راكان جبوری بۆچی له‌ په‌رله‌مان بوو؟

به‌غدا، 19ی ئابی 2020، كۆبونه‌وه‌ی به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت فۆتۆ: راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

كۆبونه‌وه‌ی راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پارێزگاكه‌ له په‌رله‌مانی عیراق سێ راگه‌یه‌ندراوی له‌باره‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان به‌ ناوه‌ڕۆكێكی جیاواز و پێچه‌وانه‌ی یه‌كترییه‌وه‌ باسی ورده‌كارییه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

راكان جبوری به‌یاوه‌ری هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی چوارشه‌ممه‌ 19ی ئاب له‌ به‌غدا چاوی كه‌وتووه‌ به‌ به‌شیر حه‌داد، جێگری دوه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق بۆ تاوتوێی چه‌ند ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌شیر حه‌داد له‌گه‌ڵ شاندێكی ئیداره‌ی كه‌ركوك كۆبۆته‌وه‌، بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ پاڵپشتی پێویست و دابینکردنی دەرماڵەی دارایی زیاتر بۆ پارێزگاکە و چاودێری رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌نه‌كراوه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان "بانگهێشتی" پارێزگاری بۆ به‌غدا كردبێت.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ به‌شیر حه‌داد داوایكردوه‌ بایه‌خی زیاتر به‌ كه‌ركوك بدرێت، ره‌چاوی هاوسەنگی و دادپەروەری بکرێت لە بەشداریکردنی هەموان لە پێناو گەشەی پارێزگاکەدا، باس له‌ بەردەوامی پەیوەندیی نێوان پارێزگار و په‌رله‌مانتارانی کەرکوک كراوه‌ و جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زەوییە کشتوکاڵییەکان كراوه‌ته‌وه‌.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی نوێنه‌ری كه‌ركوك به‌شداربون.

مه‌ریوان نادر، په‌رله‌مانتاری كه‌ركوك كه‌ ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت باسیان له‌ دۆسیه‌كانی كشتوكاڵ، ئه‌منی، خزمه‌تگوزاری و ئیداری كردووه‌ له‌گه‌ڵ پێویستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌ به‌شداری هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان.

هه‌روه‌ها وتی ئاماژه‌ به‌ ئیداره‌دانی كه‌ركوك كراوه‌ كه‌ پێویسته‌ ته‌نیا بۆ یه‌ك لایه‌نی دیاریكراو قۆرغ نه‌كرێت و هه‌موان به‌شداربن.

perlaman
به‌غدا، ئابی 2020، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ پشكی كه‌ركوك ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و پارێزگاری كه‌ركوك بون فۆتۆ: راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان

مه‌ریوان نادر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیشدا ده‌رباره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ نوسیویه‌تی "بانگهێشتی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک و چەند بەڕەێوەبەرێکی گشتیمان کرد بۆ پەرلەمان"، ده‌شڵێت "بڕیاردرا بۆ چارەسەری کێشەی زەوی وزاری کەرکوک پابەندبن بە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای حکومی لە بەغداد و پشت بە یاسا و دەستور ببه‌ستن".

دیلان غه‌فور، په‌رله‌مانتاری كه‌ركوك له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا به‌ هه‌مانشێوه‌ نوسیویه‌تی "پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوکمان بانگھێشتی پەرلەمان کرد".

دیلان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌و كۆبونه‌وه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ چیتر له‌ ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ نوسراو ئاراسته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌كرێت ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

كێشەی بەشێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك لە نێوان جوتیارانی عەرەب، كورد و توركمان چوار دەیەیە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و پەرلەمان و حكومەتیش لەئاستیدا دەستەوەستانن.

به‌پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆكی راگه‌یه‌ندراوی په‌رله‌مانتاره‌كانه‌وه‌، نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ په‌رله‌مان بانگهێشتی جبوری كردبێت و وه‌ك سه‌ردانێكی ئاسایی ناوبراو بۆ به‌غدا باسی ده‌كات.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی راكان جبوریدا هاتووه‌ پارێزگار له‌گه‌ڵ جێگری دوه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان تاوتوێی پاڵپشتی ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ی كردووه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ دابینكردنی زیاتری خزمه‌تگوزاری، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ گه‌وره‌كانی خزمه‌تگوزاریدا كه‌ "هه‌موو شار و قه‌زا و گه‌ڕه‌ك و ناحیه‌یه‌كی گرتۆته‌وه‌".

ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی لایه‌نی كوردی له‌ ئیداره‌دانی كه‌ركوك به‌ تایبه‌ت له‌ دۆسیه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان و گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌كانی پارێزگاكه‌دا.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك، راكان جبوری، وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاتی عیراق ده‌ستبه‌كاربوو، ئه‌وه‌ش دوابه‌دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ركوك له‌و پۆسته‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT