له ناحیه‌ی گرعوزێری شنگال كه هیچ ناوه‌ندێكی ته‌ندروستی تێدا نییه، دوو كه‌ره‌ڤان به كاتی بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكی هاوڵاتیان داده‌نرێن، تا پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ته‌ندروستی ناوچه‌كه ته‌واو ده‌بێت.
بنكه و ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كانی گرعوزێر وێران بون به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه، بۆیه دانیشتوانی ناوچه‌كه چه‌ند ساڵێكه به ناچاری بۆ هه‌ر چاره‌سه‌رێكی پزیشكی روده‌كه‌نه شاری موسڵ و پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان.
جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوو كه‌ره‌ڤان دانراوه له‌گه‌ڵ ده‌رمانخانه‌یه‌كدا، به‌سوپاسه‌وه ته‌ندروستی به‌عاج و نه‌ینه‌واش به‌ڵێنیانداوه پێداویستی ته‌ندروستی له ده‌رمان و كارمه‌ند دابینبكه‌ن، تا نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ته‌ندروستی ناحیه‌كه ته‌واو ده‌بێت".
بنكه‌ی ته‌ندروستی گرعوزێر له 2014ـه‌وه خاپور بووه، حكومه‌تی عیراقی نۆژه‌نی ده‌كاته‌وه و تائێستا سه‌دا 50ی پرۆژه‌كه ته‌واو بووه.
"ئه‌و بنكه كاتییه‌ی ئێستا بۆ چاره‌سه‌ری خه‌ڵك كراوه‌ته‌وه زۆر گرنگه و پاڵپشتییه‌كی باشیشه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، چونكه هاوڵاتیان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌چونه ناوچه‌كانی تر و رێگایه‌كی دوریان ده‌بڕی، كه ماندوبون و خه‌رجی زۆری ده‌ویست، به‌ڵام ئێستا ده‌توانن له ناحیه‌كه‌دا چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن" به‌وته‌ی جه‌لال خه‌ڵه‌ف.
پێشتر هاوڵاتیان بۆ چاره‌سه‌ر رویاندهكرده ناوچه‌كانی تری نه‌ینه‌وا
بنكه ته‌ندروستییه كاتییه‌كه‌ی گرعوزێر به هاوكاری رێكخراوی مرۆیی رۆڵه‌كانی شنگال كراوه‌ته‌وه.
خالد ته‌علو حه‌مو، به‌رێوه‌به‌ری به‌شی ته‌ندروستی له‌و رێكخراوه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌و بنكه ته‌ندروستییه‌دا پزیشكێك و دوو په‌رستیار و كارمه‌ندێكی تایبه‌تی ده‌رمانخانه رۆژانه بێبه‌رامبه‌ر خزمه‌تی هاوڵاتیان ده‌كه‌ن".
ئه‌و بنكه‌یه له‌ناو باڵه‌خانه داڕوخاوهكهی ته‌ندروستی گرعوزێردا كراوه‌ته‌وه و رۆژانه نزیكه‌ی 15 كه‌س بۆ چاره‌سه‌ر سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
"چاره‌سه‌ری خه‌ڵك بێبه‌رانبه‌ره، ده‌رمانی پێویستیان پێده‌درێت، هه‌موو شتێكی بنكه‌كه له‌سه‌ر ئه‌ركی ئێمه‌یه، به‌ڵام لێپرسراوانی ته‌ندروستی به‌عاج و نه‌ینه‌واش به‌ڵێنیانداوه له مانگی داهاتووه‌وه به ناردنی ده‌رمان هاوكاری بنكه‌كه بكه‌ن" حه‌مو وای ده‌ڵێت.
ناحیه‌ی گرعوزێر له سێ كۆمه‌ڵگا پێكهاتووه؛ سیبا شێخ خدر، گرزه‌رك و رهمبوسیێ، زیاتر له 15 گوندیش له خۆده‌گرێت.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال به ناحیه‌كانیه‌وه، له نێویاندا گرعوزێر، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و دوای هێرشی داعش ئاواره‌بون، هه‌رچه‌نده ناوچه‌كانیان چه‌ند ساڵێكه كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه خه‌ڵكێكی كه‌م گه‌ڕاونه‌ته‌وه.