ئاگر بەردەبێتە خەرمانی خەونەکانی میمی عه‌زیمه‌

عه‌‌زیمه‌ شكور ئیسماعیل كاكه‌یی (74 ساڵ)، دانیشتوی گوندی عه‌ره‌ب كۆیی قه‌زای داقوق

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

به‌ گریان و له‌خۆدانه‌وه‌ دەگەڕێتەوە سه‌ر خانووه‌ سوتاوه‌كه‌ی، سه‌یری كه‌لوپه‌له‌كانی ده‌كات كه‌ هه‌ندێكیان بونەتە خۆڵه‌مێش، به‌ ده‌نگێكی كز و غه‌مگینەوە ده‌كه‌وێته‌ دوعای مه‌رگ و ماڵوێرانی له‌و كه‌سانه‌ی ژیانی ته‌نیاییان پێڕه‌‌وا نه‌بینی و به‌ ناچاری له‌ زێدی باوباپیرانیان كرد.

عه‌زیمه‌ شكور ئیسماعیل (74 ساڵ)، زوو زوو به‌ چمكێكی له‌چكه‌كه‌ی فرمێسكه‌كانی ده‌سڕێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باسی ئه‌و رۆژه‌ی ماڵه‌كه‌ی سوتا.

"بۆ سه‌عاتێك چومه‌ بازاڕ شتی ماڵه‌وه‌ بكڕم، له‌وكاته‌دا كه‌سانی خراپ خانوه‌كه‌یان سوتاند، تا گه‌ڕامه‌وه‌ ئاگر له‌ ماڵه‌كه‌م به‌رز ده‌بۆوه‌، دروستتر ئه‌وه‌ ئاگر بەردان بوو له‌ جه‌سته‌ی من و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م توانی بکەومە هاوار کردن،" میمی عه‌زیمه‌ كاكه‌یی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

روداوه‌كه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ 23ی ئاب له‌ گوندی عه‌ره‌ب كۆیی بووە له‌ قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك).

هه‌موو یاده‌وه‌ری منداڵه‌كانم له‌م خانوه‌دا بوو، ئه‌ویشیان لێسه‌ندمه‌وه

میمی عه‌زیمه‌ سێ ساڵه‌ به‌ ته‌نیا له‌و خانوه‌دا ده‌ژی، دوای ئه‌وه‌ی دوو كوڕه‌كه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌ بون، له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا گونده‌كه‌یان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان به‌جێهێشت، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك له‌ ئه‌نجامی ناكۆكی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمی کوردەوە‌.

ئه‌وكات میمی عه‌زیمه‌ ئاماده‌نه‌بوو له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانیدا ئاواره‌ی هه‌ولێر بێت، بۆیه‌ له‌ زێدی باوباپیرانی مایه‌وه‌.

له ‌چه‌ند مانگی رابردوی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادا، كه‌مترین كات كوڕه‌كانی بینیوە به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌.

"ژیانێكی زۆر ناخۆش و ته‌نیایی بوو، به‌ڵام هه‌موو یاده‌وه‌ری منداڵه‌كانم له‌م خانوه‌دا بوو، ئه‌ویشیان لێسه‌ندمه‌وه‌ و به‌ سه‌عاتێك وه‌ك جه‌رگم سوتاندیان".

 

له‌ روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا؛ تا گه‌یشتنی تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌، زۆربه‌ی كه‌لوپه‌لی ناوماڵی عه‌زیمه‌ سوتاون، به‌شێكیان به‌ تایبه‌ت جلوبه‌رگ و راخه‌ر و به‌تانی به‌ ته‌واوی بون به‌ خۆڵه‌مێش، دیواری دوو ژوریش به‌ كاریگه‌ری ئاگره‌كه‌ داڕوخاون.

زیانی ئاگره‌كه‌ به‌ چه‌ند ملیۆن دینارێک ده‌خه‌مڵێنرێت.

میمی عه‌زیمه‌ له‌كاتی پیشاندانی پاشماوه‌ی ئاگره‌كه‌دا، به‌رده‌وام دوعای مه‌رگی ده‌كرد و ده‌یوت "ره‌بی ئه‌وه‌ی ماڵی وێران كردم، ماڵی وێران بێت"، دواتر به‌ گریان و لاواندنه‌وه‌ غه‌می ئه‌وه‌ی بوو ئیتر له‌ زێدی خۆی نامێنێت و نازانێت روده‌كاته‌ كوێ.

ئێستا عه‌زیمه‌ به‌ ناچاری ئاواره‌ی هه‌ولێر بووه‌، له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانیدا نیشته‌جێیه‌، ئه‌و گونده‌ی مه‌ترسی داعش و ململانێی چه‌ندین ساڵه‌ی چه‌كداری و سیاسی پێی چۆڵنه‌كرد، به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه‌ به‌جێیهێشت.

ئه‌و گونده‌ و ناوچه‌ كاكه‌ییه‌كانی تری داقوق، جگه‌ له‌وه‌ی جێناكۆكن، به‌رده‌وام جێی ململانێی چه‌كداری بون و له‌ چه‌ند مانگی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆناشدا روداوەكان زیاتر بون، به‌هۆی سه‌رقاڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ رێككاره‌كانی خۆپارێزی.

په‌نجه‌ره‌ی ژورێكی پشته‌وه‌ی خانوه‌كه‌ شكێنراوه‌ و له‌وێوه‌ یه‌كێك چۆته‌ ژوره‌وه‌ و ئاگره‌كه‌ی كردۆته‌وه

كاوه‌ ره‌فعه‌ت، كوڕی عه‌زیمه‌ كه‌ سێ ساڵه‌ ئاواره‌ی هه‌ولێر بووه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "په‌نجه‌ره‌ی ژورێكی پشته‌وه‌ی خانوه‌كه‌ شكێنراوه‌ و له‌وێوه‌ یه‌كێك چۆته‌ ژوره‌وه‌ و ئاگره‌كه‌ی كردۆته‌وه‌".

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی داقوق دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ روداوه‌كه‌ كردۆته‌وه‌، له‌سه‌ر سكاڵای ماڵی میمی عه‌زیمه‌، به‌ڵام هیچ كه‌سێك به‌ تۆمه‌تی كردنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ له‌به‌ر نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سكاڵا تۆماركراوه‌ و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌داین به‌ڵام هێشتا هیچ گومانلێكراوێك نییه‌".

دانیشتوی گوندی عه‌ره‌ب كۆیی؛ كاكه‌یی و عه‌ره‌بن، به‌ر له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر 75 خێزانی كاكه‌یی تێدا نیشته‌جێ بوو به‌ڵام ئێستا ته‌نیا چوار خێزانی تێدا ماوه‌.

"سوتانی خانوه‌كه‌ ده‌رگای ژیانی له ‌من داخست، ئاواره‌ بوم، دامنابوو قه‌ت خانوه‌كه‌ به‌جێنه‌هێڵێم، به‌ڵام قه‌ده‌ر شتێكی تر بوو" عه‌زیمه‌ وای وت.

azima
هه‌ولێر، ئابی 2020، سه‌ردانی ایدن مه‌عروف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ لای میمی عه‌زیمه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت

له‌ دوای روداوه‌كه‌وه‌ ئایدن مه‌عروف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی عه‌زیمه‌ شكوری كردووه‌، تا راپۆرتێك له‌سه‌ر روداوه‌كه‌ ئاماده ‌بكات و بتوانێت ده‌نگیشی به‌ حكومه‌تی فیدراڵی بگه‌یه‌نێت.

كاوه‌ی كوڕی عه‌زیمه‌ وتی "دایكم ئێستا لای منه‌، بارودۆخی زۆر خراپه‌، زۆربه‌ی كاته‌كانی ده‌گری".

میمی عه‌زیمه‌ گومانی له‌وه‌ هه‌یه‌ سوتانی خانوه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و ناكۆكییانه‌وه‌ هه‌بێت چه‌ندین ساڵه‌ له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا هه‌یه‌ و بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و كه‌ رۆژانێك به‌ ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی كوره‌كانی درێژه‌ی به‌ ژیانی ته‌نیایی دا، خۆیشی بە ناچاری ئاواره‌ بوو، دوری له‌ زێدی باوباپیرانی؛ خۆی له‌ خۆیدا غه‌مه‌ بۆ میمی عه‌زیمه‌.

ئه‌وه‌ی له‌ ئاگره‌كه‌ زیانی به‌رنه‌كه‌وت، سه‌گ و مریشكەکانی عه‌زیمه‌ بون. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا ته‌نیا و بێ خزمه‌ت، دوور لە میمی ئه‌وانیش له‌ خانویه‌كی سوتاودا تەنیا کەوتون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT