەی لەڕێی تەلەفونەوە پەیوەندی پێوە كردون.
جه‌لال بابان (40ساڵ)، پۆلیس سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تشرینی دووەمی 2019 لە گوندێكی ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە رفێنرا و تائێستا چەندین جار داعش پەیوەندییان بە كەسوكاریییەوە كردووە و جەختیانكردۆتەوە لەوەی بە مەرجی رادەستكردنەوەی كچێكی ئێزیدی، ئازادی دەكەن.
ئەو کچەی داعش داوای دەکات، ناوی حەلا مهحلو رهڤۆیە، لەساتی هێرشی داعش بۆ شنگال لە ئابی 2014ەوە کەوتە دەست چەكدارانی ئەو رێكخراوە و دواتر "هاوسەرگیری لەگەڵ ئەمیرێکی داعشدا پێکرا". لە ناوەڕاستی 2017 لە پارێزگای کەرکوک حەلا ئازادكرا‌و بۆ هەولێر گوازرایەوە. تا كۆتایی ئابی ئەمساڵ لە گرتوخانەی چاكسازیی دەستگیركرابوو، دواتر رادەستی كەسوكاری كرایەوە.
فاتیح جاسم، یەكێك لە كەسە نزیكەكانی جەلال بابان – پۆلیسە رفێنراوەكە -، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند رۆژێك دوای ئازادکردنی حه‌لا مهحلو لە زیندان و رادەستكردنەوەی بە كەسوكاری، چه‌کدارانی داعش ته‌له‌فونییان بۆ كردین و یه‌که‌مجار پرسیاریان لە بارەی کچه ئێزیدییهکەوە کرد، ئێمه‌ش وتمان کچه‌که له 23ی ئابەوە له چاکسازی هه‌ولێر ئازادکراوه و گه‌ڕاوەتەوە ناو که‌سوکاری".
چەند رۆژێك دوای ئازادکردنی حه‌لا مهحلو لە زیندان و رادەستكردنەوەی بە كەسوكاری، چه‌کدارانی داعش ته‌له‌فونییان بۆ كردین و یه‌که‌مجار پرسیاریان لە بارەی کچه ئێزیدییهکەوە کرد
وتیشی "له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فونییه‌که‌دا داوامان لێکردن مه‌رجی ئازادکردنی جه‌لال بابان له راده‌ستکردنەوەی حه‌لا مهحلووە بگۆڕن به پاره، به‌ڵام ئەوان هیچ قسه‌یان نه‌کرد ته‌نیا وتیان شتێکتان بۆ ده‌که‌ین و خوا کەریمە".
لە ئێستادا كەسوكاری جەلال بابان، چاوەڕێی "چەكدارانی داعش" دەكەن تا لە بەرامبەر پارەدا رازیبن بە ئازادكردنی جەلال، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێك نییە.
فاتیح جاسم زیاتر وتی "لە دوای ئازادکردنی کچه ئێزیدییهکەوە تەنیا یەكجار تەلەفونیان كردووە، ئێمە چەند جارێك هەوڵمانداوە قسەیان لەگەڵ بكەین، بەڵام ئەو ژمارەیە داخراوە".
ئێمە چەند جارێك هەوڵمانداوە قسەیان لەگەڵ بكەین، بەڵام ئەو ژمارەیە داخراوە
بەر لە ئازادكردنی حەلا مەحلو، "چەكدارانی داعش" مۆڵەتی 10 رۆژیان بە كەسوكاری پۆلیسە رفێنراوەكەدا بوو، لە ئێستادا ئەو مۆڵەتە تەواو بووە.
"ئیتر نازانین چی بکه‌ین، چاوه‌ڕێی ره‌حمی خوا ده‌که‌ین تا رێگایه‌کمان بۆ بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جه‌لال بابان ئازادبکرێت"، فاتیح جاسم وایوت.
پێشتر عزەدین که‌ریم، یه‌کێک له که‌سوکاری جه‌لال بابان، به (که‌رکوک ناو)ی وت "لەگەڵ جەلال بابان، ئامۆزایەكیشی رفێنرابوو، دواتر لە بەرامبەر 57 هەزار و 500 دۆلار ئازادكرا، بەڵام بۆ ئازادكردنی جەلال داوای پارەیان نەكردووە، تەنیا دەیانەوێت لەگەڵ حەلا ئاڵوگۆڕ بكرێت".
فاتیح جاسم وتی "خۆزگە دەخوازین مەرجەكە بگۆڕن بۆ پارە، هه‌رچونێک بێت پاره بۆ ئازادکردنی جه‌لال په‌یدا ده‌که‌ین، به‌ڵام راده‌ستکردنەوەی کچه ئێزیدییه‌که لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەیە".