نوسراوێكی راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، بۆ فەرمانگەكانی كەركوك، گومان لای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دروستدەكات و توركمانیش هەڕەشەی خۆپیشاندان و مانگرتن دەكات.
راكان سەعید لە مانگی ئابی رابردوو بە نوسراوێكی داوایكردووە ناوی سیانی بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و نەتەوەكەی رەوانەی ئیدارەی پارێزگا بكرێت، كە بەپێێ وتەی دیلان غەفور، پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا بۆ راگرتنی هاوسەنگی نەتەوەییە لە پۆستەكاندا، بەڵام گومانی هەیە.
دیلان غەفور، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێویستە هاوسەنگى لە هەموو فەرمانگەكانی شارەكەدا پەیڕەوبكرێت، نەک تەنیا لە چەند بەڕێوەبەرایەتییەك"، جەختیشیكردەوە ناكرێت لە فەرمانگەیەك رەچاونەكرێت كە زۆرینەیان سەر بە پێكهاتەی عەرەبن و لە فەرمانگەیەكی تر رەچاوبكرێت كە كوردی زۆرتری لێیە.
ئەو كە خۆی لە پێكهاتەی كوردە، وتی "ئێمە تێبینی خۆمان لەسەر ئەو هەوڵەی پارێزگار هەیە... بۆ نمونە لە نوسراوەكەدا ئاماژەى بە چەند فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتییەک نەکردووە، لەوانە فەرمانگەى کشتوکاڵى کەرکوک بە تەواوی رێكخستنەكانییەوە، لەكاتێكدا كۆمپانیای بەیتولنەهرەین، سایلۆ و فەرمانگەكانی حەویجە و تازە، كورد لەو فەرمانگانە كەمینەیە و بەڕێوەبەرەكانیشی هەر لە پێكهاتەی ترن نەك كورد".
"ئەگەر خۆى بە پارێزگاى هەموو نەتەوەكان دەزانێت، ئەوە دەبێت بۆ هەموو نەتەوەیەک وەکو یەک کار بکات، هەروەها چەند دەزگایەکى ئەمنى هەیە لە شارەکە كورد تیایدا ژمارەیەكی زۆر كەمی هەیە، هەروەها کۆمپانیاى نەوت و چەند دامەزراوەیەكی تریش"، دیلان وایوت.
ئەگەر خۆى بە پارێزگاى هەموو نەتەوەكان دەزانێت، ئەوە دەبێت بۆ هەموو نەتەوەیەک وەکو یەک کار بکات
بۆیە پەرلەمانتارانی یەكێتی جەختدەكەنەوە لەوەی لەگەڵ ئەو هەوڵەی پارێزگاری كەركوكدا نین كە تەنیا هاوسەنگی لە بەڕێوەبەرەكاندا بكات، یان لە چەند فەرمانگەیەك، داوا دەكەن هەموو پێكهاتەی فەرمانگەكان بگرێتەوە.
زیاتر وتی "بۆ نمونە پۆستى بەڕێوەبەرى دەستەى وەبەرهێنان پشكی کوردە و ماوەی چەند ساڵە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێت لەکاتێکدا مۆڵەتى وەکالەتەکە تەواو بووە، بەڵام بەغدا ئامادەنییە ئەو كاندیدانەی كورد قبوڵبكات كە بۆ ئەو پۆستە رەوانە كراون".
پرسی راگرتنی هاوسەنگی نێوان نەتەوەكان لە فەرمانگەكانی كەركوك، لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، جێی مشتومڕی نێوان نەتەوەكانە و بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
لە 19ی ئابی ئەمساڵ، پەرلەمانی عیراق بانگهێشتی راكان جبوری، پارێزگاری كهركوك بهوهكالهت و چهند بهڕێوهبهری گشتی پارێزگاكهی كرد و تیایدا بەپێی بهپێی راگهیهندراوێكی نوسینگهی راگهیاندنی بهشیر حهداد، جێگری سهرۆكی پهرلهمان، داواكراوە رهچاوی هاوسەنگی و دادپەروەری بکرێت لە بەشداریکردنی هەموان لە پێناو گەشەی پارێزگاکەدا.
محەمەد مەهدى بەیاتى، لێپرسراوی لقى باکورى رێکخراوى بەدر، هەفتەی رابردوو لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی هاوسەنگی نێوان نەتەوەكان لە فەرمانگەكاندا، وتی "هەر گۆڕانکارییەک لە پۆستە ئیدارییەکان، یاخود دامەزراندن بەشێوەى گرێبەستدا بكرێت و رەچاوی هاوسەنگى نەتەوەیی نەكرێت رەتیدەكەینەوە".
ئەو راگەیەنراوەی بەیاتی، دوابەدوای نوسراوەكەی راكان سەعید هات بۆ بەڕێوەبەرەی فەرمانگەكان.
هەروەها وتی "هەر هەوڵێكی گۆڕانكاریی بەبێ رەچاوی هاوسەنگی نەتەوەیی دەبێتەهۆی دەستپێكردنی خۆپیشاندان و مانگرتن... بۆیە داواکارین بە خۆیاندا بچنەوە بەر لەوەى شەقام لێیان بێتە دەنگ".