یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان جەختیكدەكاتەوە لەوەی پرسی نەگەڕانەوەی پارتی دیموكرات بۆ كەركوك پەیوەندی بە توركیاوە هەیە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "یەك بست زەوی كورد لە شارەكە داگیرنەكراوە".
ئەو وتانە لە زاری محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیدا جەختیلێكرایەوە، ئەوەش دوابەدوای كۆبونەوەی 14 حزبی كوردی هات لە كەركوك بەبێ ئامادەبونی پارتی دیموكرات. ئامانج لە كۆبونەوەكە تاوتوێكردنی چەند پرسێك و كاركردن بووە بۆ یەكدەنگی حزبە كوردییەكان كە ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی ئەیلول بەڕێوەچوو.
محەمەد عوسمان، لە كۆنگرەكەدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو)ی ئامادەی بوو، وتی "کۆبونەوەکەمان جەختکردنەوە بووە لەکاری پێکەوەیی و یەکهەڵوێستیمان لەسەر پرسە گەرمەکان، لەوانەش پرسی خزمەتگوزاریی و چارەنوسی شارەکە، لەمەودوا مانگانە بەردەوامدەبین".
"بەشانازییەوە نەمانهێشتووە تاوەکو ئێستا یەک بست زەوی کورد لە كەركوك داگیربکرێت، کەی مەڵبەندی کەرکوک رمایە بان سەرمان ئەوکات عەرەب دەتوانێت تەعریبمان بکات و لێیان قبوڵناکەین، باخەڵکیش لەسەر ئەو پەلامارانە بێنە سەر جادە، ئەم یەک سڕینەوەیە تاکەی". محەمەد عوسمان وایوت.
کەی مەڵبەندی کەرکوک رمایە بان سەرمان ئەوکات عەرەب دەتوانێت تەعریبمان بکات و لێیان قبوڵناکەین
كۆبونەوەكە بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو، هەرچەندە بانگهێشتكرابوو.
محەمەد عوسمان وتی "ئێمە کێشەمان لەگەڵ پارتی نییە، پارتی خۆی نایەوێت بگەڕێتەوە کەرکوک، ئەوەش پەیوەندی بەعیلاقەی نێوان پارتی و تورکیاوە هەیە".
حزبە كوردییەكان لە كۆبونەوەكەدا جەختیانكردۆتەوە لەوەی لە خزمەتگوزاریدا لە گەڕەكەكانی كەركوك "جیاوازی دەكرێت"، محەمەد عوسمان وتی "داواكارین كورد لە حزمەتگوزارییەكاندا بێبەشنەكرێت".
"لە كۆبونەوەكەدا ئەوەمان باسكرد چۆن وەکو کورد دۆستایەتیی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان دروستبکەین".
لەبارەی كۆی كێشەكانی كەركوكەوە، محەمەد عوسمان وتی "ئێمە سەرقاڵی راپۆرتێكین كە ئاراستەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراقی دەكەین، خۆشبەختانە سەرۆکایەتی کۆماریش لیژنەیەکی پێکهێناوە، لە وەزیری داد، وەزیری هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان، نوێنەرای سەرۆكایەتی كۆمار و دادوەرێك. ئەم لیژنەیە دەستی بەکارەکانی کردووە و بەرەوپێشچونی باشی بەخۆوە بینیوە".
عەدنان كەركوكی، ئەندامی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی، لەیەكەم كاردانەوەیدا، سەبارەت بە وتەكانی لێپرسراوەكەی یەكێتی، جەختیكردەوە لەوەی كە ئەوان ئامادەنین بە "زەلیلی" بگەڕێنەوە كەركوك.
كەركوكی لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی رووداو - نزیك لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی-، وتی "لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئێمە بە هەموولایەكمان وتووە كەركوك داگیركراوە، دەسەڵاتی مەدەنی نەماوە و دەسەڵاتی سەربازی حوكم دەكات، كاتێك دەسەڵاتی سەربازی حوكم بكات ناتوانین بەئازادی كاربكەین و بەرگری لە كورد بكەین، بۆیە ناگەڕێینەوە".
وتیشی "ئێمە هەر لە سەرەتاوە داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكمان كردووە و ئەمە رێنمایی و ئاراستەی بیركردنەوەی سەركردایەتی پارتییە بۆ دۆخی كەركوك".