دوو كچەكەی چەمچەماڵ لە زاری كەسوكارییانەوە
باوكیان دوو هاوسەری هەبووە و لە هەردوكیان جیابۆتەوە

چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ گوندی برایم ئاغا لە ناوچەی شوان، شوێنی شاردنەوەی دوو خوشك (ئاوارە و هێلین) دوای كوشتنیان فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – کەركوك

"ئەو دوو خوشكە زۆر بێنازبون، گوێڕایەڵ و زۆر گونجاو بون لەگەڵ یەكتر"، چەند كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی دوو خوشكە كوژراوەكەی چەمچەماڵ، بەو شێوەیە پەسنی ئەو دوو خوشكە دەدەن و جەختیشدەكەنەوە لەوەی "نانە رەقیان پێبدرایە نوزەیان لێوە نەدەهات".

ئەو دوو خوشكە ئاوارە (19ساڵ) و هێلین (17ساڵ)، دوای نزیكەی هەفتەیەك لە ونبونیان، پۆلیس لە گوندی برایم ئاغا لە ناوچەی شوان تەرمەكانی لەناو گۆڕێكدا دۆزییەوە و دەریهێنان، 9ی ئەیلولیش دوای توێكاری بۆ تەرمەكانیان و دوای ئەوەی كەسوكارییان ئامادەی وەرگرتنەوەیان نەبون. بە بڕیاری ئیدارەی چەمچەماڵ و بە ئامادەبونی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بەخاكسپێردران.

چەند كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی ئەو دوو خوشكە، لە گوندی برایم ئاغا، بۆ (كەركوك ناو)، جەختدەكەنەوە لەوەی دوو خوشكی "گونجاو، بێوەیی و بێدەنگ بون و بە كولەمەرگی ژیاون لە خێزانێكی هەڵوەشاوەدا".

فەقێ حەسیبی باوكیان، دوو ژنی هێناوە و لە هەردوكیان جیابۆتەوە، ئەوەش بەپێی گێڕانەوەی كەسوكارییان بەهۆی ئەوەوە بووە كە "مامەڵەی لەگەڵیاندا باش نەبووە و سكاڵایان لە دژی تۆمار كردووە".

gor-5

چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ ساتی بەخاكسپاردنی دوو خوشك (ئاوارە و هێلین) دوای كوشتنیان فۆتۆ: سۆران محەمەد

فەقێ حەسیب بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، بەڵام لە رۆژی دیارنەبونی كچەكانەوە ئەویش دیار نییە و لە ئێستادا وەك تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی دوو كچەكەی ناودەبرێت.

سەردار کەریم، ئامۆزای فەقێ حەسیب، لە گوندی برایم ئاغا دەژیت، وتی "تا پۆلیس نەهات ئێمەش هیچ شتێكان لەبارەی ئەو گۆڕە و كوژرانی ئەو دوو كچەوە نەبیستبوو"، زیاتر وتی "ژیانەكەیان كولەمەرگیی و چارەنوسەكەشیان ئەمە بووە".

فەقێ حەسیب، پێشتر پێشمەرگە بووە و بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی "پابەند نەبووە بە دەوام، هەر بەو هۆیەشەوە دروخراوەتەوە".

دایكی ئاوارە و هێلین، وەك خزمەكانی دەڵێن نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر تەڵاقی وەرگرتووە، بەهۆیەوە ئاوارە، هێلین و خوشكێكی بچوكیان لای باوكیان ماونەتەوە.

هانا شوان، ئەندامی رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO)، كە لەساتی بەخاكسپاردنی ئەو دوو خوشكەدا لە چەمچەماڵ ئامادەبوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "خوشکە بچوكەكەشیان هێشتا نازانرێت لە كوێیە".

ئەو خێزانە ماوەی دوو ساڵ ماڵیان لە كەركوك بووە، دواتر چونەتەوە گوندەكەی خۆیان (برایم ئاغا)، سێ ساڵ لەمەوبەریش چونەتە ناحیەی شۆڕش لە چەمچەماڵ، بەڵام جارجار هاتوچۆی گوندەكەیان كردۆتەوە و خانویان لەوێ هەبووە.

zhnan-10

چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ رێكخراوەكانی ژنان لە ساتی بەخاكسپاردنی دوو خوشك (ئاوارە و هێلین)، داوایانكرد بكوژی سەرەكی دەستگیربكرێت و سزابدرێت فۆتۆ: سۆران محەمەد

رمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لەكاتی بەخاكسپاردنیان، وتی "پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی كردۆتەوە... لە راپۆرتی پزیشکیش دەرکەوتووە كە ئەو دوو خوشکە پێش کوشتنیان ئەشکەنجە دراون، پاشان بە فیشەک کوژراون، رون نییە بکوژ کێیە، بەڵام باوکیان فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە، پێویستە باوک وەک سەرۆک خێزان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت".

"ئێمە وەك برا، مام، خاڵ و كەسوكاری ئەو دوو خوشكە، بە ئەركی خۆمان هەستاین لە ناشتنیان"، رمك رەمەزان وایوت.

ئێمە وەك برا، مام، خاڵ و كەسوكاری ئەو دوو خوشكە، بە ئەركی خۆمان هەستاین لە ناشتنیان

روداوەكە بەزویی لە سۆسیال میدیا تەشەنەی سەند و نیگەرانی لێكەتەوە، رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵی مەدەنی بەشداربون لە بەخاكسپاردنیان و داوای لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەریان كرد.

هاوسێیەكانیان لە ناحیەی شۆڕش، دەڵێن لە سەرەتای ئەیلولەوە هیچ زانیارییەكیان لەسەر ئەو دوو خوشكە نەبووە و نەیانبینیون.

(كەركوك ناو)، 9ی ئەلیول چووە گوندی برایم ئاغا و ئەو گۆڕەی كە ئەو دوو خوشكەی تیادا شاردرابونەوە.

گۆڕەكە لە شوێنێكی بێدەنگ، سەخت و چەپدایە، بەپێی خەڵكی گوندەكە پێشتر ئەو ناوچەیە گۆڕستان بووە.

دوو خاكەناس و دەستكێشێك لە نزیك گۆڕەكە بون، كە پێدەچوو هی تیمەكانی بەڵگە و تاوانبن دوای هەڵدانەوەی گۆڕەكان بەجێیانهێشتبێت.

مێش ناوچەكەی تەنیبوو و بۆن دەهات، ناوچەیەكی بێدەنگ و دورەدەست بوو.

ئەو دوو خوشكە، لە 17ی تەمموزی ئەمساڵ چونەتە شێڵتەر لە سلێمانیی و سكاڵایان لە دژی باوكیان هەبووە، بەڵام بە بڕیارى دادوەر، لە 11ی ئاب و دوای ئەوەی باوكیان بەڵێننامەی پڕكردۆتەوە، رادەستی باوكیان كراونەتەوە.

هانا شوان، وتی "کەسانێک دەسگیرکراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام ماوەتەوە کەسی سەرەکیی و بکوژ دەستگیربکرێت، گومانمان هەیە پێشوەختە پلان بۆ كوشتنیان دانرابێت و کۆدەنگی لەسەر ئەم کارە هەبوبێت و کەسانێک جێبەجێیان کردبێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT