یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان جەختدەكاتەوە لەوەی عەرەب و كورد لە ئیدارەدانی پارێزگای كەركوك بەبێ یەكتر سەركەوتوو نابن، ئەوەش تاقیكراوەتەوە، بۆیە هەردولا بڕیاریاندا پەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە.
هەریەكە لە یەكێتی و ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی – راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك یەكێكە لە سەركردەكانی-، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئەیلول بۆ ئەو مەبەستە كۆبونەوە و چەند پرسێكیان تاوتوێكرد، لە نێویاندا پرسی ئیدارەدانی پارێزگاكە و دەستگیراوانی عەرەب.
محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "هەردولامان بە تەنیا تاقیمانكردۆتەوە كە ناتوانین بەبێ یەكتر سەركەوتوبین لە خزمەتكردنی شاری كەركوك، بۆیە لەم كۆبونەوەیەدا جەختمانكردەوە لە بەڕێوەبردنی شارەکە بەهاوبەشی لەنێوان هەموو پێكهاتەكان".
هەردولامان بە تەنیا تاقیمانكردۆتەوە كە ناتوانین بەبێ یەكتر سەركەوتوبین
"وەكو یەكێتی دواتر ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان تاوتوێ دەكەین و بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی درێژە بە کۆبونەوەکان دەدەین... هەوڵدەدەین لەگەڵ تورکمان و مەسیحیش کۆببینەوە".
حاتم تائی، وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "ئێمە پرسی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان باسكرد و داوامانلێكردن ئەو پرسە بە تەواوی یەكلاییبكەنەوە... پێشتر لەسەر دەستپێشخەری یەکێتی هەنگاوی یەکەم جێبەجێکرا و بەشێكیان ئازادكران، ئەوەش کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر پەیوەندییەكانمان".
لە ئەمساڵدا و بە چەند قۆناغێك یەكێتی زیاتر لە 200 زیندانیكراوی عەرەبی لە گرتوخانەكانی سلێمانییەوە بۆ كەركوك گەڕاندەوە. بەشێك لەو دەستگیركراوانە لە دوای پرۆسەی روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003و بەشێكی تریان لەكاتی شەڕی داعش لەدوای ساڵی 2014ەوە دەستگیركرابون.
ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی، كە راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك یەكێكە لە سەركردەكانی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئەیلولدا داوایانكردووە پرۆسەی ئازادكردنی گیراوەكانیان بەردەوامبێت، كە بەپێی ئامارێكیان نزیكەی 1000 زیندانیكراون.
هەر لەكۆبونەوەكەدا پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە تاوتوێكراوە و حاتم تائی وتی "بەشداریکردنی پێشمەرگە وەکو هێزێك لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عیراق لە ئەمنییەتی کەرکوک کارێکی باشە بۆ سەقامگیری و ئاسایش، بەمەرجێک لە دەرەوەی شاری کەرکوک بێت و هەماهەنگییەکەش بۆ دەرەوەی شارەکە بێت".