بەشێك لە خوێندكارانی خوێندنی كوردی هۆڵەكانی تاقیكردنەوەیان بەجێهێشت

عیراق/ ئەیلولی 2020/ دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ. پۆلی شەشەمی ئامادەیی فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە

كەركوك ناو

بەشێك لە خوێندكارانی خوێندی كوردی لە كەركوك، هۆڵەكانی تاقیكردنەوەیان بەجێهێشت، ئەوەش لە تاقیكردنەوەی زیندەوەرزانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی.

بیانوی بەجێهێشتنی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، بەهۆی ئەوەوە بووە كە "پرسیاری دەرەكی و قورس هێنراوەتەوە" و دەڵێن رەچاوی دۆخی خوێندكاران نەكراوە.

کژوە محەمەد، خویندکارى پۆلی شەشەمی ئامادەیی بەشى زانستى لە داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "پرسیارەكان زۆر قورس بون، هیچ رەچاوێكی دۆخی ئەمساڵی خوێندكار نەكراوە، كە بەهۆی كۆرۆناوە نەیانتوانیوە بە باشی بخوێنن و لە خوێندنگە وانەكان تەواو بكەن".

"تەنیا لە هۆڵەكەی ئێمە زیاتر لە نیوەی خوێندكاران چونەدەرەوە و وەڵامیان نەدایەوە"، كیژوە كە خۆی یەكێك بوو لەو خوێندكارانە وایوت.

هەروەها وتی "بە بەراورد لەگەڵ خوێندنی عەرەبی، پرسیارەكان زۆر قورستر بون، لەكاتێكدا بۆ ئەوان تاقیكردنەوەكان لە پێنج بەشی كتێبەكەدا بون، بەڵام بۆ ئێمە حەوت بەش بوو".

دیلان خەلیل، خوێندكارێكی تری خوێندنی كوردی لە كەركوك، وتی "لەوانەی زیندەوەرزانی چوار پرسیاری دەرەكی هاتبۆوە، بە ناچاری دەفتەری پرسیارەكانم پێدان و هۆڵەكەم بەجێهێشت".

چوار پرسیاری دەرەكی هاتبۆوە، بە ناچاری دەفتەری پرسیارەكانم پێدان و هۆڵەكەم بەجێهێشت

خوێندكاران لەناو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە فشاریان لەسەر مامۆستایان دروستكرد، تا لینژەی تاقیكردنەوەكان سەردانیان كردن. وەڵامی ئەوان تەنیا ئەوە بوو كە نیگەرانییەكانیان دەگەیەننە بەغدا.

taqikirdnawa
كەركوك/ ئەیلولی 2020/ دەرمانڕێژكردنی هۆڵێكی تاقیكردنەوە بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەكانی كۆرۆنا فۆتۆ: راگەیاندی پەروەردەی كەركوك

پەروین فاتیح، لە یەكەی سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك و ئەندامی لیژنەی تاقیكردنەوەكان، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "راستە بەشێكی پرسیارەكان لەناو پڕۆگرامی خوێندندا نین، ئەوانی تریش قورس بون، هەروەها هەڵەی چاپیش هەبوو، بۆیە بەشێكی زۆری خوێندكاران ئامادەنەبون وەڵامبدەنەوە و هۆڵەكانیان بەجێهێشت".

"ئێمە بەغدامان ئاگاداركردۆتەوە، ئاساییە پرسیاری قورس بێتەوە، بەڵام بۆ دۆخی ئێستا خوێندكاران بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گونجاو نییە"، پەروین وایوت.

بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، ئەمساڵ تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بۆ مانگی ئەلیول دواخرا و 17ی ئەم مانگە دوا رۆژی تاقیكردنەوەكانە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT