دوای ئەوەی منداڵێکی ئاوارەی دانیشتووی کەمپی ئاوارەکانی یەحیاوا لە پارێزگای کەرکوک داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد خۆیی و کەسوکارەکەی لە هەڕەشەی "دەستدرێژی سێکسی" رزگار بکات، چەند لایەنێکی حکومی گەیشتنە کەمپەکە بۆ گوێگرتن لەکێشەکەیان.
كێشەكە لەوەوە ئاشكرابوو كە كۆتایی هەفتەی رابردوو، ئەحمەد عەزیز، منداڵێکی ئاوارەیە لە پێکهاتەی تورکمان، لە ڤیدیۆیەكدا داوای مستەفا كازمی كرد ژیانیان بپارێزێت لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی دەكرێتە سەر خێزانەكەیان، لە كوشتن، دەستگیركردن و دەستدرێژی سێكسی.
ئەحمەد عەزیز، لەبارەی هەڕەشەكانەوە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "تێبینیم کرد رۆژانە کەسێک هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی سێکسیمان لێ دەکات، کۆپییەکم لە هەموو هەڕەشە و تۆمارە دەنگییەکان لای خۆم هەڵگرت، دواتر لەڕێی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوام لە سەرۆک وەزیران کرد هەرچی زووە بەهانامانەوە بێت".
ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە خۆی و کەسوکارەکەی 8 مانگە روبەڕوی هەڕەشە دەبنەوە، لەڕێی تەلەفۆن و پەیجی جیاجیای تۆڕی فەیسبوک، وتیشی "یەکێک لە براکانم مانگی رابردوو دەستگیرکراوە بێئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوبێت".
یەکێک لە براکانم مانگی رابردوو دەستگیرکراوە بێئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوبێت
ئەحمەد عەزیز تەمەنی نۆ ساڵە و منداڵی خێزانێکی ئاوارەی ناحیەی عەیازییەی سەر بە فەزای تەلەعفەرە لە خۆرئاوای نەینەوا و لە ئێستادا لە كەمپی ئاوارەكانی یەحیاوا دەژیت، كە دەکەوێتە سنوری ناحیەی لەیلان لە باشوری خۆرهەڵاتی کەركوك.
دوای بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆكەی، شەممە، 19ی ئەیلول، هەریەک لە کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەرماندەی فیرقەی 5ی پۆلیسی فیدراڵی، بەڕێوەبەری نوسینگەی کەرکوکی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی گەیشتنە کەمپی یەحیاوا.
عەزیز محەمەد، باوکی منداڵەکە، بۆ (کەرکوک ناو) رونکردەوە کە هۆکاری داوای بەهاناوەچونەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆرە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە هەڕەشەمان لێدەکرێت، وتیشی سکاڵایان لە بنکەی پۆلیسی لەیلان تۆمارکردووە.
"ئەو کەسە نەناسراوە هەڕەشەی کوشتن و دەستگیرکردنی لێ دەکردین، تا لە 21ی ئابی 2020 یەکێک لە کوڕەکانمی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرد"، عەزیز وایوت.
هەروەها منیرە شیدۆی، دایکی منداڵەکە بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە رۆژانە لەترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، بەهۆی ئەو هەڕەشانەی کەسێکی نەناسراو لێمان دەکات".
وتیشی ئەو کەسە هەڕەشەکانی جێبەجێدەکات، بەو پێیەی لەدوایین نامەیدا وتبوی خۆی کوڕەکەیانی دەستگیرکردووە، "هەڕەشەی ئەوەشی کرد عەزیزی هاوسەرم و هەموو منداڵەکانم دەستگیر دەکات"، زیاتر وتبوی "ئافرەتەکان بەتەنیا بۆ من دەمێننەوە".
هەڕەشەی كرد و وتی ئافرەتەکان بەتەنیا بۆ من دەمێننەوە
ئەو خێزانە ئاوارەی ناحیەی عەیازییەن و لە رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2014ەوە لەو کەمپەدا دەژین.
نزیکەی 350 خێزانی ئاوارە، کە ژمارەیان دەگاتە 1906 کەس، لە کەمپی یەحیاوا نیشتەجێن، هەمویان خەڵکی عەیازییە و تەلەعفەرن و بەهۆی روخان و سوتاندنی خانوەکانیان لەلایەن رێکخراوی داعشەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، سەعەد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکوک وتی "دوای ئەو بانگەوازەی ئەحمەد عەزیز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، نوسینگەی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی کاردانەوەی خێرای هەبوو و داوای لێکردین بگەینە کەمپەکە بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر وردەکارییەکانی ئەو کەیسە".
وتیشی "کەسێک هەیە بەناوێکی ساختەوە هەڕەشە لەم خێزانە دەکات، بەڵام خۆتان دەزانن کەمپەکە لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە پارێزراوە، ئەمرۆ بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان هێزێکی ئەمنی دیکەمان لەجێی ئەو هێزە دانا"، دوپاتیشیکردەوە هێزە ئەمنییەکان دەتوانن پارێزگاری لەهەموو کەسێک بکەن لەناوەوە یان دەرەوەی کەمپی یەحیاوا.
حەربیە جەختیشیکردەوە هیچ حاڵەتێکی دەستدرێژی سێکسی روی نەداوە و خێزانەکە تەنیا هەڕەشەیان پێگەیشتووە.
هاوکات، عەمار سەباح، بەڕێوەبەری نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە(کەرکوک ناو)ی وت دوای بینینی گرتە ڤیدیۆییەکە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوببوەوە، راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی کۆچەوە ئاراستە کراین بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە.
کەمپی یەحیاوا دەکەوێتە سنوری ناحیەی لەیلان لەباشوری خۆرهەڵاتی کەرکوک، دانیشتوانی کەمپەکە ئاوارەی ناحیەی عەیازییە و قەزای تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوان و بەهۆی هێرشەکانی داعش ناچاربون ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن.