له‌ كه‌ركوك رۆژانه‌ روداوێكی دزیكردن روده‌دات

كه‌ركوك، 2020، شه‌قامێكی ناوشار له‌كاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا به‌هۆی كۆرۆناوه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

له‌ شاری كه‌ركوك، هه‌ر رۆژێك روداوێكی دزیكردن روده‌دات و كه‌مترینیان له‌ بنكه‌كانی پۆلیس دۆسیه‌یان بۆ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو).

به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵه‌وه‌ تا دره‌نگانی شه‌وی 17ی هه‌مان مانگ، 17 روداوی دزیكردن رویانداوه‌ به‌ڵام ته‌نیا شه‌ش روداویان له‌لای پۆلیس تۆماركراون.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوه‌بەرایەتی پۆلیسی كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌ گشتی له‌م مانگه‌دا تائێستا شه‌ش حاڵه‌تی دزیكردن تۆماركراون، كه‌ دوانیان شه‌وی 17ی ئه‌یلول بووه‌".

حاڵه‌ته‌ تۆماركراوه‌كانی دزی له‌رێی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر دوكان، ماڵ و شكاندنی جامی ئۆتۆمبێله‌وه‌ بون.

دوایین روداوی دزی؛ كاتژمێر 8:30 خوله‌كی شه‌وی 17ی ئه‌یلول، له‌ گه‌ڕه‌كی شۆراو بووه‌.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ی وت "شه‌ش چه‌كدار له‌شۆراو هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر ماڵی مامۆستایه‌ك كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌یه‌، بڕی شه‌ش هه‌زار دۆلار (60 وه‌ره‌قه‌) و هه‌شت ملیۆن دینار و مۆبایلێكی گرانبه‌هایان بردووه‌".

ئه‌و شه‌ش چه‌كداره‌ ئۆتۆمبێلیان پێ بووه‌ و دوای دزیكردنه‌ به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتون و له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ دۆسیه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

police-4
كه‌ركوك، ئه‌یلولی 2020، بازگه‌ی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئۆتۆمبێلی جامڕه‌ش و بێ ژماره‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

هه‌ر شه‌وی 17ی ئه‌یلول له‌ناوچه‌ی رێگای به‌غدای شاری كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر ماڵێك؛ دوای بردنی بڕێك پاره‌ و ئاڵتون هه‌ڵاتون، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو).

به‌شێك له‌ روداوه‌كانی دزی، كه‌ له‌ گه‌ڕه‌ك و بازاڕه‌كانی كه‌ركوكدا رویانداوه‌، سكاڵای له‌سه‌ر تۆمارنه‌كراوه‌ و نه‌گه‌یشتۆته‌ پۆلیس.

به‌پێی به‌یاننامه‌كانی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌یلوله‌وه‌ سێ كه‌س به‌ تۆمه‌تی دزیكردن ده‌ستگیركراون.

یه‌كێك له‌و تۆمه‌تبارانه‌ له‌ 14ی ئه‌یلولدا، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی نه‌هێشتنی تاوانی بنكه‌ی پۆلیسی ئازادیه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، كه‌ له‌ نێو ئۆتۆمبێلێكدا له‌ خان خورما شه‌ش هه‌زار دۆلار و مۆبایلی دزیوه‌.

دوو تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ 2ی ئه‌یلولدا ده‌ستگیركراون و بڕی هه‌زار و 800 دۆلار (18 وه‌ره‌قه‌)ی بردووه‌.

روداوه‌كانی دزی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی به‌رده‌وامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك له‌ناوشاردا.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و لیوای تایبه‌تی 61ـه‌وه‌یه‌ و له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ش سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی له‌ چوارچێوه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندا هه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT