ئادەما جاوارا؛ به ئومێدی ده‌ستكه‌وتنی بژێوی و دابینكردنی ژیانێكی شایسته بۆ منداڵه‌كانی، چەندین هەزار كیلۆمه‌تر ده‌بڕێت و ده‌گاته به‌غدا، به‌ڵام ئێستا بێ پاسپۆرت و به‌ڵگه‌نامە ته‌نیا چاوه‌ڕێی ده‌ستی حكومه‌ته لانیكه‌م بۆ وڵاته‌كه‌ی بیگه‌ڕێنێته‌وه.
ئه‌و ژنه خه‌ڵكی كۆماری سیرالیۆنه له باشوری خۆرئاوای کیشوەری ئه‌فریقا؛ له‌رێی كۆمپانیایه‌كه‌وه هاتۆتە عیراق و چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له ماڵێكی به‌غداد وه‌ك كارگوزار كاریكردووه تا دواجار گه‌یشتۆتە كه‌ركوك.
"هاوڕێیەکی خاوه‌نی ماڵه‌كه و دوو كه‌سی تر زۆر ئه‌شكه‌نجه‌یاندام، دواتر به ئۆتۆمبێل هێنایانم بۆ ئه‌م شاره‌ی ئێوه و لێره دایانبهزاندم" ئالاما جەواگا (27 ساڵ) وای وت.
ئادەما له سەر شه‌قامێكی سه‌ره‌كی که‌ركوك کەوتووە و له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه.
هه‌رچی پاره‌م هه‌بوو بردیان، ته‌نانه‌ت پاسپۆرته‌كه‌شیان بردوم
"هه‌رچی پاره‌م هه‌بوو بردیان، ته‌نانه‌ت پاسپۆرته‌كه‌شیان بردوم".
ئادەما ده‌ڵێت تەنیا ئه‌وه‌نده ده‌زانێت هێنراوه‌ته به‌غدا و له‌و ماڵه‌دا بۆ كاركردن جێگیركراوه، بێ ئه‌وه‌ی ناوی كۆمپانیاكه بهێنێت یان ناوی ته‌واوی ئه‌و خێزانه‌ی كاری بۆ كردون (به پاساوی ئه‌وه‌ی هیچ نازانێت).
ئه‌و هاوسه‌رگیری كردووه و دایكی دوو كچه، خێزانه‌كه‌ی له ناوچه‌ی فریتاونی سیرالیۆن ده‌ژین.
"له‌به‌رانبه‌ر 240 دۆلاری مانگانه‌دا كارم بۆ ئه‌و ماڵه ده‌كرد، ئه‌وه‌ش بۆ بژێوی ژیانمان بوو" ئالاما به‌گریانه‌وه داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرد.
ئادەما ده‌ڵێت هه‌ر له فڕۆكه‌خانه پاسپۆرتیان لێ وه‌رگرتووه و نازانێت چێ لێهاتووه
هێزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ دۆسیه‌ی ئه‌و ژنه كردۆته‌وه و به دوای زانیاریییهكانهوهن له‌سه‌ر روداوه‌كه.
(كه‌ركوك ناو) دوو رۆژه له ههوڵیدایه لێدوانی لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك وه‌ربگرێت به‌ڵام هیچ كه‌سێك وه‌ڵامناداته‌وه.
ئادەما جاوارا، دوای وه‌رگرتنی وته‌كانی له بنكه‌ی پۆلیسی قۆریه، راده‌ستی موختاری گه‌ڕه‌كێكی شاری كه‌ركوك ده‌كرێت.
"پۆلیسی قۆریه وتیان ئه‌م ئافره‌ته ئه‌شكه‌نجه دراوه و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی پێ نییه، با له ماڵه‌كه‌یدا تۆدا بێت تا چه‌ند رۆژێكی تر و كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت" یاوه‌ر ئه‌ڵاوێردی وای وت.
یاوه‌ر موختیاری گه‌ڕه‌كی خاسه‌یه و به كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێرخواز و هاریكاری خه‌ڵك ناسراوه.
به‌هۆی ئهشكهنجهدانەوە، هه‌ر قسه‌یه‌ك ده‌كات دواتر ده‌یگۆڕێت
"ئه‌م ئافره‌ته زۆر ترساوه، چوار شه‌وه له ماڵمانە؛ به‌هۆی ئهشكهنجهدانەوە، هه‌ر قسه‌یه‌ك ده‌كات دواتر ده‌یگۆڕێت" یاوه‌ر به (كه‌ركوك ناو)ی وت، كه ئه‌و شاره‌زای هیچ ناوچه‌یه‌كی عیراقیش نییه و نازانێت به دیاریكراویش له كوێ بووه.
هیچ شوێنه‌وارێكی ئه‌شكه‌نجەدان به روخساری ئالاما جەواگا_وه دیارنییه و بۆ وه‌رگرتنی راپۆرتی پزیشكیش له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه نه‌كراوه.
"جارێ ده‌ڵێت له به‌غدا كاریكردووه و جارێكی تر ده‌ڵێت له كه‌ركوك.. ته‌نانه‌ت بردمانه شوێنی فڕێدانی له نزیك باڵه‌خانه‌ی پارێزگا، به‌ڵام نه‌یوێرا له ئۆتۆمبێله‌كه بێته خواره‌وه".
موختاری گه‌ڕه‌كی خاسه‌ی كه‌ركوك وتیشی هه‌وڵیداوه هاوكاری ئه‌و ژنه بكات تا دۆسیه‌كه‌ی یهكلاییدهكرێتهوه، "له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و كچهكانمدا ده‌مێنێته‌وه، جلوبه‌رگ و پێداویستیمان بۆ دابینكردووه".
یاوه‌ر ئه‌ڵاوێردی وتی "راسته ئه‌مه كارێكی مرۆڤانه‌یه و هه‌موو كه‌سێك پێی خۆشه هاوكاری خه‌ڵك بكات، به‌ڵام ناكرێت هه‌ر شتێك روبدات پۆلیس په‌یوه‌ندی به منه‌وه بكات و بیخاته ئه‌ستۆی من، من ماڵ و منداڵم هه‌یه، بژێوی ژیانی خۆم به‌و راده‌یه نییه بتوانم بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر خزمه‌تیان بكه‌م".
هه‌ر له‌مساڵدا؛ پۆلیس دوجار منداڵی بێسه‌رپه‌رشتی بۆ ئه‌و موختاره ناردووه، جارێكیان سێ منداڵی یه‌ك خێزان كه له شه‌قامێكی كه‌ركوك هه‌ڵگیرانه‌وه و جاری دوه‌میش منداڵێك راده‌ستی یاوه‌ر ئه‌ڵاوێردی كران و بۆ چه‌ند مانگێك مانه‌وه تا دۆسیه‌كانیان له‌لایه‌ن دادگاوه یهكلاییكرانهوه.
لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك هیچ پەناگەیەك بۆ ژنانی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو و بێده‌ره‌تان نییه.
سەجاد جومعە، لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌م شاره‌دا زۆر كه‌سی بیانی له ئه‌فریقا و وڵاتانی تره‌وه بۆ كاركردن هاتون، هیچ شوێنێك نییه سه‌رپه‌رشتییان بكات"، سه‌جاد ده‌شپرسێت "ئه‌م كه‌سانه چۆن و به چ رێگا و شێوازێك هاتون و كارده‌كه‌ن؟".
ئه‌و ده‌ڵێت نه‌بونی هیچ شوێنێكیش بۆ داڵده‌دانی كه‌سانی بێده‌ره‌تان، هه‌ڕه‌شه‌لێكراو و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت بۆته مایەی داخ و نیگه‌رانی.
حكومه‌ت با شوێنێكی بۆ منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت و خه‌ڵكی بێده‌ره‌تان دابینبكات
سه‌جاد له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی موختاره‌كانی كه‌ركوك هاوڕایه و پێیوایه ناكرێت هه‌ر كه‌سێكی بێلانه هه‌بوو لای ئه‌وان دابنرێت تا دادگا دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلاییده‌كاته‌وه.
"حكومه‌ت با شوێنێكی بۆ منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت و خه‌ڵكی بێده‌ره‌تان دابینبكات، باڵه‌خانه‌یه‌ك دروستبكات یان خانویه‌ك به كرێ بگرێت، ناكرێت حكومه‌ت له كۆڵی خۆی بكاته‌وه و ئه‌ركه‌كه‌ی بخاته سه‌ر هاوڵاتیان".
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا مانگی ئاب، زیاتر له 150 كێشه و دۆسیه‌ی توندوتیژی له نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ تۆماركراون.
به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی عیراق، له مانگه‌كانی كه‌ره‌نتینه‌دا و به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا، له نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مانه‌وه‌ی ناچاری خه‌ڵك له ماڵه‌وه، هۆكاربون بۆ زیادبونی روداوه‌كانی توندوتیژی و له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای 2020دا گه‌یشتۆته زیاتر له پێنج هه‌زار دۆسیه.
كاركردنی كه‌سانی بیانی به‌پێی یاسای كار له عیراق رێكخراوه، له نێویاندا مه‌رجی وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی كاركردن له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت، مافی مانه‌وه و پێدانی هه‌موو مافێكی دارایی و یاسایی، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕگه‌كانی یاساكه پێشێلبكهن، سزای دارایی ده‌درێن.