10 خێوه‌تی ئاواره‌كان سوتان، به‌هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له كه‌مپی چه‌م مشكۆ، كه زیانی دارایی به ژماره‌یه‌ك خێزان گه‌یاند.
ئاگره‌كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه 7ی ئه‌یلول له كه‌مپی چه‌م مشكۆی پارێزگای دهۆك كه‌وته‌وه، ژماره‌یه‌ك خێوه‌تی گرته‌وه و دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگری شارستانییه‌وه كۆنتڕۆڵكرا.
مەئمون یەحیا، بەڕێوەبەری کەمپی چەم مشکۆ بە (کەرکوک ناو)ی وت "نازانین هۆكاری ئاگره‌كه چی بووه به‌ڵام به‌داخه‌وه 10 خێوه‌ت به ته‌واوی سوتان".
له‌دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌وه، ئیداره‌ی كه‌مپ ده‌ستیكردووه به ئاماده‌كاری بۆ پێدانی خێوه‌تی نوێ و دابینكردنی پێداویستی سه‌ره‌تایی بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی زیانیان به‌ركه‌وتووه.
"ئه‌وانه‌یشی ناسنامه و به‌ڵگه‌نامه‌كانیان سوتاوه، به‌ڵێنده‌ده‌ین به زوترین كات ببنه‌وه به خاوه‌نی به‌ڵگه‌نامه و ته‌واوی زیانهكانیشیان به راپۆرتێك بۆ ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك به‌رزده‌كه‌ینه‌وه" به‌وته‌ی مهئمون.
کەمپی چەم مشکۆ پێنج هه‌زار خێوه‌تی تێدایه و دانیشتوانه‌كه‌ی زیاتر له 24 هه‌زار ئاواره‌ن.
باسوک خدر، شه‌ش ساڵه له‌و كه‌مپه نیشته‌جێیه و له روداوه‌كه‌دا پێنج خێوه‌تی خانه‌واده‌كه‌ی سوتاون، "هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر سه‌لاجه و موجهمیدهم كڕی، وائهمشهو هه‌ردوكیان سوتان، جگه له ته‌له‌فزیۆن و ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كانمان كه هه‌موی له‌ناوچوو".
ئه‌و خانه‌واده‌یه له ئاگره‌كه‌دا زیانی زۆری داراییان به‌ركه‌وتووه و داواكارن هه‌رچی زووه حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان هاوكارییان بكه‌ن.
روداوی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر چه‌ندینجاره له كه‌مپه‌كاندا دوباره ده‌بێته‌وه.
یه‌كشه‌ممه 6ی ئه‌یلولیش به‌هۆی ئاگركهوتنهوهوه له كه‌مپی كه‌مپی قادیا، سێ كهرهڤانی ئاواره‌كان سوتان.
ئه‌و كه‌مپه سێ هه‌زار كهرهڤانی تێدایه، 14 هه‌زار ئاواره‌ی تێدا نیشته‌جێیه و له مانگی رابردوشدا به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه حه‌وت كهرهڤانی به ته‌واوی سوتان.
ته‌نیا له مانگی ئابی ئه‌مساڵ و له سنوری پارێزگای دهۆك، پێنج روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه له كه‌مپی ئاواره‌كاندا تۆماركران.
له هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان كه‌مپ هه‌ن و هێشتا زیاتر له 787 هه‌زار ئاواره له شار و شارۆچكه‌كاندا نیشته‌جێن، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم بۆ شوباتی 2020.