"ئێوە ئایپادێكم بۆ بكڕن، خەمتان نەبێت لەماڵەوە زۆر باش دەخوێنم"، ڤینا هێرش (نۆ ساڵ) بەردەوام وادەڵێت، لەوكاتەوەی ئاگاداری گفتوگۆكانی دایك و باوكیەتی دەربارەی گۆڕینی شێوازی خوێندن بۆ ئۆنلاین.
ڤینا لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتییە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانی عیراق دەبێت لە مانگی تشرینی یەكەمەوە بە ئۆنلاین لەماڵەوە بخوێنێت بەهۆی كۆرۆنا؛ ڤینا بێئاگا لە دڵەڕاوكێی دایك و باوكی دەڵێت "زۆر خۆشە بۆ خۆمان هەر لەماڵەوە دەبین و ناچینەوە بۆ مەكتەب".
دایك و باوكی ڤینا، هێشتا هیچ زانیارییەكیان لەسەر چۆنیەتی وتنەوەی خوێندن بە ئۆنلاین نییە و لە چاوەڕوانی رونكردنەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بڕیارەكان هەرچییەك بن، ئەوان لە دڵەڕاوكێ و چاوەڕوانییەكی زۆردا دەژین و دەستەوەستان ماون.
"هەردوكمان فەرمانبەرین و دەوامدەكەین، منداڵێكی نۆ ساڵ دەبێت چاودێرێكی هەبێت تا بچێتە سەر كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت بكاتەوە و وانە بخوێنێت، ئەسڵەن زۆر شت نازانێت بەكاریبهێنێت، دەبێت كەسێك یارمەتی بدات"، سروە كەمال، كارمەندی شارەوانی و دایكی ڤینا زیاتر وتی "كێشەكەمان ئەوەیە كە ئێمە لە دەوام بین، كێ چاودێریی ڤینا بكات؟ چۆن منداڵێك لەماڵەوە بەجێبهێڵین".
ئەم گرفت و دڵەڕاوكێیە بەرۆكی زۆرینەی هەرە زۆری خێزانەكانی گرتووە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دووی ئەیلولی ئەمساڵ بڕیاریدا لە دەستپێکی دەوامدا خوێندنی ئەلیکترۆنی و خوێندنی ئۆنلاین پەیرەو بکرێت، ئەوەش لەسەر بنەماى راپۆرتێکى وەزارەتى پەروەردە و رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى.
پرۆسەكە لە تەواوی ناوەندەکانی وەزارەتی پەروەردە بەوشێوەیە دەبێت، جگە لە قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی، ئەوەش بەپێى راگەیەندراوێکى وەزارەتى پەروەردە.
بەختیار محەمەد لە شەستەکانى تەمەنیدایە و باوکى چوار کچە، دووانیان لە پۆلى ١٠ و ١١، یەکێکیشیان لە زانکۆ، گەورەکەشیان پۆلى شەشى تەواو کرد و لە زانكۆ وەرنەگیراوە و نەیتوانیوە بیخاتە زانکۆیەکى ئەهلى و لەچاوەڕوانیدایە.
"کاکە تۆ سەیر بکە، ناتوانم ئایپاد و کۆمپیوتەریان بۆ بکڕم، پارە لە کوێ بهێنم، باشترە بڕۆن بۆ مەکتەب، ئەگەر پارەم هەبوایە ئەم تەکسییەم دەگۆڕى". تەکسیەکەى ئۆپڵێکى مۆدێل ٩٥، فێنککەرەوەى نییە و ناشتوانێت زۆر بسوڕێتەوە، "مەکینەکەى گەورەیە و بەنزین زۆر دەخوات". بەختیار خۆیشی لە خانوى کرێدا دەژى و دەڵێت رۆژانە ئەوپەڕى ١٥ هەزار بە تەکسییەکەى پەیدا دەکات.
کاکە تۆ سەیر بکە، ناتوانم ئایپاد و کۆمپیوتەریان بۆ بکڕم، پارە لە کوێ بهێنم، باشترە بڕۆن بۆ مەکتەب
بڕیاری حكومەت بۆ خوێندن بەشێوەی ئۆنلان، لەكاتێكدایە نزیکەى شەش ساڵە پرۆسەى پەروەردە لە هەرێمى کوردستان لە ژێر چەپۆک و تارمایى قەیرانەکاندایە، بەهۆی پێنەدانی موچەی مامۆستایان كە چەند مانگێك بایكۆتكردنی خوێندنی بەدواداهات.
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٠ هەزار قوتابى واز لە پرۆسەی خوێندن دەهێنن، ١٠ هەزار قوتابیش لە کۆلێژەکان وەرناگیرێن، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە.
سەرئێشەکانی خوێندن بە ئۆنلاین
دایك و باوكی ڤینا، لەئێستاوە پێداویستی و تەحەدییەكانی بەردەم كچەكەیان لێكدەدەنەوە، دەبێت كۆمپیوتەرێكی بۆ بكڕن، هێڵی ئینتەرنێت و كارەبای بەردەوامی بۆ دابین بكەن، لەپاڵئەوەشدا كێشەی چاودێریكردنی بۆ چارەسەربكەن.
لە وەرزی زستاندا، كارەبای نیشتیمانی كەمدەبێتەوە، زۆرینەی كات هەشتی بەیانی بۆ یەكی دوای نوەڕۆ كارەبا نییە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ دەوامی خوێندنگەكان. هەروەها قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی توانایان بەکارهێنانی كۆمپیوتەریان سنوردارە و ئەوەش كێشەیەكی تری بەردەم خوێندنە بە ئۆنلاین.
خزمەتگوزاری ئینتەرنێت یەكێكی ترە لە كێشە گەورەكانی بەردەم پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان.
کێبڵ (Fiber Optic) و واى فاى سیستم (LTE Long Term Evolution) ئەو دوو شێوازەن تیایدا خزمەتگوزارى ئینتەرنێت پێشکەشدەکرێت، هەردوو جۆرەکە بەپێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لە پێشکەوترین سیستمى ئینتەرنێتین لە جیهاندا، چوار کۆمپانیا بە سیستمى کێبڵ لە کاردان، بۆ سیستمى واى فایش نزیکەى ٤٥ کۆمپانیا خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن.
کۆمپانیاکانى LTE لەسەرتاسەرى هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن و لە پارێزگایەک یان دوو پارێزگا یاخود ناوچەیەکدا بەردەستن.
لە هەولێر و دهۆک کۆمپانیای نۆرتێل دەستبەكارە، لە سلێمانی کۆمپانیا کوردتێل و لە قەزا و ناحییەکانىش کۆمپانیاى ئۆپت ئاى کیو هەیە، ئەمانە ئینتەرنێتى جۆرى FTTHیان بەشێوەى ئەرزى بردووە ماڵان _نۆرماڵ_.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی گواستنەوە، لەسەدا 85 بۆ 90ی ناوچەکانى کوردستان وایەرلێسیان پێگەیشتووە، لەسەدا ٦٠ بۆ ٦٥ی ناوچەكان کێبڵى بۆ راکێشراوە.
کاروان رەزا، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى گواستنەوەى گەیاندنى هەرێم، بە (کەرکوک ناو)ى وت "بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەسەدا 50 بۆ 55 تێپەڕناکات، چونکە ژمارەى دانیشتوانى کوردستان پێنج ملیۆن کەسە دوو ملیۆنى بەلایەنى کەمەوە خەڵكی دورەدەستن، یان لەناو شاردا ئینتەرنێتیان نییە، یان منداڵ و بە تەمەنن".
بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەسەدا 50 بۆ 55 تێپەڕناکات
دەست ڕانەگەیشتنی بەشێك لە گوندنشینان بە هێڵی ئینتەرنێت یەكێكە لەو گرفتانەی بەرۆكی خوێندن بە ئۆنلاین دەگرێت.
ئەحمەد کەرکوکى، ئەندامى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایان، بە (کەرکوک ناو)ى وت "پێش دەرکردنى بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتێكمان رادەستی وەزارەت كرد، تێیدا باسمان لەوە کردبوو خوێندنى ئۆنلاین سەرکەوتوو نابێت، چونکە هیچ ئامادەکارییەک بۆ کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت نەکراوە، نەک قوتابى، زۆربەى مامۆستایان شارەزایى بەکارهێنانى ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر نین".
بۆچی خوێندنی ئۆنلاین سەختە
پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین، كە یەكەم ئەزمونی هەرێمی كوردستانە و هۆكاری سەرەكی تیایدا پاراستنی خوێندكاران و مامۆستایانە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆمەڵێك سود و زیانی هەیە بۆ مامۆستا، قوتابی و خێزانەكان.
هەورامان قانع، نوسەری بواری پەروەردە، دەڵێت "لایەنە باشەكانی ئەوەیە، ئەمڕۆ سەردەمی دیجیتاڵ، ژمارە و ئینتەرنێتە، تەكنەلۆژیای گەیاندن و گواستنەوە لە هەموو لایەكەوە خۆی كردووە بەناو كون و قوژبنەكانی ژیاندا، كەم پانتایی هەیە، تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت داگیری نەكردبێت.
"شارەزایی لە كۆمپیوتەر و كاركردن بەم ئامێرە سەرسوڕهێنەرە دەبێتە مەرجێكی زۆر گرنگ بۆ نەوەكانی ئایندە بۆ دەستكەوتنی كار. ئاشنابون بەم تەلنەلۆژیاییە لە تەمەنێكی زووەوە، دەرفەتێكی باشە بۆ قاڵبوونەوە تێیدا". هەورامان وایوت.
ئەو جەختیكردەوە لەوەی تێكەڵنەبون و بەرنەكەوتنی رۆژانەی مامۆستا و قوتابی یەكێكە لە زیانە گەورەكان، "هەرگیز ئۆنلاین ناتوانێت قەرەبوی ئەو كەش و هەوا كۆمەڵایەتییە بكاتەوە"، هەورامان زیاتر وتی "ئۆنلاین، وانەیەكی رەق و تەقە، واتە تەنیا وتنەوەی وانەیە بێ پەروەردە و هیچ رەهەندێكی پەروەردەیی وەرناگرێت".
هەرگیز ئۆنلاین ناتوانێت قەرەبوی ئەو كەش و هەوا كۆمەڵایەتییە بكاتەوە
رەنگە بۆ هەندێك لە خێزانەكان خوێندنی ئۆنلاین تێچوی كەمتری پێویست بێت، لە گەڕانەوەی كرێی هاتوچۆ، خەرجی رۆژانەی منداڵ و جلوبەرگی كەمتر، بەڵام بۆ هەندێك لە خێزان كە خوێندنگەكان لێیانەوە نزیكە و باری داراییان باش نییە تێچوی زیاتر بێت، وەك كڕینی كۆمپیوتەر، مێز و كورسی، پەیداكردنی هێڵی ئینتەرنێت و پێداویستی تر.
"پرسی هۆشیاری خێزانەكان كێشەیەكی ترە، بەشێكی زۆری خەڵك ئەم تەكنەلۆژیایە، زیاتر بۆ كات بەسەربردن و هێرش و پەلاماردانی یەكتر بەكاردێت، تا وەرگرتنی زانین و مەعریفە". هەروامان وایوت.
كێشەكی تر بەلای ئەحمەد كەركوكی، لە یەكێتی مامۆستایان ئەوەیە "ئەگەر خوێندن بە ئۆنلاین بێت هەڵسەنگاندنى قوتابى نامێنێت، لە پەروەردەدا قوتابى سەنتەرە، بەڵام لە ئۆنلایندا مامۆستا دەبێتە سەنتەر و قوتابى بە تەنیا گوێگرە".
ئەگەر دایك و باوكی ڤینا، هێشتا لە دڵەڕاوكێی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی كچەكەیاندابن، ئەوە دۆخی ئەو خێزانانە زۆر خراپترە كە لەیەكاتدا سێ بۆ چوار منداڵیان دەخوێنن، بەتایبەت تێچوی كڕینی كۆمپیوتەر و هێڵی ئینتەرنێت.
بەپێی وتەی چەند خاوەن كۆمپانیایەكی فرۆشتنی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان كە (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردون، ئەگەر ئایپادێک قوتابییەک بەبێ کێشە سودى لێوەربگرێت و کێشەى تەکنیکى بۆ دروستنەبێت بە ٣٠٠ دۆلار بەرەو سەرەوەیە. لەوحاڵەتەشدا خێزانێكی خاوەن چوار منداڵ پێویستیان بە هەزار و 200 دۆلار هەیە، جگە لە خەرجی هێڵی ئینتەرنێت.
بەختیار محەمەد، شۆفێری تەكسییەكە كە لەم ماوەیەدا مۆبایلى دەستى دووى بۆ کچەکانى کڕیوە، ناچارە دوو ئایپادى تر بکڕێت، "هەر ئایپادێک مانگێکى کرێ خانووەکەم دەکات" بەختیار لە سلێمانییە و قوتابخانەى منداڵەکانى چەند خولەکێک لە ماڵەکەیانەوە دورە.
چارەسەر لە کوێیە؟
هێشتا نە مامۆستا، نە خوێندكار و خێزانەكان نازانن پرۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین چۆنە، ئەوەش لەكاتێكدایە دوو هەفتەی تر پرۆسەكە دەستپیدەكات و كات نەماوە؛ وەزارەت بڕیاریداوە لە زوترین كاتدا رێنماییەكان بڵاوبكاتەوە.
کاروان رەزا، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتی گواستنەوە، دەڵێت ئەگەر بێت و بڕیارى کۆتایى لەسەر خوێندنى ئۆنلاین درا ئەوا دەبێت، وانەکان لەلایەن مامۆستایەکى تایبەتمەندەوە تۆماربکرێن و هەموو قوتابخانەکان بە سیستمێکەوە ببەسترێنەوە لە یەککاتدا وانەکان لەڕێى بەرنامەیەکەوە پەخشبکرێن.
"دەبێت قوتابى لەڕێى بەرنامەیەکى تایبەوە بچێتە ناو بەرنامەکەوە و هەموو قوتابیەک کۆدى تایبەتى خۆى هەبێت"، كاروان وایوت.
بەڵام یەکێتى مامۆستایانی كوردستان بە تەواوی پرۆسەكە رەتدەكەنەوە، ئەوان لە راپۆرتەکەیاندا بۆ وەزارەتى پەروەردە پێشنیاریان کردووە ١٥ قوتابى لەناو پۆلدا بن هەموو قوتابخانەکان بکرێنە دوو دەوامیی و وانەکانیش ٣٠ خولەک بن، لەگەڵیشیدا رێنماییە تەندروستیەکانیش بخوێنرێن.
بەڵام ئەو پێشنیارەی یەكێتی مامۆستایان لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان گرفتی بینا و خوێندنگە هەیە.
زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار قوتابى ساڵانە روو لە قوتابخانەکان دەکەن و ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزاریش منداڵیش یەکەم هەنگاو بۆ چونە ناو قوتابخانە دەنێن. نزیکەى ١٢٨ هەزار مامۆستاش وانەیان پێدەڵێنەوە.
لە هەرێمی كوردستان حەوت هەزار قوتابخە هەیە و لە ئێستادا پەروەردە پێویستى بە نزیکەى چوار هەزار قوتابخانەى نوێ و سەدا ٥٠ قوتابخانەکانیش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەكەی یەكێتی مامۆستایان.
تەنانەت ٧٠٠ قوتابخانە ئاوى پاکیان نییە، ١٠٠ قوتابخانە لەناو کابینەدان، نزیکەى ٩٠ قوتابخانە کارەبایان نییە، ٩٠٠ قوتابخانە خراپن و مەترسى روخانیان لەسەرە، هەروەها کەمتر لەسەدا٢٠ى قوتابخانەکان ئینتەرنێتیان هەیە و تەنیا ٧٠٠ قوتابخانەش تاقیگەى کۆمپیوتەریان هەیە.
ئەم ژمارانە وادەردەكەون كە هەم كێشەبن بۆ خوێندن لەناو پۆلدا، هەم كێشەبن بۆ خوێندنی ئۆنلاین.
دایك و باوكی ڤینا، لە دوو هەفتەی رابردودا سێ بیرۆكەیان بۆ چارەسەری کێشيی كچەكەیان لە مێشكیاندا گەڵاڵەكردووە، یەكەم: داوا لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكانیان بكەن هەریەكەیان رۆژنا رۆژێك دەوام بكات تا چاودێری منداڵەكەیان بكەن، دووەم: كچەكەیان لە ماڵی نەنكی ڤینا دابنێن، هەرچەندە 62 ساڵە و توانای سنوردارە، سێیەم: ڤینا لەماڵەوە بێت و لەئێستاوە بۆ خوێندنی ئۆنلاین رایبهێنن.
"هەرسێ بیرۆكەكە زۆر قورسن، ئەوە هەر ناكرێت، حكومەت دەبێت لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بكات، چونكە تەنیا كێشەی ئێمە نییە"، سروە كەمال دایكی ڤینا وایوت.